پشتێنەی سەوزایی هەولێر چۆن جێبەجێ بكرێت؟
پشتێنەی سەوزایی هەولێر چۆن جێبەجێ بكرێت؟
August 05, 2025

پسپۆرێكی نەخشەدانان پێشنیاز دەكات بکرێتە پڕۆژەیەکی گەورەی کشتوکاڵی

”دەتواندرێ پشتێنەی سەوزایی هەولێر وەك پڕۆژەیەکی ژێرخانیی دەوڵەت، لەسەر ئاستی پەرەپێدانی ژینگەیی، لە ڕێگەی پێشخستنی پیشەسازیی کشتوکاڵی خۆماڵی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەكار بهێندرێت“. پسپۆڕێکی شارەزای بوارەكە لەبارەی هەواڵی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە دەوری هەولێر چەند پێشنیازێک دەخاتەڕوو.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەواڵی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە دەوری شاری هەولێر بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە پلانی داهاتووی حکوومەت دروستکردنی ئەو پشتێنەیە دەبێت. پسپۆڕانیش ئەوە بەهەنگاوێکی گرینگ دادەنێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و دابەزاندنی پلەکانی گەرمای هەولێر و پاکترکردنی هەوایەکەی.
دوکتۆر کاروان محەمەدئەمین تەها، خەڵکی شاری هەولێرە و ئەندازیاری تەلارسازیی لە نەخشەدانانی شار و هەرێمەکان لە زانکۆی شەفیڵدی بەریتانی خوێندووە، پێی وایە ”بەتێپەڕینی كات، ژمارەی دانیشتوان بەرز دەبێتەوە و شارێكی گەورەی وەك هەولێریش فرەوان دەبێت، گەڕەكی نوێ پەیدا دەبن و تەلار بەرز دەبنەوە، بوار بۆ پانتاییی سەوز كەم دەبێتەوە و زۆر جار زەوییە كشتوكاڵییەكانیش دەبن بە شار و پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون.“
وڵاتانی جیهان بەهۆی کاریگەرییە خێراکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا هەنگاوی خێرا دەگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی، لە بارەی ئەو پشتێنەیەوە دەڵێت ”لەبەرئەوەی جێبەجێکردن و پەرەپێدانی ئەو پانتایییە فرەوانەی سەوزایی، پێویستی بە کات و سەرمایە و سەرچاوەیەكی مرۆییی گەورە و بەردەوام هەیە، لە وڵاتانی پێشكەوتوودا گۆڕدراوە بۆ دەرفەتی ئابووری، حکوومەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەكی بەو قەبارەیە کۆنتراکت و هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا دەكەن كە پێی دەڵێن (PPPs, Public-private partnerships).“
کاروان محەمەدئەمین كە ماوەی سێ ساڵ لە دوو كۆمپانیای گەورەدا لە بەریتانیا لە بواری (Net zero carbon) وەك ڕاوێژكار كار كردووە، دووپاتی لەوە کردەوە ”بیرۆکەی پشتێنەی سەوز تەنها بۆ كەشخەیی و ژینگەپارێزییەكی ئاسایی نییە، بەڵكو بووەتە پێویستی بۆ تەواوی شارە گەورەكان، بۆ ڕاگرتنی فرەوانبوونی هەڕەمەكیی شار و بۆ كردنەوەی دەلاقەیەكی هەناسەدان بۆ قەرەباڵغیی شار. لەمێژە شارە گەورەكان لە لەندەنەوە تا سیئۆل چوونەتە باوەشی پشتێنەی سەوزەوە.“
دوکتۆر کاروان بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە بەبۆنەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایییەوە باسی لە ئەزموونی وڵاتان لەو بوارەدا کرد و گوتی ”پڕۆژەی گەورە و درێژخایەنی هاوشێوەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر لە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەشێوازی (PPPs) جێبەجێ دەكرێن. بۆ نموونە ڕێگەی خێرا لە مالیزیا لەلایەن حكوومەت و كەرتی تایبەتەوە بەشێوازی (PPPs) جێبەجێ كراوە، لە بەریتانیا چەندین نەخۆشخانە بەم شێوازە دروست كراون، لە تورکیا قوتابخانە بەم ڕێگەیە دروست دەكرێت، هەروەها فڕۆکەخانە و هێڵی شەمەندەفەر لە وڵاتانی وەك ئیمارات و سعوودیە بەشێوازی (PPPs) جێبەجێ كراون.“
