زۆربەی بنەماڵەكانی شاری كۆیە لە كۆنەوە نازناوی تایبەت بەخۆیان هەبووە، ئەگەر كەسێك بیویستبا ماڵێك بدۆزێتەوە یەكسەر نازناوەكەی دەگوت. سەرباری ئەوەی ژمارەیەك كەسایەتیی ناوداری شارەكە بووبوونە ناونیشانی گەڕەك و كۆڵانەكان، هەیانە چەندین ساڵە نەماوە، كەچی نازناویان هەر لەسەر زارانە.
دیارد‌ەی نازناو له‌ناو كۆیییاندا بڵاوتره وەك لە شارەكانی دیكەی كوردستان، شێخ سەڵاح شێخ شەڕەفی نووسەر، پێی وایه پێدانی نازناو نه‌ریتێكی شارستانییه، كۆیه‌ش نه‌ریتی شارستانیی زۆری تێدایه، جا بەهۆی ئەوەی شار بووه، ناوی هۆز نه‌كراوه‌ته نازناو، به‌ڵكو كه‌سه‌كان خۆیان نازناوێكیان بۆ خۆیان داناوه، یان خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ریان نازناویان لێ ناون.
به گرینگیشی دەزانێ نازناوه ئه‌رێنییه‌كان بنووسرێنه‌وه، وه‌ك ئه‌و نازناوانه‌ی زیره‌كی، ده‌ستڕه‌نگینی، به‌خشنده‌یی، چاكه‌كاری، ئازایه‌تییان لێ ده‌خوێندرێته‌وه و نازناوه نه‌رێنییه‌كان لابدرێن.
وه‌ك شاره‌زایان پێناسه‌یان كردووه، نازناو، ناو یان ئاوەڵناوێكە بۆ ناوی كه‌سێك زیاد دەکرێت و به‌وه ده‌ناسرێت، ئه‌وه‌یش چ له بنه‌چه‌ی خێزانی، هۆز، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه، سیفه‌ت، سه‌روسیما و هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌و كه‌سه‌وه وه‌رگیرابێت، بۆ نموونه: چه‌له‌بی، جاف، حه‌وێزی، قه‌ساب، باڵابه‌رز، كه‌چه‌ڵ، پاره‌پیس، ئه‌بو شوارب، چه‌خماخساز، مسگه‌ر.
دوكتۆر چیا عەلی مامۆستای زمانەوانی لە زانكۆی ڕاپەڕین و شارەزا لە مێژووی كۆیە، ئه‌وه‌ی بۆ (گڵكه‌ند) ڕوون كرده‌وه كه (نازناو) دیاردەیەكی زمانییە، لێكدانەوەیەكی واتایی یان پراگماتیكی بۆ دەكرێت، بەگشتی لایەنی ئەرێنی یان نەرێنی پیشان دەدات. لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە جیاكه‌ره‌وه و ناسنامەیەكە كه‌سێكی پێ ده‌ناسرێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه مه‌به‌ستی جیاواز له پێدانی نازناودا هه‌یه، له‌وانه: ناسینەوە، پیاهەڵدان، ناوزڕاندن یان گاڵتەپێكردن. بناغه‌ی دیاریكردنی نازناوه‌كه‌ش: پیشە، شوێن، ڕووخسار، ڕەوشت و ڕەفتار، لایەنی ئابووری، سیاسی و ئاینیی كه‌سه‌كه‌یه، كه هه‌ندێ جار ئاره‌زوومه‌ندانه و هەندێ جاریش ده‌وروبه‌ر به‌بێ ئارەزووی كەسەكە ئه‌و نازناوه‌ی پێوه ده‌نێن.
مەولوود ژاكاو، مامۆستا و شاعیر، شارەزا لە كولتووری كۆیییان، لەبارەی نازناوه‌كانی كۆیەوە دەڵێت خۆم نازناوی ژاكاوم هه‌ڵبژاردووه، كه ئاماژه‌یه به‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه. سه‌باره‌ت به‌زۆریی نازناویش له كۆیه له‌چاو شاره‌كانی دیكە، ژاكاو گوتی، ئەوەی لە كۆیە هەبووە بۆ ناسینەوەی كەسەكان بووە، چونكە گەر بتگوتبایە فڵانی كوڕی فڵان كەس نەیدەزانی كێیە تا نازناوه‌كه‌ت نەگوتبا.