ئێمەی كورد زێتر لە نەتەوەكانی دەوروبەری ڕۆژئاوای كەرتەی ئاسیا (رۆژئاواییەكان بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نێوی دەبەن) دەزانین شەڕ كاولكاری، لێكترازانی خێزان، جەرگسووتان، نەخۆشی دەروونی، هەمووجۆرە توندو تیژی و... بەرهەم دەهێنێت.
ماوەی سەدەیەكە بۆ لەنێوبردنمان و پووچكردنەوەمان لە جەنگێكەوە ڕووبەڕووی جەنگێكی دیكەیان كردووین. كورد هەرگیز لەگەڵ هیچ جۆرە شەڕێكدا نەبووە و نییە، پەلاماری هیچ لایەن و خاكێكی نەداوە، بەڵكوو هەردەم لەپێناو مانەوەی لەسەر خاكی خۆی ئازایانە بەرگریكردووە، هەر كاتێكیش لە كوورەی ئاگر نێزیكبۆتەوە، هەروەك ئەم چەند ڕۆژانەی ئێستا زۆر هۆشیارانە، دووربینانە و... مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكەدا كردووە و دەكات.
لە باشووری كوردستاندا 50 كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاسمانی و 200 كەناڵی تەلەڤزیۆنی خۆجێیمان هەن، بەپێی زانیاری من بەڕێوەبەری هیچ كام لەم كەناڵانە ئافرەت نین.
پێگەی ژن لە زۆربەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی بینراوی كوردیدا لە بواری جوانكاری، دایكایەتی، خۆراك و دەیان بەرنامەی كات بەسەربردندا پشكی شێری بەركەوتووە، بەڵام هێندێك كەناڵی كوردیش هەن، ڕێگەیان بۆ ژن خۆشكردووە، وەك بێژەرێك وپێشكێشكارێكی لێهاتوو، ئامادەكار، ڕێكخەر و سازدەری بەرنامەی ڕۆشنبیری، هونەری، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، یاسایی و تا ڕادەیەكیش سیاسی... هەبێت.
ڕاستە زۆربەی هەرەزۆری پەیامنێرانی نێو بەرەی شەڕدا پیاون، بەڵام هێندێك ئافرەتی ئازامان هەن، لەنێو ئاتوونی جەنگدا هەواڵیان بۆ بینەر گواستۆتەوە، بۆ وێنە دڵنیا ڕەحمان - پەیامنێری كەناڵی ڕووداو زۆر بوێرانە، ڕاستەوخۆ ڕووماڵی بویەرەكانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینای دەكرد، هەروا ژنی قوربانی نێو بەرەی شەریشمان هەن، وەك جوانەمەرگ شیفا گەردی پەیامنێری ڕووداو لە كاتی هێڕشە دڕندانەكەی داعشدا. ئەم دوو ئافرەتە ئازایە توانای ژنی كوردیان لەم بوارەشدا سەلماند.
ئەوەی تێبینی دەكرێت، زۆربەی هەرە زۆری شرۆڤەكارانی كەناڵەكانی بینراوی كوردی لەمەڕ شەڕی كوشندەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، پیاون! لێرەدا ڕووبەڕووی پرسیارێك دەبین، ئایا شرۆڤەكاری ژنمان نین، تا بانگهێشت بكرێن؟ ئایا لێزان و پسپۆرمان تێدا هەڵنەكەوتوون؟ ئایا ژن هەتا پسپۆری لەم بوارەشدا هەبێت، ماوەی ئەوەی نییە، وەك پیاو بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكان بكات؟ ئایا ژنی ئێمەی كورد كەم دووە و هەر لە منداڵییەوە تێیانگەیاندووە، هەردەم بێدەنگی بنوێنێت وبەهیچ جۆرێك خۆی لە سیاسەت هەڵنەقورتێنێت، چونكە سیاسەت هەر شایەنی پیاوە! بڕیاری دواچارەنووسی هەر كار و كردەوەیەك هەر مافی پیاوە!
مێژوو ئەوەی سەلماندووە دەستپێشخەر و بڕیاردەری هەر جەنگێك پیاوە، ژنیش قوربانی یەكەمە. هەر ئەو پیاوەی، كە شەڕێكی كوشندە بەرپادەكات، دوای چەند ڕۆژێك هاواری لێ هەڵدەستێت، بەوەی نەیارەكەی ژن دەكوژێت. ئەی بەر لەوەی بڕیاری هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ بدات، بۆ بیری لە ژن نەدەكردەوە، ئەو باش دەزانێت، لە كاتی جەنگدا تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێن.
بۆ ئەوەی خڕكەی زەوی لە جەنگ و... بپارێزرێت، وا پێویستە ژنی پسپۆر، ڕووناكبیر، لێهاتوو، باوەڕبەخۆ و بە ئەزموون هەڵسووڕێنەری دەزگەكانی ڕاگەیاندن، وەزارەتی پەروەردە، ڕۆشنبیری و بەرگری بن.
هەولێر 20/6/2025