كارەكانی ماسته‌رپلانی گه‌شتیاریی سۆران له قۆناغی كۆتاییدایه و به‌م نزیكانه ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری دەكرێت كە بەشێكە لە ماستەرپلانەكە.
ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆران نۆ ناوچەی بەرفرەوان دەگرێتەوە، ئێستە كاركردن لە ناوچەی یەكەمدا دەستی پێ كردووە، كە لە خەلیفانەوە تا بێخاڵ درێژ دەبێتەوە و لە 13 پڕۆژەی گەشتیاری پێك هاتووە و لە ڕێگەی تەلەفریكێكی 11 كیلۆمه‌تر درێژەوە بەیەكەوە دەبەسترێنەوە.
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران لەم بارەیەوە بۆ (گڵكەند) ڕای گەیاند ماسته‌رپلانه‌كه به‌سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه چووه، نزیكه‌ی دوو ساڵه كاری تێدا ده‌كرێت، ئامانجی سه‌ره‌كیشی فره‌چه‌شنكردنی داهاته‌كان و دابینكردنی ده‌رفه‌تی كاره بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
لەبارەی ورده‌كاریی ماسته‌رپلانی گه‌شتیاریی ناوچه‌كەشەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە به‌هۆی فراوانیی سنووره‌كەوە، له قۆناغی یه‌كه‌مدا كار له ناوچە گەشتیارییەكانی گه‌لی عه‌لی به‌گ، بێخاڵ و چیای باپشتیان ده‌كرێت، دەشڵێ گرینگییه‌كی تایبه‌ت به ڕێگەوبان دراوه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیار له كاتی سه‌ردانیكردنی ناوچه گه‌شتیارییه‌كاندا تووشی گرفتی هاتوچۆ نه‌بن.
ته‌له‌فریكێك بە درێژیی 11 كیلۆمه‌تر، یه‌كێك له پڕۆژه گرینگه‌كانی ناو ماسته‌رپلانه‌كه‌یە، وەك هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب دەڵێ تەلەفریكەكە له قه‌زاری خه‌لیفانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته چیای گۆره‌ز، چیای باپشتیان، بێخاڵ و شنگلبانه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ختن و خاوه‌ن دیمه‌نێكی دڵڕفێنن، گه‌شتیار به‌پیاده و ئۆتۆمۆبێل ناتوانێت سه‌ردانیان بكات، له ڕێگه‌ی ئه‌و ته‌له‌فریكه و چەند وێستگه‌یه‌كەوە بۆی دەچن.
تا ئێستە بودجه و ماوه‌ی ته‌واوبوونی ئەو پڕۆژه گەورەیە دیاری نه‌كراوه، به‌و پێیه‌ی كه پڕۆژه‌كه ورده‌كاریی زۆری تێدایه و بەرفرەوانە، بەڵام وەك سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران باسی كرد، چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ناوەخۆیی و بیانی كار له ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن.
له باره‌ی فره‌چه‌شنیی گه‌شتیارییش له هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵدا، هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه پڕۆژەكە وەها دیزاین كراوە كە له هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵدا سوودی لێ وه‌ربگیرێت و بزاوتی گەشتیاری بەدرێژاییی ساڵ تیایدا بەردەوام بێت، به تایبه‌تیش گه‌شتیاری زستانه ڕوو له ناوچه‌كه بكه‌ن، سەرباری گرینگیدانی زۆر بەناوچە شوێنەوارییەكانی دەڤەرەكە.