لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کۆیە، دەنگی سەدان ئامێری گەورە و بچووک لەگەڵ سەدان کرێکاردا تێکەڵ بووە، لەو پڕۆژە گەورەیەدا ڕۆژانە نزیکەی دوو هەزار کرێکار و کارمەند، لەگەڵ نزیكەی ٦٠٠ ئامێری جۆراوجۆر لە کار دان، هەنگاوەکان بۆ تەواوکردنی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخانی کوردستان بەخێرایی دەچنە پێش.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان، کە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیکدا، ببێتە شادەمارێکی نوێی هاتوچۆ و گەشەپێدانی گەشتیاری و بازرگانی لە ناوچەکەدا. بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بەدروستكردنی كراوە.
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای (هێمن گرووپ)ەوە جێبەجێ دەکرێت، بەهۆی گرینگییە ستراتیژییەکەیەوە بۆ کوردستان و بەتایبەت بۆ سنووری پارێزگەی هەولێر، بایەخێکی تایبەتی پێ دەدرێت.
تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە گرینگییەكی گەورەی بۆ كەرتی گەشتیاری دەبێت و قەرەباڵغی لەسەر ڕێگەکانی سنوورەكە کەم دەکاتەوە کە پێشتر یەک ساید بوو و هۆکاری چەندین ڕووداوی نەخوازراو بوو.
ئەمیر ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە هێمن گرووپ بۆ (گڵكەند) دەڵێت بە دووسایدکردنی ئەم ڕێگەیە و تەواوکردنی پڕۆژەکە، خێراییی هاتوچۆ دەبێتە ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش وا دەکات بە نزیکەیی ٤٠٪ی ڕێگەکە کورت ببێتەوە.
کارکردن لەم پڕۆژەیە هاوتەریبە لەگەڵ دوو پڕۆژەی گرینگی دیکەی سنوورەکە، کە بریتین لە دووسایدی گۆمەسپان - سماقوڵی و دووسایدی سەرەکیی هەولێر - کۆیە.
وردەکارییەکانی پڕۆژەی هەولێر - گۆمەسپان
بەگوتەی ئەمیر ئەحمەد، ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەست بە کارکردن كراوە لە پڕۆژەکە. درێژیی پڕۆژەکە ١٥ کیلۆمەترە و ڕێگەکە بەشێوەی دووساید جێبەجێ دەکرێت، کە پانیی هەر سایدێک ٣٧.٥ مەتر دەبێت و بە سێ چینی قیڕ قیڕتاو دەکرێت. هەروەها پێنج پردی گەورە و یەک ئەندەرپاس، لەگەڵ ٥٠ ئاوەڕۆی سندووقی بە قەبارە و درێژیی جیاواز لەخۆ دەگرێت.
ڕێژەی کارکردن و ئاستەنگەکان
سەبارەت بەڕێژەی بە ئەنجامگەیاندنی کارەکان، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی “لە کاری خۆڵکاری بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکە تەواو بووە و لە کاری ئاوەڕۆ سندووقییەکانیش بەشێکی بەرچاو لە کارەکان کراون”.
باسی لەوەش کرد کە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆژەکەدا، دانەخستنی ڕێگەکەیە بەهۆی هاتوچۆی بەردەوامی هاووڵاتیانەوە، ئەمەش وای کردووە کە کارەکان بە شێوەی نیوە نیوە لە هەر سایدێکدا بکرێن. گوتیشی “ئێستە کار لەسەر ئەوە دەکەین سایدێک بەتەواوی ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هاتوچۆی بخەینە سەر و دواتر کار لە سایدەکەی تردا بکەین”.
کاتی تەواوبوون و هێزی کار
سەبارەت بەوادەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش، ئەمیر ئەحمەد ڕای گەیاند “پلانمان هەیە تا کۆتاییی ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە بە هەردوو سایدەوە تەواو بێت، بەڵام بەهۆی بەرفراوانیی پڕۆژەکە، تەواوکردنی یەک سایدیش لە کۆتاییی ئەمساڵدا ئەستەمە”. ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی پڕۆژەکە بەدەستی کاری ناوەخۆیی بەباشترین کوالێتی جێبەجێ دەکرێت و هەوڵ دەدرێت زووتر لە وادەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کارەکان تەواو بکرێت و ڕێگەکە بکرێتەوە.
پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی لە کۆتایی دایە
لە کۆتاییی قسەکانیدا، ئەمیر ئەحمەد ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی کرد کە ئەویش ڕێگەی گۆمەسپان - سماقوڵییە و لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت، گوتی “ئەو پڕۆژەیەش کە درێژییەکەی ٢٢ کیلۆمەترە و ناوچەی دەوروبەری بەنداوی سماقوڵیش دەگرێتەوە، لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە و بڕیارە تا کۆتاییی ئەمساڵ بە تەواوی بکرێتەوە”.