پڕۆژەی ڕووناكی، بازاڕی بەفر دەتوێنێتەوە
پڕۆژەی ڕووناكی، بازاڕی بەفر دەتوێنێتەوە
August 05, 2025

پڕۆژەی ڕووناكی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕانی گەورەی بەسەر ژیانی شاردا هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ١٩٩٠ەوە كارەبای بەردەوام لە كوردستان نەمابوو، بۆ یەكەم جار دوای ٣٥ ساڵ شار بەتەزووی كارەبای بێ پچڕانەوە ڕووناك بووەوە، سەرباری نەهێشتنی موەلیدەكانی گەڕەك، كاریگەری كردە سەر پیشە و كاری دیكەش، لەوانەش بازاڕی بەفرفرۆشی تواندەوە.
پێشتر بەهۆی نەبوونی كارەباوە، چەند کار و کاسبییەك پەیدا بوون و گەشەیان كرد، لەوانەش كاری دروستکردنی بەفر، كە ئێستە بەهۆی هەبوونی كارەبای بەردەوامەوە، چیی دی خەڵك پێویستیان بە كڕینی نەماوە.
ئیبراهیم محەمەد ماوەی ١٦ ساڵە لە کارگەی دروستکردنی بەفر کار دەکات، بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فرۆشی بەفر، بەجۆرێك كە دەتوانێت بڵێت نیوەی فرۆشیان دابەزیوە.
جاران بەهاوینان خەڵك پشتیان بەكارەبای موەلیدە دەبەستا، كە ئەمپێری كەم بوو، بۆیە ناچار بوون لە کارگەکان بەفر بکڕن و خەرجییەكی سەرباریان دەكەوتە سەر شان، بەڵام ئێستە بەردەوام کارەبا هەیە و خەڵک بەردەوام لە ماڵەکانیاندا بەفریان هەیە.
بەگوتەی ئیبراهیم محەمەد، ئێستە کڕیارەكانی بەفر، خاوەن پیشەکانی وەک گۆشتفرۆش، ماسیفرۆش و جووتیارەکانن.
لە بارەی وەرزی فرۆشتنی بەفریشەوە گوتی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەوەرزی هاوین دەبەستن، جاران لە مانگی شەشەوە تا مانگی نۆ كاریان باش بوو، لە وەرزی زستانیشدا كەمتر فرۆشیان هەبوو.
سەبارەت بە نرخەکانیش، باسی لەوە کرد کە نرخی یەک قاڵب بەفر یەك هەزار و ٢٥٠ دینارە، بەڵام ئەو نرخە بەپێی فرۆشتنی تاک و کۆ دەگۆڕێت.
ئەگەرچی خواستی خەڵك بۆ کڕینی بەفر بەشێوەیەکی بەرچاو كەم بووەتەوە، بەڵام پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بووەتە هۆی نەمانی خەرجییەکی گەورەی کارگەكانی بەفر کە بریتی بوو لە كڕینی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی موەلیدەكانیان.
ئەسعەد جەمال ماوەی ١٥ ساڵە بەفر دەفرۆشێت، لە بارەی کاریگەری کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە لەسەر کارەکەی، بەهەمان شێوەی ئیبراهیم محەمەد دەڵێت فرۆشیان كەمی كردووە، بەڵام ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو كارەبای پڕۆژەی ڕووناكییە خەرجییەکانی دروستكردنی بەفری کەم كردووەتەوە. نموونەش بەوە دێنێتەوە كە پێشتر ڕۆژانە دوو بۆ سێ بەرمیل گازیان بەکار دەهێنا، بەڵام ئێستە پێویستیان بە موەلیدە و کڕینی گاز نییە.
هەروەها باسی وەرزی فرۆشتنی بەفر دەكات، كە جگە لەوەی ماوەی چوار مانگی هاوین بازاڕیان دەكاتە لووتكە، بەپێی ڕۆژ و گەرمای کەشوهەواش دەگۆڕێت، جار هەیە كە زۆر گەرمایە هەندێك ماڵ پێ ڕاناگەن بەفر دروست بكەن و لە بازاڕ دەیكڕن، ئەوی دی بە زۆری پیشەكارەكان دەیكڕن.
بەپێی دواین ئامار، پڕۆژەی «ڕووناکی» کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیشتووەتە دوو ملیۆن هاووڵاتی، زیاتر لە ٤٥٠ هەزار ماڵ و ٩٠ هەزار شوێنی بازرگانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا سوودمەند بوون، بە نزیكەیی تەواو هەولێر ئێستە لەو پڕۆژەیە سوودمەندن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved