به‌ر له‌وه‌ى په‌یماننامه‌كه‌ى ساڵى 1930 له نێوان عێراق و به‌ریتانیا مۆر بكرێت، كورد له هه‌موو ئاسته‌كان ده‌نگى ناڕه‌زاییی لێ به‌رز بووەوه، چونكه چ نوێنه‌رانى كورد له په‌رله‌مانى ئه‌و كاتى عێراق و چ وه‌زیر و به‌رپرسانى حكومیی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تیى كوردیش له باشوورى كوردستان به گومانه‌وه له په‌یماننامه‌كه‌یان ده‌ڕوانى و به‌دواى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕان كه ئایا پرسى دواڕۆژى كورد له په‌یماننامه‌كه‌دا چییه و چۆن مافه‌كانى كورد زامن ده‌كات؟ به‌تایبه‌ت كه هیچ بڕیاربه‌ده‌ستێكى كورد ئاگەداری ناوه‌ڕۆكى په‌یماننامه‌كه نه‌بوو.
ئه‌م په‌یماننامه‌یه سه‌ره‌تاى دروستبوونى ناڕه‌زایی بوو له به‌غدا و كوردستان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و كاتى عێراق، كه دواجار سه‌رى كێشا بۆ ڕاپه‌رینى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى و چه‌ندین كه‌س تێیدا شه‌هید و بریندار بوون و دواجاریش سه‌ركوت كران.
ئه‌وه‌ى لەو ڕووداوەدا جێی سەرنج و گرینگ بوو، بوێری و ئازایه‌تیی مه‌عروف جیاووك نوێنه‌رى ئه‌و كاتى شارى هه‌ولێر بوو له په‌رله‌مانى عێراق، كه هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌و و قسه و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى، بوونه هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ڕاپه‌ڕینى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى، كه تا ئێستە ئاماژه به ڕۆڵى سه‌ره‌كیى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ى هه‌ولێر نەكراوە.
به‌پێى به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانى حكوومه‌تى به‌ریتانیا، كه د. كه‌مال مه‌زهه‌ر له كتێبى (كورد و كوردستان له به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانى حكوومه‌تى به‌ریتانیادا) بڵاوى كردووەته‌وه، یه‌كه‌م ده‌نگى ناڕه‌زایی دژى په‌یمانى عێراق - به‌ریتانیا، له‌لایه‌ن مه‌عروف جیاووكه‌وه بووه و له‌م باره‌یه‌وه نووسراوه: ”ڕۆژى سیانزه‌ى شوباتى ساڵى 1930 كۆنترین مێژووه كه یه‌كێك له به‌ڵگه‌نامه‌كانى ناو ئه‌م فایله‌ى حكوومه‌تى به‌ریتانیا، باسی هه‌ڵوێستێكى نوێنه‌رى هه‌ولێر مارف جیاووكمان به‌م جۆره بۆ ده‌گێڕێته‌وه: له به‌غدا مارف جیاووكى نوێنه‌رى هه‌ولێر یه‌ك دوو هه‌وڵى خۆنیشانده‌رانه‌ى دا بۆ ورووژاندنى مه‌سه‌له‌ى كورد له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا كه له به‌ڵگه‌نامه ئینگلیزییه‌كه نووسراوه (made one or two sporting efforts)، ڕۆژى سیانزه‌ى شوباتى ساڵى 1930 زۆر به‌ڕاشكاوى ئه‌م پرسیاره‌ى كرد: ئایا مافه‌كانى كورد له‌و په‌یمانه نوێیه‌دا ده‌پارێزرێ كه له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا مۆر ده‌كرێت؟“.
كاتێك لە ١٩٣٠/٨/٨دا وه‌فدێكى هاوبه‌شى حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى به‌ریتانیا كه پێك هاتبوو له جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌رى وه‌كیلى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و وه‌كیلى مه‌ندوبى سامى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه، سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كه‌ن بۆ دانوستاندن بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانى سه‌ركردایه‌تیى كورد له ناوه‌ڕۆكى په‌یماننامه‌كه، مه‌عروف جیاووك هه‌ڵوێستێكى كوردانه و بوێرانه ده‌نوێنێت و به‌ڕاشكاوى داواى جێبه‌جێكردنى بڕیارى ئه‌وساى (عه‌سبه‌تول ئومه‌م - كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان)ى له‌مه‌ڕ كێشه‌ى كورد دەكات.
له باره‌ى قسه‌كانى نوێنه‌ره بوێره‌كه‌ى هه‌ولێر، د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت: ”مارف جیاووك به‌رامبه‌ر وه‌فده باڵا هاوبه‌شه‌كه له‌ناوجه‌رگه‌ى هه‌ولێر وتى: جه‌عفه‌ر پاشا چاكى ئه‌زانێ ئێمه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌با مومكین نییه به سوڕه‌تى ته‌وحید (جیاووك په‌نجه‌كانى خسته ناو یه‌كتر) به‌و سوڕه‌ته بژین، فه‌قه‌ت به سوڕه‌تێكى (ئینجا ئه‌مجاره په‌نجه‌كانى جووت كرد) گوتى: قابیله به‌م نه‌وعه وه‌كو ئوستریا و مه‌جارستان بژین“.
ناوه‌ڕۆكی ئەو هەڵوێستەی جیاووك له ژماره (٢٥٧)ی ڕۆژى ١٩٣٠/٨/١٤ى ڕۆژنامه‌ى (ژیان) بڵاو بووەوە، كه پیره‌مێرد له سلێمانى ده‌ری دەكرد. له سه‌رتاسه‌رى باشوورى كوردستان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى زۆرى هه‌بوو، لە هەمان ڕۆژدا چه‌ند جموجۆڵێكى گه‌نجانه دژى حكوومه‌تى عێراق له ناو شارى سلێمانى له چایخانه و شوێنه گشتییه‌كان دروست بوو، پاشان له ڕۆژى دووی ئه‌یلوول واته ته‌نها (٤) ڕۆژ به‌ر له ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ى شه‌شى ئه‌یلوولى به‌رده‌ركى سه‌را، به‌رپرسانى ئه‌و كات نامه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستایانی قوتابخانه‌كان نارد كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆیان نییه بیر له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام تازه كار له كار ترازابوو، چونكه ئه‌و چه‌خماخه‌یه‌ى مارف جیاووك له هه‌ولێره‌وه هه‌ڵی گیرساند، له شه‌شى ئه‌یلوولى ١٩٣٠ له به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى ته‌قییه‌وه و گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان دژى حكوومه‌تى ئه‌وساى عێراق كرا و دواجار بوو به‌ڕاپه‌ڕینى به‌رده‌ركى سه‌را.