”قەرەباڵغییەکە گەیشتە ئەوەی دەرگەی هۆڵەکە بشکێ “
سێ جار بەدیداری ئایشەشان وەسمان ژنە هونەرمەندی باكوری کوردستان شاد بووم، یەكەم جار زستانی 1978 بوو كاتێك هاتە هەولێر و وەك پەیامنێری ڕادیۆی کوردیی بەغدا كارم دەكرد.
ئاگەدار كرامەوە كە ئایشەشان لە ڕێگەی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە گەیشتووەتە ئەودیو و لە ماڵی هونەرمەند عیسا بەرواری لە شاری مووسڵ میوانی ڕادیۆی کوردیی بەغدایە و لەسەر داوای ئەمینداریەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان دێتە هەولێر و لەوێ ئاهەنگێکی جەماوەریی بۆ ڕێک دەخەن.
لەگەڵ گەیشتنی بۆ هەولێر، میوزیکژەنی بوزق غایب ئاکرەییی لەگەڵدا بوو، بۆ ئێوارە بڕیار درا لە یانەی فەرمانبەرانی جاران ئاهەنگێکی تایبەت لەگەڵ هونەرمەندان تایەر تۆفیق، ڕەسووڵ گەردی و حەیدەر عەبدولڕەحمان بەقاڵ (حەیدەرە کەچەڵ) ساز بکات.
هاوڕێی ئەرشیفساز جیهانبەخش کۆیی خاوەنی تۆمارگەی خەیامم ئاگەدار کردەوە، ئامادە بێت بۆ تۆمارکردنی ئەم ئاهەنگە تایبەتە، بەندەش پێشکێشکاری ئاهەنگەكە بووم، بۆ ڕۆژی دوایی بڕیار درا لە هۆڵی (گەل) هەر لە هەولێر ئاهەنگێکی جەماوەریی بۆ ساز بکرێ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، خەڵکێكی زۆر لە نیوەڕۆوە ڕوویان لە هۆڵەكە کرد، بوو بەقەرەباڵغییەکی ئەوتۆ گەیشتە ئەوەی دەرگەی هۆڵەکە شکا و جامی پەنجەرەکان شکا، خەڵک بە لێشاو ڕوویان تێ كرد.
دەزگەی ئەمنی ترسی ئەوەی هاتێ ببێتە خۆپیشاندان، ئاهەنگەكە كاتژمێرێك دواخرا، هێزی زۆرتریان هێنا، دواتر لەگەڵ بانگڕاهێشتنم بۆ ئایشەشان بۆ سەر شانۆ، کە وەک پێشکەشکاری ئاهەنگ لەوێ ئامادە بووم، جەماوەری ناو هۆڵەکە چارەگە سەعاتێک بە چەپڵەڕێزان بۆ قامەتی ئایشەشان وەستان و گۆرانییەکانی ئەویان دەگۆتەوە.
جاری دووەم بۆ بەیانییەکەی لە ماڵی هونەرمەند تەحسین تەها، ئایشەشانم بینییەوە، ئەمجارە بەمەبەستی دیدارێکی ڕۆژنامەنووسی بوو کە لە ژمارە (٢٢)ی ڕۆژی (١٩٧٨/١٢/٢٢) لە ڕۆژنامەی (عێراق)ی کوردی بڵاوم كردەوە، هەر زوو گۆتی “ئەز چ رۆژا بیرا من نەهات کو کچک و لاو و خورتێت هەڤلێرێ ئەز ناس بکەن و سترانا یا ئەزی ناس بکەن. ئەز گەلەک مەمنونێ میللەتێ خۆ خەلکێ هەڤلێرێمە”.
لە میانی دیدارەکەدا، هەستم کرد ئایشەشان زۆر لە ژیان هیلاک بووە، زۆریش بەو هاتنەی دڵخۆش بووە، ناوە ناوەش دەیگۆت “هەمی هێڤیا من ئەڤە بوون ئەز و عیسا بەرواری و محەمەد عارفێ جزیری داوەت پێکڤە چێ کەین، خودێ بۆ من کری”.
