”بەمنداری حەزم لێ بوو ترومبێلی باژۆم“
لە ناوچەیەكدا كە هێشتا ژن هێڵی تۆخ بە چواردەوریدا كێشراوە و ڕێگری لە خولیا و خواستەكانی دەكرێ، خاتونێك پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان، ڕێگەیەكی جیاواز و نەختێك قورس دەگرێتە بەر، ١٣ ساڵە تاكە شوفێری تاكسییە لە شارەكەی.
پەیمان سۆفی ئێستە تەمەنی ٥٤ ساڵە، هەموو ڕۆژێ بەبێدەنگی ڕێگە پێچاوپێچەکانی كۆمەڵگە و شارەكەی دەبڕێت، ڕێبواران لە خاڵێكەوە دەگوازێتەوە بۆ خاڵی مەبەست.
چیڕۆكی ئەو ژنە تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێلێك و گواستنەوەی ڕێبواران نییە، بەڵكو پەڕینەوەیە بەسەر ئەو بەربەستانەی كۆمەڵگە نەوە لە دوای نەوە بەسەر ئازادییەكانی ژنانیدا سەپاندووە.
پەیمان خەڵکی ڕواندزە، دایک و باوکی نەماون، لەگەڵ خوشک و براکەی لە ماڵێكدا دەژین، بە تاكسییەكەی بژێوی پەیدا دەكات، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا وەك خۆی دەڵێ بەربەستێکی وەهای نەهاتووەتە ڕێ كە جێی باسكردن بێت.
بە باوەڕ بەخۆبوونەوە دەڵێ ”لە خوای بەزیاد بی، خەرك لێم ڕازینە، بەخۆشم ئیوهە ئەزانم کە نەفەر وکی دەگەرە من سوار ئەبیت زۆر کەیف خۆشترە لە سایەقی دی.“
پەیمان لە تەمەنی ٤١ ساڵییەوە دەستی بەو کارە کردووە و دەڵێ ”خوا گەورەیە، دەست لەو ئیشەی هەرناگرم، چونکی بەمنداری حەزم لێ بوو ترومبێلی باژۆم، ئێجا ئێستەكە بویتە مەسدەر ڕزقیشم. هەتا پێم بکرێ و لۆم بچیتە سەر واز لە سایقیێ ناینم“.
ئەو ماوەی ١٣ ساڵە تاكە شوفێری ژنە كاری تاكسی دەكات، پێی خۆشە ژنانی دیكەش لە سنووری ڕواندز و سۆران دەست بەو كارە بكەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.
لێخوڕینی تاكسی لەناو شارێكی پێچاوپێچ و پڕ بەرزی و نزمیی وەك ڕواندز، هەروەها لە شارێكی قەرەباڵغی وەك سۆران، بێ ڕووداوی هاتوچۆ نابێت، پەیمانیش وەك هەر شوفێرێكی دیكە تووش بووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێ خۆشبەختانە زیانی گیانیی لێ نەكەوتووەتەوە.
خوشک و براكەی هاندەر و پشتیوانیی سەرەکیی ئەو ژنە بوون بۆ دەستكردن بە كاری شۆفێریی تاكسی و دەڵێ ئێستەش ئەوان هەوێنی بەردەوامبوونی ئەون لە كارەكەیدا.
لە ژیانی ڕۆژانەدا هەر کەس تووشی کێشە دەبێت، بەڵام وەك ژنە شۆفێرە تاقانەكەی تاكسیی ڕواندز باسی دەكات، تا ئێستە تووشی كێشەیەكی گەورە نەبووە لەسەر كارەكەی، بۆ ئەوەش سوپاسی هاوشارییەكانی دەكات، هەروەها ڕۆڵی شۆفێرانی پیاو باش هەڵدەسەنگێنێ و ئاماژە بەوە دەكات کە شۆفێران بە گشتی ماندوون و هیوای سەلامەتی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.
ساڵی ١٩٠٨ یەكەم ژن لە مێژوودا بەناوی مەدام دیكۆرسێل بوو بە شۆفێری تاكسی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ١٩٠٦ەوە چەندین ژنی تر هەر لە پاریس هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی شۆفێری تاكسییان دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پیشەكە بۆ چەندین ساڵ بوو لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ كرابوو، بە ناچاری كشابوونەوە و وازیان هێنابوو. لە نیویۆركی ئەمەریكاش یەكەم ژنە شۆفێری تاكسی بە ناوی ویڵما ڕۆزێی لە ساڵی ١٩١٥دا دەستبەكار بوو.