گەلی پڕ شاعیر گەلێکی دواکەتووە
گەلی پڕ شاعیر گەلێکی دواکەتووە
August 14, 2025

تەنیا لە هەولێر حەفتسەت شاعیر هەن. لەو بەریتانیا گەورەیە، تەنیا ١٨٠ شاعیر هەن. لەو یابانە، تەنیا سێسەت شاعیر هەن، بە هایکۆچی و تانکاچیشەوە.
ڕەنگە لە کوردستان، زیاتر لە دوو هەزار شاعیر هەبن. ئەوجە لەو سەین و بەینەدا، دەگەمە ئەو ئەنجامەی هەر وڵاتێک شاعیری زۆر بێت، وڵاتێکی دواکەوتووە. بنۆڕە سۆماڵ و ئەفغانستان و زیمبابۆی، شاعیر کراشەی دەکات.
ئەدی فەیلەسووف و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس؟ چەندمان هەیە؟ تەنیا لە دهۆک، سی و دوو ڕۆماننووس هەن! بێتو جەردێک بکەین، ڕەنگە لە کوردستان سەت و پەنجا ڕۆماننووس هەبن، بەڵام تەنیا هەشت یان نۆ ڕۆماننووسی پڕۆفێشناڵ هەبن. ئەمە ڕاستە بۆ شاعیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چیڕۆکنووسیش.
کورد گۆتەنی زۆر و بۆر. ئەرێ لۆ وایە؟ لۆ ئەو هەموو نووسەرەمان هەیە؟
کاتی خۆی کە ڕەشپێستەکانیان لە ئەمەریکا دەچەوساندەوە، خوی خۆیان دایە وەرزش و هونەر. باشترین یاریزانی باسکە و باشترین هونەرمەندی ئەمەریكایان لێ دەرچوو. لە عێراق، کە کوردیان دەچەوساندەوە، خوی خۆیان دایە نووسین. شیعر بووە پەناگە و ئارامگە بۆ دەربڕین و بەتاڵکردنەوەی هەناو. لەوەدا لاریمان نییە.
بەڵام ئێستە گرفتەکە چییە؟
تاک ئازادە هەرچی بێت. با بە کەیفی خۆی بنووسێت، بەس ئەو کاتە دەبێتە گرفت و خەم، بابای شاعیر، ڕۆماننووس یان ڕۆژنامەنووس وەهمێکی لۆ دروست بێت، پێی وا بێت عاسمان کون بووە، ئەوی لێ بەربوویتەوە. پێی وابێت بەشیعر و نووسینەكانی خزمەتی نیشتمان دەكات و دەبی كوردستان مەمنوونی بێت لە بەرانبەر بەخششەكانی.
لە لایەكی دیكەوە هەموویان پێیان وایە باشترین شاعیرن، باشترین ڕۆژنامەنووس و باشترین ڕۆماننووسن. ئەوەیە سیفەتی کۆمەڵگەی دواکەوتوو، تاکەیلی پێیان وایە زۆر موهیمن و هیچیش نین. ئەو وەهمە وا خەریکە کورد دادەڕمێنێت. وشەی «نازانم» لە فەرهەنگی کورددا نییە، هەمووی پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت، پێی عەیبە بڵێت نازانم.
بریا خەمەکە هەر شاعیر و ڕۆماننووس با. خەمی ئەو هەموو ڕۆژنامەنووسە نەدیتکە و نەزانە، خەمێکی گەورەیە. ئەدی ئەو هەموو شرۆڤەکارە؟ ئەو هەموو پاڵەوانە فسۆڵەی سۆشیال میدیا؟ ئەو هەموو فەیلەسووف و قسە زلانە. ئەو هەموو ڕۆشنبیرە بیرکۆرە. نالی گوتەنی ئەمانە هەمووی (گوو لە ئاوکەر)ن. کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبەن. نەبن چێترە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved