بەم زووانە دەرگای قەڵات دەکرێتەوە
بەم زووانە دەرگای قەڵات دەکرێتەوە
August 13, 2025

چاوەڕوان دەكرێت بەم زووانە بەشێوەیەكی ئەزموونی ڕۆژانی هەینی بۆ چەند كاتژمێرێك دەرگەی قەڵات بە ڕووی سەردانیكەراندا بكرێتەوە.

فەلاح حەسەن سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵاتی هەولێر (بەوەکالەت) بۆ (گڵكەند) ڕای گەیاند كارەكانی نۆژەنكردنەوە و كاركردن لە قەڵات بەشێوەیەكی چڕوپڕ بەردەوامە، بەڵام بەنیاز نین بەم زووانە بەشێوەی فەرمی بە ڕووی سەردانیكەراندا بیكەنەوە، تەنها ئەوە نەبێت كە بەرنامەیەك هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەزموونی دەرگەی قەڵات بۆ چەند هەفتەیەک لە ڕۆژانی هەینیدا و بۆ چەند كاتژمێرێك وەکو تاقیکردنەوەیەک بیكەنەوە.
ئامانج لە كردنەوەی دەرگەی قەڵات بە ڕووی سەردانیكەراندا بەشێوەی ئەزموونی ئەوەیە كە خەڵك ببینن چی دەگوزەرێت لەسەر قەڵات، بۆ ئەوەشە کۆمیسیۆنی قەڵات ببینێت تا چەند قەرەباڵغی دروست دەبێت و كاریگەری چۆن دەبێت لەسەر كار و پڕۆژەكان.
بەگوتەی فەلاح حەسەن، ئەگەر نەبێتە قەرەباڵغییەكی زۆر و كردنەوە ئەزموونییەكە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوە بچێت، هەروەها ئەگەر كاری نەكردە سەر پڕۆژەكان و كارەكان، ئەوا بەشێوەیەكی بەردەوام ڕۆژانی هەینی بۆ چەند كاتژمێرێك بە ڕووی سەردانیكەراندا دەكرێتەوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵاتی هەولێر بەوەکالەت باسی لەوەش كرد كە مزگەفتی گەورەی قەڵاتیش ئامادە كراوە و بەم نزیكانە ڕۆژانی هەینی وەکو ڕابردوو نوێژی لێ دەكرێت و وتاری هەینیی تێدا دەخوێندرێت.
ڕێگەی بەردەم دەروازەی ناو شار بەرانبەر بازاڕی قەیسەری دەكرێتە بەرد و ئەو قیڕەی چەندین ساڵە هەیە، هەڵدەگیرێت. هەروەها ژمارەیەكی زۆریش دار لەسەر قەڵات دەچێندرێت.
فەلاح حەسەن ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن ئێستە چوونە سەر قەڵات بووە بە پارە، دوورە لە ڕاستییەوە و دەرگەی قەڵاتیش دانەخراوە بە ڕووی خەڵكی شاردا، بەڵكو بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی بووژاندنەوەی تێدا بەڕێوە دەچێت و لە داهاتوودا بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش و ڕێك خراو هەر دەبێت بكرێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەم دوایییه دوای نزیکەی 20 ساڵ تاریكی، ڕووناکی گەڕایەوە نێو خانووەکانی لێواری قەڵاتی هەولێر و ئێستە شەوانە قەڵات لە ناوەڕاستی شاردا دەدرەوشێتەوە و دیمەنێكی ناوازەی هەیە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved