لە مانگی ڕابردوودا لە هۆڵەندا ئامادەی ئاهەنگێك بووم، كە بۆ دەرچووانی قوتابییانی پۆلی هەشتەم، كە بە پۆلی شەشەمی سەرەتایی جارانی لای خۆمان یەكسانە.
فێریارانی پۆلی هەشتەم هەر لەسەرەتای ساڵی خوێندنەوە، بە بەرنامەڕێژی سەردانی قوتابخانەكانی ناوەندی دەكەن، بۆ ئاشنابوون و شارەزابوونیان لە شوێن، بەرنامە، پسپۆر و.. قوتابخانەكان بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵدا بەپێی توانا، ئاستی زانستی، خواست و ... بەهاوكاری دەیبابان بیاننێرنە ئەو قوتابخانەیەی هەڵی دەبژێرن. فێریار هەر لە قۆناخی سەرەتاییدا ڕێچكەی خوێندنی ساڵانی داهاتووی بۆ زولال و خویا دەبێت.
كەسانی نێزیكی فێریار ئامادەی ئاهەنگەكە دەبن. لەدوای وتەی بەڕێوەبەرایەتی، چەند چالاكییەك لە لایەن فێریارانەوە پێشكێش دەكرێن، دواتر بۆ هەر فێریارێك ئەو فیلمە دۆكۆمێنتارییە پێشان دەدرێت، كە پێشتر بۆی ئامادە كراوە، لەوێدا ئارەزووی بوونی لە دواڕۆژدا دەردەبڕێت.
ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشا لەم ئاهەنگە و لە ئاهەنگی هەمان بۆنەی چارەكە سەدەیەك لەمەوبەردا، كە ئامادە بووم، جیاوازی خواستی فێریارانی هۆڵەندا و كوردستانم بۆ بەدیاركەوت.
لە كوردستاندا زۆربەی هەرە زۆری فێریاران و قوتابییان لەسەر ئەوە ڕاهێندراون، یان گۆشكراون، كە لەدوای تەواوكردنی پۆلی شەشەمی ئامادەیی ڕوو لە زانكۆ بكەن، هەتا لەدواڕۆژدا ببن بە پزیشك، ئەندازیار، یان پارێزەر! لە هۆڵەندەدا خواست و ئارەزووی فێریاران لەسەر ئەم سێ بوارەی لەپێشوو باسكراودا و چوون بۆ زانكۆ ، بەو ڕادەیە نییە، وەك لای خۆمان، چونكە خواست و دەرفەتی خوێندن و كاركردن فراوانتر و جۆراوجۆرترە.
هەر تاكێكی هۆڵەندی تا تەمەنی هەژدە ساڵی دەبێت بخوێنێت. ڕێژەی 20% فێریارانی هۆڵەندی ڕوو لە خوێندنی زانكۆ دەكەن، تا پسپۆری لەم بوارانەدا دەستبخەن، وەك: هەموو جۆرەكانی زانستی پزیشكی، دەروونناسی، كۆمەڵناسی، كارگەداری، پەرستاری، ئاژەڵداری، تەكنیككاری و... 20% یان ڕوو لە ئینستیتووتی باڵای پێشەیی و تەكنیكی دەكەن، كە دواتر وەك یاریدەدەری پسپۆرانی دەرچووانی زانكۆ كاردەكەن. 60% هۆڵەندی هەوڵ دەدەن بڕوانامەیەك لەم بوارانەدا وەربگرن و ڕوو بكەنە دنیای كاركردن، وەك: وێنەگری، پۆلیسی، ڕاگەیاندن، وەرزشی، هونەر بە هەموو جۆرەكانی و...
لە هەفتەی یەكەمی دەستپێكی ساڵی خوێندندا لە فێرگەكانی هۆڵەندەدا بەرنامەی ساڵی داهاتوو لەنێو ساڵنامەیەكدا ڕادەستی فێریان دەكرێت، كە تێیدا ڕۆژانی پشوو، ڕۆژانی تاقیكرنەوە، ڕۆژانی كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی، ڕۆژانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەیبابانی فێریاران، ڕۆژانی پێشكێشكردنی سمینار لە لایەن قوتابییان، كە بە لایەنی كەمەوە فێریار دوو سمینارێك ساز دەكات. فێریاری هۆڵەندی زۆر بە ئاسوودەیی بەردەوام بە خوێندنی خۆی دەدات، چونكە ساڵی خوێندنی بۆ بەرنامەڕێژكراوە.
هەولێر 8/8/2025