لە گۆشەیەکی ماڵەکەیدا لە هەولێر، دوور لە ژاوەژاوی بازاڕ و ژیانی مۆدێرن، پیاوێک دانیشتووە، گەنجینەیەکی بێ وێنە دەپارێزێت.
کۆمەڵێک ئەلبومی کۆنی پڕ لە پارچە کاغەزی بچووکی ڕەنگاوڕەنگی كۆ كردووەتەوە کە «پوولی پۆستە”ی پێ دەڵێن.
بۆ ئەو، ئەم پوولانە هەر کاغەزێک نین، بەڵکو پەنجەرەیەکن بە ڕووی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی هەرێمی کوردستان.
یونس محەمەد (تەمەن 57 ساڵ)، فۆتۆگرافەرێكی ڕۆژنامەوانیی نێودەوڵەتییە، بەڵام سەرەتای چیڕۆكەكەی لە خولیای كۆكردنەوەی پوولدا، بۆ ساڵانی منداڵی دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە بەهۆی ئاوارەیییەوە لە شاری بیرژەندی ئێران بوون، بەشێک لە خێزانەکەشی لە شارەکانی دیکەی ئێران، باوکی بۆ نامە گۆڕینەوە پوولی هێناوەتەوە ماڵەوە و لە زەرفی نامەکانی داوە، یونس لە بارەی پوولەوە پرسیار لە باوکی دەکات، بە بیرهاتنەوەیەکی پڕ لە سۆزەوە دەڵێت “باوکم هەمیشە پێی دەگوتم، کوڕم، وڵات ئەو کاتە وڵاتە کە پوول و ئاڵای هەبێت. ئەو قسەیە وەک نەخشێک لە مێشکمدا مایەوە”. هەر لەو کاتەوە، کۆکردنەوەی پوول بووە بەشێک لە ژیانی و هەر پوولێک چیڕۆکێکی نوێی بۆ دەگێڕایەوە.
ئەو پیاوە ئاماژە بەوە دەکات سەردەمێك ژمارەیەکی زۆر لە پوول، کتێب و ڕۆژنامەی ئێرانی کۆ کردبووەوە، بەڵام جارێک لە تەمەنێکی مێرمنداڵی و جارێکی دیکەش بۆ بەردەوامیی خوێندنی زانکۆی بەهۆی باری خراپی دارایییەوە سەرجەم کۆکراوەکانی فرۆشتووە.
دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1998، ڕۆژێک لە شوێنی کارەکەی نامەیەک بەدەست شەهید سەعد عەبدوڵڵا وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێریی پێشووترەوە دەبینێ کە پوولێک بە زەرفی نامەکە وەیە و باڵەخانەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشێنراوە، ئەمە یەکەمین جار بووە کە زانیویەتی کوردستان پوولی تایبەت بەخۆی هەیە.
بەم هۆیەوە سەرلەنوێ بەشێوەیەکی سیستەماتیک و زانستییانە دەستی بەکارەکەی کردەوە. لەو ساڵەوە تا ساڵی 2014، تەنیا کۆکەرەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بووبووە ئەرشیفکارێکی وردی مێژووی نیشتمانەکەی.
ئەو بەدوای پوولە دەگمەنەکاندا دەگەڕا، لە بازاڕە کۆنەکاندا، لە ڕێگەی ناسیاوەکانەوە و تەنانەت لەگەڵ کۆکەرەوەکانی تری جیهان ئاڵوگۆڕی دەکرد. کۆلێکشنەکەی ئەو بووە شایەتحاڵێکی بێدەنگی گۆڕانکارییە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان.
نایشارێتەوە کە پارەیەکی زۆری لە کڕینی ئەم پوولانە خەرج کرد، چونکە ئەگەر خەڵکی بە دانە پوولیان کۆ کردبێتەوە، ئەوا یونس سەرجەم پوولەکانی بە شیتی تەواوەوە پاراستووە، باس لەوە دەکات بەشێکی زۆر لە شیتەکان لە هیچ شوێنێک نەماون و تەنیا ئەو پاراستوونی.
لە ساڵی 2003 شیتێک لە پوولی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەسێک بە دوو هەزار دۆلار دەکڕێت، وەک خۆی دەڵێت “بۆ ئەو کاتە پارەیەکی خەیاڵی بوو”.
قۆناغی پێش 1991
هەرێمی کوردستان بەشێک بوو لە دەوڵەتی عێراق و تەنیا پوولی فەرمیی حکوومەتی ناوەندی بەکار دەهات. هیچ پوولێکی تایبەت بە کوردستان نەبوو.