جاری سێیەمیش ساڵی 1993 بوو، بەر لەوەی گەشتی توركیا بكەم سەردانی ڕەوانشاد ڕەسووڵ گەردیم كرد، گۆتم “بەنیازم بچمە تورکیا و لەوێش دەچمە ئیزمیر و سەردانی ئایشەشان دەكەم، ئەوجا ئەو ڕەسمانەم دەوێ کە خۆت و مام حەیدەر و ئەو پێکەوە گۆرانی دەڵێن”، گۆتی “وەی بەسەرچاو، زۆر زۆر سەلامی منیشی پێ ڕاگەینە و برێ ڕەسووڵ ئەحواڵت دەپرسی”.
گەیشتمە ئیزمیر، چوومە لای نەبی سونگوڵی کە لە کوردستان بەهۆی هاوڕێیەکمەوە ناسیبووم، كە لە نووسینگە بازرگانییەکەی خۆی دانیشتبوو، بەدوای كەسێكیدا نارد تا داواكەی من بەئایشەشان بگەیەنێ، ئەویش گوتی “سەرچاڤا، بەلێ حالی وی باش نینە”.
بۆ بەیانییەکەی لە ئوتێل هاتنە دوام و بەڕێ کەوتین تا گەیشتینە لای باخچەکی گەورە لە ناوەڕاستی شار، گەڕەکێکی هەژارنشین، تابلۆیەکم خوێندەوە نووسرابوو گەڕەکی (کەهرەمانلار)، بەسەر ئەپارتمانێک کەوتین، زەنگی دەرگەکەمان لێ دا، پاش تاوێک کرایەوە، ئایشەشان بە پرچە درێژەکەی جارانی و چاویلكەیەكەوە دەرکەوت، ئەمنی ناسییەوە و لە باوەشێی گرتم، گوتی “قوربانێ تە مە”.
لە هۆڵێكی گچکە دانیشتین و وێنەکەم دەرهێنا، کە دیتی دوو جار ماچی کرد و لەسەر سەری خۆی دانا، سەربردەی ژیانی خۆی بۆ گێڕامەوە دوای ئەوەی لە 1978 لەلای ئێمەوە گەڕاوەتەوە و عیسا بەرواری و سەگڤان عەبدولحەکیم هەتا سنووری ئیبراهیم خەلیلیان هێناوە، هەستم کرد تەندروستیی باش نییە، بەڵام هێشتا بەهێزە، باسی ئەوەی بۆ کردم کە چووەتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا، زۆر ڕێزیان لێ ناوە و هەندێک لە گۆرانییەکانیان لە تەلەڤزیۆن تۆمار کردووە، بەڵام وەک خۆی گۆتی بە دڵی نەبووە، چونکە تیپێکی میوزیکی تەواوی لەگەڵدا نەبووە، تەنها غائیب ئاکرەیی بە بوزقـەکەیەوە لەگەڵیدا بووە.. داوام لێ کرد جارێکی تر سەردانی باشوور بکاتەوە، كە ئەو كات ئازاد بوو، گۆتی “جارێ ناتوانم، تەندروستیم باش نییە، بەڵام قەرار بێت کە باش بووم، بێمە کوردستانێ و لە هەمی شارا کۆنسێرت چێ کەم”. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا، لە ١/١٢/١٩٩٦ لە ئیزمیر کۆچی دواییی کرد، لە گۆڕستانی بێکەسان نێژرا.
بەم دوایییەش هەوڵی گواستنەوەی گۆڕەکەی بۆ ئامەدی زێدی خۆی سەری گرت، بەتایبەت دوای ئەوەی شەقامێک لەو شارە ناو نرا شەقامی ئایشەشان.
تا ئەمڕۆش لە مێژووی دەنگ و میوزیکی کوردیدا، ئایشەشان یەکێکە لەو دەنگە هاوچەرخانە و ئەفسانەیییانەی پێناسێكی تایبەتی هەیە، سەرباری ئەوەی لە منداڵییەوە بەهۆی پەروەردەبوونی لە خێزانێکی ئاینی، ڕێگەی گۆرانی گوتنی لێ گیرا، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی دەنگی باوکی لەسەر بووە، چونکە باوکی یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکانی ئەوێ ڕۆژێی ئامەد.