نەقڵیاتی شار لە گەڕەکەکەی من بوو
خەڵک لێیەوە دەچوونەوە ئەوسەری دنیا
خەڵک لێیەوە دەچوونە شاری یۆتۆپیا
دەچوونە حەج، دەچوونەوە ماڵی خودا
خەڵک کە دەهاتنە شارەکەی من،
بە دڵەوە دەهاتن و بێ دڵ دەڕۆیشتنەوە
دڵیان لێ بەجێ دەما
هەر کێ ڕێی وێڵ دەبوو
لە نەقڵیاتی تەیراوەکەی من بە ماڵی خۆی دەکەوتەوە
خەڵک هەر لە نەقڵیاتی گەڕەکەکەی من
نیازی هەبوایە بۆ سەر مانگ بەڕێ دەکەوت
دەریامان نەبوو، بەس هەر لە نەقڵیاتەکەی گەڕەکەکەی من
خەڵک ڕۆیشتووە و گەیشتووە بەقووڵاییی دەریاش
کۆستەر هەبوو دەیبردیه بێترمە
بە کڕاونی تەکسی دەچوویەوە هەرمۆتە
هەر لە نەقڵیاتەکەی تەیراوە
ڕۆژێ چەندین کاروان دەگەیشتنە نەبی یونس
هەستم وا بوو هەموو دنیا
لەو نەقڵیاتەوە
لەمسەر بۆ ئەوسەری ژیان تەی دەکەن