مەیدانی جامبازەکان
مەیدانی جامبازەکان

مام شێخان عەبدوڵڵا جامباز، كە بە شێخانە گۆج ناسرا بوو، خەڵکى ئۆمەربلەى گوندى میرزا ئەحمەدى هەولێر بوو. هەروەک هونەر ئەسکەندەر دەڵێت ”مام شێخان بەسەرەکیترین کەسایەتییە جامبازە کۆنەكانی هەولێر دادەندرێت“.
چەند کەسایەتییەکى دیكەش لە شارى هەولێر ئەم پیشەیەیان هەبووە، وەک مام پیرداود باپیرى کاک سالم فەتاح و مام شاکر و عەباس و مام کەتۆ و مام بیلالی باوکى شێمە قەساب و مام جەمیل خاڵى خەلیل چایچى.
لە هەولێر جامباز ئەو کەسانە بوون كە پیشەیان کڕین و فرۆشتنى ئاژەڵی وەك ئەسپ، بارگیر، هێستر، کەر و ڕەشەوڵاخ بوو. چەند بنەماڵەیەک بەم پیشەیەوە خەریك بوون و پاشناوی جامبازیان وەرگرتبوو، بەڵام مەرجیش نەبوو هەموو ئەوانەى بەجامباز دەناسرێن، پیشەى جامبازییان کردبێت، بەڵکو ئەم نازناوە بە بۆماوەیى بۆ هەندێك كەس ماوەتەوە، ئێستەش زۆر لە کەسایەتییەکان و نەوەکان بەنازناوى جیا جیا دەناسرێن وەک سەفاڕ و خەیات و قەساب، بەڵام ئەو پیشەیەیان نەکردووە، بەڵکو وەک نازناوێکى بنەماڵەیى بۆیان ماوەتەوە.
وەك نموونە زیاتر لە (٣٠) کەسایەتی هەن کە بەم نازناوە دەناسرێن، بەڵام مەرج نییە ئەم بەڕێزانە پیشەى جامبازییان کردبێت.
بەر لە پەیدابوونى ئامرازەکانى هاتوچۆکردنى وەک ئۆتۆمۆبێل و پیکاب، خەڵکان و بەتایبەتیش خەڵکى گوند و لادێیەکان بۆ کارى گواستنەوەى کەلوپەل و هاتوچۆکردن، پشتیان بە ئاژەڵەکان بەستبوو، بەتایبەتیش کوورەچى و باخچەوان و جووتیاران و کاروانچییەکانى دەوروبەرى خۆشناوەتى و کرمانجەکانى دەشت و لادێیەکان.
ئەم ئاژەڵانەش بەزۆرى لە خوارووى عێراق و شارى مووسڵ دەیانهێنا و جامبازەکانى هەولێریش دەیانفرۆشتنەوە بەخەڵکی گوند و شارۆچکەکانى دەوروبەرى هەولێر کە پێویستیان پێ هەبووە. هەروەکو جەمال جامباز دەڵێت: ئەسپەکان چەند جۆرێکیان هەبووە، لەوانە ئەسپى (یەرعە) تەنها بۆ ڕۆیشتن بووە، غارغارێنى نەدەکرد پێیان گوتووە (ئەسپى کەوێت)، هەروەها ئەسپ هەبووە تەنها بۆ ڕاوکردن و کەشخەیى بەکار هاتووە، بارگین و کەر بۆ بارکردن.
شوێن و مەیدانى ئەو جامبازانە لە ساڵانى پێش ١٩٦٠ تەنیشت باغى شار بووە دواتر گواستراوەتەوە پشت مزگەوتى شێخەڵڵا بەرامبەر دیوارى گۆڕستانى گەورەى هەولێر، دواتر گواستراوەتەوە ناوچەى بن لەیلوگانی نزیک قەسابخانەى کۆنى هەولێر، کە ئێستە دەکاتە بەشى دواوەى بازاڕى نیشتمان.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved