قوتابییەکی زانکۆ و گەنجێک کە یەكیان خەڵکی سلێمانی و ئەوی دی خەڵكی ڕانیە بوو، لەسەر دروشمی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن پۆلیسی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە لە هەولێر دەستگیر کران.
بەپێی نووسراوێکی ”نهێنی“ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، کە بۆ دیوانی پارێزگەی هەولێر نێردراوە، شەوی پازدە لەسەر شازدەی ئاداری ١٩٨٢ هێزەکانی پۆلیس دوو کەسیان لە هەولێر دەستگیر کردووە و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی هەولێریان کردوون.
دوو کەسە دەستگیرکراوەکە یەکیان سیروان محەمەد ساڵح (تەمەن ٢٠ ساڵ)، کە قوتابیی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین/ هەولێر بووە و خەڵکی سلێمانی بووە. دووەمیان سەلام مستەفا عوسمان (تەمەن ١٧ ساڵ) خەڵکی سنووری قەزای ڕانیە بووە.
لە نووسراوەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بەتۆمەتی دەستگیرکردنی سەلام مستەفا عوسمان نەکراوە، بەڵام تۆمەتی دەستگیرکردنی سیروان محەمەد ساڵح بریتی بووە لە نووسینی دروشم دژی ڕژێمی بەعس و سەرکردایەتییەکەی.
وێنەیەکی دروشمەکان بەزمانی کوردی بە وەرگێڕدراوی بۆ عەرەبی، لەگەڵ نووسراوەکە هاوپێچ کراوە و بریتین لە:
• یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کورد تاکە زامنی سەرکەوتنمانە.
• با نەورۆز بکەینە ڕۆژی یەکگرتن و یەکێتیی کورد.
• بەتوندی دژی تەتەوعپێکردنی جەماوەرین لەلایەن بەعسی دڕندەوە.
• با چیی تر خوێن نەڕژێ لە پێناوی قادسیەی جەلاد.