ژووری تەقس
ژووری تەقس

ڕۆژانە سەردانی ژووری تەقسمان دەکرد، كە ژوورێکی تایبەتی بچووک بوو لە ناو یانەی ڕاگەیاندن لە هەولێر، سەردەمێك بارەگەی حیزبی شیوعیی کوردستان بوو.
ژوورەکە، مەحموود زامدار ئەو ناوەی لێ نابوو و تایبەتمەندیی خۆی هەبوو.
نووسەر و شاعیرانی هەولێر و هەندەك جاریش نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی سلێمانی و شارەکانی دی لێی کۆ دەبوونەوە، بەدەم گفتوگۆی ئەدەبی و هونەرییەوە، شەراب و مەیان تێدا دەنۆشی.
زامدار بەخۆی ژوورەکەی بەڕێوە دەبرد و گفتوگۆکانی ڕێک دەخست.
لە ژووری تەقسدا، مۆسیقا دەژەنرا، دەف لێ دەدرا، شیعر دەخوێندرایەوە، گۆرانی و مەقام دەگوتران، باسی هەموو شتێكی تێدا دەكرا سیاسەت نەبێت.
لە بارەی یەکەم مەرجی هاتنە ژوورەوە و بەشداربوون لەو ژوورەدا، زامدار دەیگوت بە ئەدەب وەرنە حزوور و جوانبینانە بڕوانن.
ئەوانەی بەردەوام سەردانی ژوورەکەیان دەکرد و بەشدار بوون، جگە لە زامداری بەڕێوەبەر، هاشم سەڕاج، کەریم دەشتی، سەعدوڵڵا پەرۆش، ئیسماعیل بەرزنجی، سەڵاح حەسەن، ئیسماعیل گەیلانی، حەمەعەلی خان و فەیسەڵ دێهاتی بوون.
عادەتەن دوای تەواوبوونیش، سایەق تاکسییەکی بەر دەرگەی یانەکە زۆربەیانی دەبردەوە، چونكە ساڵانی دوای ڕاپەڕین کەم نووسەر ئۆتۆمۆبێلی خۆیان هەبوو.
شەوێک لەو ژوورەدا موناقەشەیەکی زۆر لەسەر شانۆگەری لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا کرا، جار جارەش زامدار دەفێکی پێ بوو دەیژەنی، کە تەواو بووین، شۆفێری تاكسییەكە لەوێ نەبوو، خەركی دیكەی بردبوو، کارەباش نەبوو، تاکسییش کەم بوو.
زامدار بڕیاری دا بەدەم دەفژەنینەوە لە شەقامەكاندا بە پێ بڕۆینەوە تا تاکسییەك دەست دەکەوێت. بە پێیان كەوتینە ڕێ، زامدار دەفی دەژەنی، دنیا تاریک بوو. تووشی مەفرەزەیەک و سەیتەرەیەکی پێشمەرگە بووین. ڕایان گرتین و لە زامداریان پرسی ئەوە لە کوێ دێنەوە؟ زامدار گوتی لە تەکیە و ژووری تەقس، ئێمە دەروێشی جوانیین. پاسەوانەکە گوتی تەکیەی چی و ژووری تەقسی چی؟ ئێوە چین و چ فیکرەیەکن؟ زامدار گوتی قوربان ئێمە عەبەسیین، عەبەسی جەماعەتی ساموێڵ بیکیتین! پاسەوانەكە گوتی ئێوە بەعسیین؟ زامدار گوتی تڕحێو! بابۆ بەعسی چ؟ عەبەسی عەبەسی! پاسەوانەكە تووڕە بوو، هەموومانی بەمێکزەمینێک بردە بنکەی بەرەی کوردستانی، گوایە کۆمەڵێک بەعسییان گرتووە، لە بنکەی بەرەی کوردستانی زامداریان ناسی و بەڕێزەوە هەموومانیان بردەوە ماڵەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved