گەورە خانی ناوەندی بازرگانیی كۆیە بووە
گەورە خانی ناوەندی بازرگانیی كۆیە بووە
July 17, 2025

خانێكی تەمەن 165 ساڵ، هێشتا دیوارەكانی پتەوە، باوەڕ ناكەی دەرگە دارەكەی بەر لە سەدەیەك نوێ كراوەتەوە، كەچی توند خۆی بەدیوارەكەوە هەڵواسیوە و بەجێگیری ماوەتەوە.
ئەمە خانی گەورەیە، وەختی خۆی چەقی ناوەندێكی بازرگانی بووە لە كۆیە، كە خانی مەحموود ئاغای غەفووریی پێ گوتراوە، لە هەندێک شوێنیش بە کاروان سەرا دەناسرا.
خانی گەورە بەڵگەیەكی ڕوونە كە شاری کۆیە لە سەردەمێكدا مەڵبەندێکی گەورەی بازرگانی بووە لە نێوان کوردستان و عێراق، ئێران و سووریا. هەرچەندە ئێستە خانەكە لە لێواری داڕمان دایە و پێویستی بەنۆژەنكردنەوەیە، بەڵام هێشتا گەشتیاران سەردانی دەكەن.
هێمن نەعمانی شوێنەوارناس، شوێنەواری خانی كۆیە بەیەكێك لە ئادگارە كەلەپوورییە سەرەكییەكانی كۆیە دەژمێرێت و دەڵێ لە لیستی تەلارە كەلەپوورییەكانی كۆیەدا ژمارە 10ی پێ دراوە.
تەلارەكە دەكەوێتە گەڕەكی بایزاغا، لە سەردەمی خۆی كەوتبووە ناوچەقی شار و نزیك قەیسەری و مزگەوتی مەلای گەورە.
بەگوتەی ئەو، كە لە بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری کۆیەش كارمەندە، خانەكە لە دوو نهۆم پێك دێت، زیاتر لە 60 ژووری تێدایە، ڕووبەرەكەی یەك هەزار و 356 مەترە، ساڵی 1860ی زاینی دروست کراوە.
خانی گەورە لەلایەن مەحموود ئاغای غەفوورییەوە بۆ مەبەستی بازرگانی دروست كراوە، بەهۆی ئەوەی كۆیە كەوتبووە سەر هێڵی گواستنەوەی بازرگانیی گشتی لە نێوان كەركووك، هەولێر، سلێمانی، مووسڵ و بەغدا. لەو ناوەدا هیچ ئاوەدانییەك لە شێوەی شار نەبووە، قەڵادزێ و ڕانیە هەبوون، بەڵام گوندی بچووك بوون، بۆیە ئەو خانە گرینگییەكی گەورەی هەبووە.
ئەو كات كۆیە ئاوەدانییەكی گەورە و ناوەندێكی بازرگانی بووە بۆ ساغكردنەوەی شتومەك و كاڵاكانی ناوچەكانی پشدەر و خۆشناوەتیش، لەوێشەوە شتومەكەكان بە ئاراستەی هەولێر و كەركووك گوازراونەتەوە، زۆربەشی لە ڕێگەی زێی بچووكەوە بە كەلەك گوازراونەتەوە، لە ڕێگەی وشكانیشەوە بە وڵاخ شتومەكیان گواستووەتەوە، بە ئاراستەی پێچەوانەشەوە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بە باری وشتر كەلوپەل هێنراوە بۆ كۆیە.
شوێنەوارناسەكەی كۆیە پێی وایە لە خانەكەدا گرینگی بەنەخش و نووسین نەدراوە، تەنیا لەسەر دەرگەی سەرەكی چەند دێرە شیعرێك هەیە، ئەویش وەك پێداهەڵگوتنە بەخاوەنەكەی كە دروستی كردووە، لە ناوەوەش نەخش و نیگاری كەم هەیە، كە زۆر سادەن، تەنیا لەسەر دەرگە و پەنجەرەكان دەردەكەون، پێكهاتەی بینایەكەش بەرد و گەچە لەگەڵ خۆڵ، بۆ بنمیچیش گۆزەی بەتاڵ دانراوە پاشان خۆڵیان تێ كردووە، كە لە شێوەی گومبەتە، دانانی ئەو گۆزە بەتاڵانە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لە ڕووی ئەندازیارییەوە، كێشی سەر بنمیچەكانی كەم كردووەتەوە، گۆزەكان قەبارەیان مامناوەندە و ئەو تەكنیكە لە كۆیە زۆر باو بووە و لە شارەكانی دیكە نابیندرێ. هەروەها ناشهێڵێ سەرما و گەرما ڕاستەوخۆ بێتە ناوەوە، لە ڕووی ئابووریشەوە یارمەتیدەر بووە و كەمتر خۆڵی ویستووە.
هەروەها باس لە وێكچوونی خانەكە دەكات بە تەلارەكانی مووسڵ و حەلەب، بەتایبەتی لە بەكارهێنانی تەكنیكی كەوانەییی تەواوی نووك تیژ بۆ بنمیچی بەر هەیوانەكان و تەكنیكی گومەتی بازنەیی یان شێوە لانكەییی نیوە لوولەیی بۆ بنمیچەكان.
ئەگەر بەراورد بە ئێستە بكرێت، خان لە جێی عەلوە بووە یان بازاڕێكی كۆفرۆشی بووە، بازرگانەكان شتەكانیان هێناوەتە ئەو خانە، لەوێوە دابەشی سەر دوكانەكان كراوە، خانەكە چەندین ژوور و میوانخانەی تێدا بووە، ئەو بازرگانانەی دەمانەوە لە نهۆمی سەرەوە شوێنیان بۆ دابین كرابوو، لە نهۆمی خوارەوەش هەندێك ژوور وەك كۆگە بەكار دەهاتن، هەندێك لە ژوورەكانیش دەكران بەتەوێڵەی ئاژەڵ.
هێمن نەعمان دەڵێت گرینگیی مێژووییی ئەو خانەی كۆیە لەوەدایە كە هیچ خانێكی تری لەم شێوەیە لە شارەكانی كوردستان نەماون، زۆربەیان لەناوچوون یان بەشێوەیەك نۆژەن كراونەتەوە كە تایبەتمەندییان لەدەست داوە، بەوانەی شاری كەركووكیشەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved