چەند ساڵێک لەمەوپێش، لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان، کاتێ ململانێی شیعە و سوننە لەوپەڕیدا بوو و خوێنی یەکتریان فڕ دەکرد، بۆ گەلێک کەس ناو بووبوو بە بەڵا و کێشە و مەترسی بە ڕادەی کوشتن دەگەیشت، گەر کەسێک ناوی عومەر، عوسمان و ئەو ناوانە بوایە كە شیعە حەزی پێ ناکات، بکەوتایەتە دەست گرووپە توندڕەوەکانی شیعە، یان کوژرابوو یان بە پارەیەکی قەبە ئەوسا ڕزگاری دەبوو، بەپێچەوانەشەوە گەر کەسێک بکەوتایەتە نێو بازنەی سوننەکانەوە ناوی عەلی، عەباس و حوسەین بوایە و بەشیعەیان بزانیبا، دەکوژرا یان بەپارەیەکی زۆر ڕزگاری دەبوو، ناچار خەڵکەکە بۆ ئەوەی کێشە و مەترسیی ئەم ناوانە لەخۆ دوور بکەنەوە، ناسنامەیان هەڵنەدەگرت و لەنێو ئەو گرووپانەدا ناوێکیان لەخۆ دەنا کە لە هەردوولا بیخوات.
زۆر جار وا ڕێک كەوتووە، دوو کەس ناوی سیانیان یەک بووە و یەکیان کێشەیەکی دادگەیی یان هەر بابەتێکی دیکەی لەسەر بووە، هانا بۆ ناوی دایک برایە و کێشەکە چارەسەر بووە.
هەر لەسەر کێشەی (ناو)ەوە، باوکم بۆی گێڕامەوە كە لە سەردەمی حوکمڕانی عەبدولکەریم قاسم و سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول، لە بازگەی هەولێر - مووسڵ سەربازی بازگەکە ناسنامە لە سەرنشینەکانی ئۆتۆمۆبێلێک داوا دەکات، کەسێک بە ناوی مەلا مستەفای تێدا دەبێت، سەربازەکە پێی دەڵێت تۆ مەلا مستەفای؟ ئەویش چونکە ناوێتی دەڵێت بەڵێ، دایدەبەزێنێت و دەیکاتە هەڵڵا و یەکسەر بۆ دایرەی ئەمنی هەولێر ڕاپێچی دەکەن، لەوێش تا دەگاتە لای مودیر لێی دەدەن، لەو کەین و بەینەدا مەلا تێ دەگات مەسەلە چییە!؟ کە دەگاتە لای مودیری ئەمن، لێی دەپرسێت ناوت چییە؟ دەڵێت مەلا مستەفا، بەڵام ئەو مەلا مستەفایەی بەدوایدا دەگەڕێن وا لە چیایە، مودیری ئەمن زانی کێشەکە هی ناوەکەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی گوت گەر دەتەوێ ڕزگارت بێت، جنێو بە مستەفا بارزانی بدە، مەلا لەم شوێنە سەختە دادەمێنێ و پاشان سەرهەڵدەبڕێ و دیبلۆماسییانە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “ئەو کەسە سەگ و سەگبابە کە هێنایەوە، ئەو کەسە بێ عەقڵ و نەزانە کە هێنایەوە، ئەو کەسە وا و وا لێ کراوە کە هێنایەوە، ئەو کەسە گێل و نەفامە کە هێنایەوە، ئەو لە ڕووسیا پەناهەندە بوو، ئەگەر زەعیم لەگەڵ بارزانی ڕێ نەدەکەوت، بۆ دەیهێنایەوە؟”. مودیرەکەش پێی دەڵێت تۆ پیاوێکی عاقڵی، داوای چایەکی بۆ دەکات، ئەو مشتومڕەشیان بە عارەبی بوو، پاشان ئیزنی دا، ئەمەشیان یەک لە هەزاران کێشەی ناو.