قۆناغی 1991 - 2003 (پوولی نافەرمی):
دوای ڕاپەڕین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی کارگێڕی، پوولی تایبەت بەخۆی دەرکرد. یەکەمین پوول وێنەی باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر بووە و بە دوو ڕەنگی جیاواز و بە کاغەز و ستیکەر لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا چاپ کراون، دواتر بەپێی پێویستی ساڵانە پوول چاپ کراوە، ئەم پوولانە سیمبولی نەتەوەییی کوردیان وەک (ئاڵا، پێشمەرگە و کەسایەتییەکان) لەسەر بوو، بەڵام تەنیا لە ناوەخۆی هەرێمدا کاریان پێ دەکرا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دان پێ دانراو نەبوون.
قۆناغی دوای 2003:
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، سیستەمی پۆستەی هەرێم گەڕایەوە سەر سیستەمی فیدراڵیی عێراق. لەو کاتەوە تا ئێستە، تەنیا پوولی فەرمیی عێراق لە هەرێم بەکار دەهێنرێت کە سیمبولی نەتەوەیی، مێژوویی، کولتووری و شارستانیی هەرێمی کوردستانیان لەسەر نەخشێنراوە و لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە دان پێ دانراوە.
لە بارەی ژمارەی پوولەکانەوە یونس محەمەد بەدیاریکراوی نازانێت ژمارەیان چەندە، بەڵام زیاتر لە 25 ئەلبوومی لە شیتی پوولی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵگرتووە. بۆ پاراستنی کۆلێکشنەکەی لە ئەگەری تێکچوون یان سووتان، ئەلبوومی تایبەتی بۆ دروست کردووە و لە شوێنێکی پارێزراو هەڵی گرتوون.
بەهای ئەم ئەرشیفە مێژوویییە تەنیا لای یونس و چەند شارەزایەکی ناوەخۆیی ڕوون نەبوو. ئەو پیاوە دەگێڕێتەوە، ڕۆژێک، کەسێکی بیانی کە پسپۆڕ بوو لە بواری پوولدا، سەردانی دەکات و کاتێک چاوی بەم گەنجینەیە دەکەوێت، سەرسام دەبێت. ئەو بڕیار دەدات بە هەر نرخێک بێت دەستی بکەوێت و زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر تەواوی کۆلێکشنەکە دەدات.
یونس دەڵێت، بۆ هەر کەسێکی تر، ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بوو کە ژیانی بگۆڕێت، بەڵام بۆ ئەو، وەک ئەوە بوو داوای لێ بکرێت پارچەیەک لە ڕۆحی خۆی بفرۆشێت. ئەو بێ هیچ دوودڵییەک پێشنیازەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ “چۆن دەتوانم ناسنامەی گەلەکەم بفرۆشم؟ باوکم فێری کردم کە پوول و ئاڵا ناسنامەی وڵاتن. ئەم پارچە کاغەزانە یادەوەریی خوێن و فرمێسک و قوربانیدانی ئەم خاکەن، نرخیان بە پارە ناپێورێت”.
ئێستە کە یونس محەمەد تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچێت، گەورەترین خەون و ئاواتی، مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەم یادەوەریەیە. ئەو هیواخوازە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان لایەنێکی کولتووری، هەنگاوێکی جدی بنێت بۆ دامەزراندنی «مۆزەخانەیەکی نێودەوڵەتیی کولتووری» کە بەشێکی تایبەت بێت بە پوولی پۆستەی کوردستان.
پیاوەكە ئەلبوومەکانی دادەخاتەوە، کە وەک ڕۆحی خۆی دەیانپارێزێت و دەڵێت «ئەمانە دەبێت لە شوێنێک بن بەڕاستی نرخیان بزانرێت و بپارێزرێن».
پوولی پۆستە پارچە کاغەزێکی بچووکە کە وەک بەڵگەی پێشوەختە دانانی کرێی پۆستە بە نامە یان پاکەتەوە دەلکێنرێت. ئەم داهێنانە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1840 لە بەریتانیا بەکار هات، کاتێک یەکەم پوول بەناوی «پێنی ڕەش» (Penny Black) دەرچوو کە وێنەی شاژن ڤیکتۆریای لەسەر بوو. ئامانجی سەرەکیی سادەکردنەوە و هەرزانکردنی سیستەمی پۆستە بوو، چونکە پێشتر زۆربەی کات وەرگری نامەکە دەبوو پارەی گەیاندنەکەی بدایە، بەڵام پوول وای کرد نێرەر پارەکە پێشوەختە بدات.