”کە گەیشتمە كوردستان هەستم بەئارامی و ئاسوودەیی کرد“
ژنێکی ئیماراتی لە شاری دوبەیەوە بە سواری ماتۆڕسیکل سەردانی هەولێر دەکات و دەڵێت خەونەکەی هێناوەتە دی.
ئەگەر گەشتکردنی تاكەكەسی بەماتۆڕسیکل و گەڕان بە وڵاتاندا بۆ پیاوانی ڕۆژئاوایی ئەركێكی ئاسان بێت، ئەوا بۆ ژنێک لە وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامییەوە ئەستەمە، بەڵام ئەوەی فاتیمە لۆغانی وەک یەکەم ژنە عەرەب توانیویەتی خەون و حەزەکەی بەدی بهێنێت و بەماتۆڕسیکل گەشتی چەند وڵاتێك بكات، پێشهاتێکی نوێیە.
فاتیمە بەماتۆڕسیکلەكەی گەشتی هەریەك لە وڵاتانی سعودیە، کوێت، عومان، تورکیا و هەرێمی کوردستانی كردووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەکات كە بەهۆی بەپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانی و دایکایەتییەوە، خەونەکەی کە گرەوێكی گەورە بووە لەگەڵ خودی خۆی، تا ساڵی ٢٠٢٣ دوایخستبوو. لەو کاتەوە مۆڵەتی ماتۆڕسواری بەدەست هێناوە و بەماتۆڕسیکل گەشتی ئەو وڵاتانەی کردووە.
گەیشتن بەهەولێر حەزێکی تایبەتی فاتیمە بووە، ئەو دەڵێ: گەشتەکەم بۆ کوردستان و هەولێر بەتایبەت، گەشتێکی ئاسایی نەبوو. پێشتر زۆرم لە بارەی باشیی خەڵکەکەی و سروشتە جوانەکەی، بیستبوو.
ئەو گەشتە بەبڕینی سێ هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بەناو خاکی شانشینی سعودیە و کوێتدا بووە تا گەیشتووەتە دەروازەی سەفوان لە بەسرە، ڕۆژی ٦ی نیسانی ٢٠٢٥ دەستی پێ کردووە. دواتر لە ڕۆژی ٩ی نیسان لە سەفوانەوە بەبێ لادان بۆ هیچ شارێکی عێراقی و بە ٣٠ کاتژمێر ماتۆڕسواریی پچڕ پچڕ، هەوڵی گەیشتن بە هەولێری داوە و ڕۆژی ١٢ی هەمان مانگ، گەیشتووە.
فاتیمە لۆغانی ماوەی حەفتەیەک لە هەولێر ماوەتەوە. چەندین هەڵوێستی مرۆیییانەی جوانی خەڵکەکەی لای خۆی تۆمار کردووە و سەردانی چەندین شوێنی گەشتیاریی هەولێری کردووە.
بەر لە گەشتەکەی، ئەو ژنە ئیماراتییە جگە لە دابینکردنی پێویستییەکانی سەلامەتیی خۆی و ماتۆڕسیکلەکەی، بەدواداچوونی بۆ یاسا و ڕێنمایییەکانی هاتوچۆی ئەو ناوچانە کردووە، کە پێیاندا تێدەپەڕێت.
گەیشتنی فاتیمە لۆغانی بە کوردستان، هەستێکی جیاوازی پێ بەخشیوە. ئەو دەڵێ: کە گەیشتمە کوردستان، هەستم بە ئارامی و ئاسوودەیی کرد. خەڵک بەخۆشەویستی و تێڕامانەوە پێشوازییان لێ کردم.
فاتیمە لەو گەشتەیدا، بەتەواوی هەستی بەجیاوازییە سروشتییەکانی کوردستان و عێراق کردووە. لە گێڕانەوەکەیدا بەردەوام دەبێ و دەڵێت: ”هەرکە لە کوردستان نزیک بوومەوە، هەستم کرد سروشت گۆڕانکاریی بەسەردا هات. بیابانە چۆڵ و بەرینەکان نەمان و ڕێگەی شاخاوی و چیاییم هاتنە پێش. وەک ئەوەی زەویی کوردستان بەشێوازێکی جیاواز و دڵێکی گەورەوە، پێشوازیم لێ دەکات.“
ئەو ژنە گەشتیارە ئیماراتییە، کە ئاڵایەکی وڵاتەکەی لە ماتۆڕسیکلەکەی بەستبوو، لە یەکەم خاڵی پشکنینی هەولێر، تووشی پرسیارێکی سەیر بووە، فاتیمە دەڵێت: ”ئەفسەرێک پێی گوتم (این عائلتك؟)“، ئەو پرسیارە لە هزری ماوەتەوە و دواتر تێ گەیشتووە ئەفسەرەکە مەبەستی بووە بڵێ خەڵکی کوێی؟ چونکە بۆ ئەو ئەفسەرە ئاسایی نەبووە ژنێکی عەرەب بەماتۆڕسیکل سەردانی کوردستان بکات.
فاتیمە لۆغانی ئەوەش دەگێڕێتەوە: ”ئەو ئەفسەرە زۆر بەنەرمونیانی و ڕێز و خۆشەویستییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردم. دوای ئەویش ئەفسەرێکی پاسپۆرت بەخەندەیەکەوە پێی گوتم (بەخێر بێی بۆ کوردستان).“
ئەو ژنە ئیماراتییە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی دەربڕیوە كە ئێستە تێگەیشتووە لەوەی هەولێر دەبێتە شارێک بۆ هەمیشە لە دڵیدا جێنشین دەبێت.
سڵاوی خەڵک و شۆفێرانی هەولێر لەسەر شەقام و ڕێگەبەردان بۆ ئەوەی بەئاسانی تێپەڕێ، بەبێ ئەوەی داوایان لێ بکات، هێندەی تر خۆشەویستیی فاتیمە لۆغانی بۆ هەولێر زیاد کردووە. ئەو دەڵێت: ”گەشتەکەم بۆ هەولێر بووە چیڕۆکێکی لەبیرنەکراو، هەولێر وای لێ کردم ئاوێتەی بم و ببمە بەشێک لەو شارە“.