لە بارەی گرێبەستەکانی هاوشێوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆژانەش دەڵێت ”کۆنتراکتی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە زەبەلاحانە وردەکاریی زۆر لەخۆ دەگرن، بەڵام بەو شێوەیەی لە جیهاندا باوە، دەکرێ لەوەدا کورتی بکەینەوە کە کۆنتراکتێکی درێژخایەن لە نێوان کەرتی تایبەت و حکوومەت بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتی گشتیی ئەنجام دەدرێت، تیایدا بەشێک یان سەرجەم تێچووەکەی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی کەرتی تایبەت، ئەو كەرتە بەرپرسیاریەتیی جێبەجێکردن و بەگەڕخستن و پەرەپێدان و ئیدارەدان و بەردەوامیدان دەگرێتە ئەستۆ، لە بەرامبەردا حکوومەت ئاسانکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەهاوبەشی.“
دوکتۆر کاروان كە لەوەتەی دروستكردنی پارکی سامی عەبدولڕەحمانەوە لەوێندەر وەك ئەندازیاری تەلارسازی دەستبەكارە، دوای تەواوكردنی خوێندنی ماستەر و دوكتۆرا لە بەریتانیا، دووبارە لەو پاركە گەورەیەی هەولێر دەستبەكار بووەتەوە، باس لەوە دەکات کە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، هەولێر سییەکی دیکەی بۆ هەناسەدان بۆ زیاد دەبێت، پێشنیاریش دەكات چەند وەبەرهێنەرەکی نیشتمانیی تایبەتمەند، بەپێی نەخشەی پەسندکراو و بەو تایبەتمەندییانەی حکوومەت داوای دەکات، کار بۆ جێبەجێکردنی بەشە جیاکانی پڕۆژەكە بكەن، كە بەپێی کۆنتراکتێکی درێژخایەن هەردوولا تێیدا سوودمەند بن.
ئەو بە پێویستی دەزانی درەختی بەردار، ئەو درەختانەی زۆرترین سوودی ژینگەیان هەیە لەو پشتێنەیە بچێندرێن، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران سوودی لێ ببینن، كە لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان، سەرەڕای پڕکردنەوەی پێویستی ناوەخۆ بەپێی جۆری ئەو درەختانەی لەو پڕۆژەیەدا دەچێندرێن.
پسپۆڕەکە دەشڵێت ”یەکێک لە ستراتیژییەکانی حکوومەت بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی دیکە بۆ کوردستان، دەکرێت ئەو پشتێنەی سەوزایییەش لەو چوارچێوەیەدا کاری بۆ بکرێت، بەپێی کەشوهەوا و پێویستی بازاڕ ئەو جۆرە درەختانەی تێدا بڕوێندرێن، کە بازاڕی کوردستان پێویستی پێیەتی“.
باسی لەوەش کرد کە ئەو پڕۆژەیە دەکرێت لە هەندێك خاڵی سنووردار و دیاریكراودا ناوچەی گەشتیاریی لێ دروست بكرێت و ببێتە هۆکارێك بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، بەڵام بە جۆرێک کە کاریگەریی نەبێت لەسەر پاراستن و گەشەکردنی پشتێنەکە و كاریگەرییە ژینگەییەكانی.
ئەو ئەندازیارە، بەهۆی ئەزموون و بەدواداچوونی بۆ پڕۆژەکانی هاوشێوە لە وڵاتانی جیهان دەڵێت ”گرینگە بۆ جێبەجێکردنی چەند بەشێکی ئەو پڕۆژەیە، سوود لە میکانیزمی PPPs وەربگیرێت، تا كەرتی تایبەت و جووتیارانی شارەزای سنوورەكە بەشداری لە پێشخستن و بەردەوامیدان بەو ناوچە سەوزایییە بەرفرەوانەی شارەكەدا بكەن.“


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved