گاد گرۆس
گاد گرۆس

ئەو دەمانەی فریاد ڕواندزی ڕۆژنامەنووس بوو لە هەولێر، زوو زوو دیدارمان دەبوو، ڕۆژێکیان گوتی؛ وا باشە کارێکمان بۆ بکەیت، ماندووبوونی تۆش بەرچاو دەگرین!
گوتم؛ چییە؟ گوتی؛ لە سلێمانی پەیکەرێکمان بۆ ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی بەناوی گاد گرۆس کردووە، لە ڕاپەرین لە کەرکووک شەهید بووە. تۆ بڕۆ پەیکەرەکە بێنەوە. بنکە، دیوار، نەخش، نووسین، یاد، شوێنی بۆ دابین بکە، خۆت چیت پێ باشە وا بکە.
لە شارەوانی ڕەزامەندیم وەرگرت لە ئیسکان دابنرێت، لە بیرم نییە بۆ و چۆن بڕیارمان دا لەوێ بێت!
چووم وەستا، بەرد، چیمەنتۆ، مەڕمەڕ، تەختەی نووسینم ئامادە کرد، چەند ڕۆژێک لەگەڵ وەستا و کرێکارێک خەریکی بنکەکە بووین. ئەوەی لایدەدا و دەیپرسی چی دەکەن؟!
چونکە ئەو دەمانە پەیکەر لە ناو هەولێردا نەبوو، یان بڵێین دەگمەن بوو، ئەوەی هەبوو؛ بنکە، پێناسەی وا بەرزی بۆ نەکرابوو، سادە بوو!
پاش تەواوبوونی بنکەیەکی پتەوی ئەستووری حەلان و مەڕمەڕ.
لە سلێمانی، لەگەڵ قادر میرخانی هونەرمەندی ناسیارم چووینە ماڵ و گەلەری و مۆزەی هونەرمەند دارا حەمە سەعید.
ئێوارە بوو، بەتەنیاش بوو. سەرەتا هەموو بەرهەم، چاڵاکی و جوانییەکانی ماڵەکەی لە ئەرشیف و کارە وردە شیرینەکانی نیشان داین، زوو زووش دەیگوت؛ پەیکەرتاشی سەقەتی کردووم، پشتم زۆر ژان دەکات!
چووینە کارگەکە، لەوێ پەیکەرە سپییەکە، وەک ئەوەی بڵێت؛ ئامادەم بمبەن، دامنێن، بەرزم بکەنەوە، بەسە لێرە دانراوم!
دارا گوتی؛ کارەکە تەواوە، وەرن باری بکەن. من زنجیرێکم بە سەقفەکە بەستاوەتەوە بەرگە دەگرێت، بەوە ڕایکێشنە دەرەوە، شوێنەکە گەراجێک بوو!
چوومە عەلوەی سلێمانی، لەوێ پیکەبێکی دوو تۆنی هەولێریم دۆزییەوە، گوتم بە بەتاڵی مەگەڕێوە، من بارێکم هەیە! چووین و پەیکەرەکەمان بە ڕێنماییی ‹‹دارا›› بار کرد و دەرچووین!
کە گەیشتن چۆن بارەکە داگرین، کێ هەیە، کوا بەرزکەرەوە، گوتیان لە کن نەقلیات کابرایەک هەیە، هات بە پەنجا دینار بۆی بەرز کردینەوە، لە شوێنەکەی خۆی باش و پتەو داینا!
شارەوانیی هەولێر، ڕێورەسمی پەردە و ئاهەنگ و شیرینییەکەی گرتە ئەستۆ.
بۆ پەردەکەش چوومەوە ماڵ، دوو بەرگە لێفی سپیی خاوێنم لێک دا، هونەرمەند نەجات جەوهەر لەوێ دارتاشیی دەکرد، ئاسانکارییەکانی بۆ کردین، پەردەکەمان ساز کرد! بەئاهەنگێکی خنجیلانە پەردە سپییەکەمان لەسەر لادا.
تێچووەکەی لەلایەن دایکی گاد گرۆس دابین کرابوو، وا بزانم حوسێن سنجاری پەیوەندییەکەی کردبوو.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved