بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێر ژمارەی خەمڵێندراوی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول لە دۆڵی بالیسان ئاشکرا دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێر بە پشتبەستن بە فەرمانگەی ئەمنیی ڕواندز، لە نووسراوێکدا کە لە ١٩٦٥/١١/٢ بۆ موتەسەڕیفی لیوای هەولێر ناردراوە، ڕای گەیاندووە كە پێشمەرگە لە پردی زەردەوە لەسەر ڕێگەی گەڵاڵە - سەرکەپکانەوە بۆ نزیک زینەتیر ڕێگەیەکی کردووەتەوە.
هەروەها لە نووسراوەکەدا هاتووە، موقەدەم عەزیز ئاکرەیی بەو ڕێگەیەدا و بە دوو ئۆتۆمۆبێل تۆپی گواستووەتەوە بۆ دۆڵی بالیسان و ئۆتۆمۆبێلەکانیش بریتی بوون لە لاندرۆڤەر و شۆفێرەکانیشیان هەردوو پێشمەرگە، سۆفی حەسەن و عەبدە ڕەش بوون.
ئاماژەش بەوە کراوە کە مەلا مستەفا بارزانی ڕابەری شۆڕشی ئەیلوول لە بروسکەیەكدا داوای لە عەزیز ئاکرەیی و حاجی بێرۆخی کردووە هێزەکانیان بگوازنەوە بالیسان بۆ ئەوەی لە سنووری زینەتیر بڵاو بکرێنەوە.
ئەو هێزەی پێشمەرگە کە ئەوکات لە سنووری بالیسان و زینەتیر بووە، بارزانی خۆی سەرپەرشتیی کردوون و بەپێی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێر، ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە بووە.