خنکان دەبێتە دێوەزمەی هاوینە
خنکان دەبێتە دێوەزمەی هاوینە
August 14, 2025

ئەگەرچی هەموو ساڵێك لە وەرزی گەرمادا ڕۆژانە هەواڵی خنکانی گەنج و منداڵ و گەورە و بچووك لە ئاودا بڵاو دەبێتەوە، كەچی پەندیان لێ وەرناگیرێ و كەس لەو ترسە ناگەڕێتەوە كە ڕەنگە بە چوونە ناو ئاوێكی بێ ئامان ڕووبەڕووی بێتەوە.
لە وەرزی گەرما و هاویندا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ڕووبار و دەریاچە و گۆمە ئاوە وەستاو و جووڵاوەكان دەکەن بۆ مەلەکردن و خۆ فێنککردنەوە، بەڵام ئەوەی لە كوردستان ڕوو دەدات ڕێژەی بەرزی خنكانی خەڵكە لە ئاودا، جا بەهۆكاری نەزانینی مەلەكردنەوە بێت یان ناشارەزایی لەو ئاوانەی ڕوویان تێ دەكەن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تا مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٥، ٣٣ حاڵەتی خنکان لە هەرێمی كوردستان تۆمار کراون، کە ١٣یان لە سنووری پارێزگەی هەولێر بوون، تەمەنی قوربانییەكان لە نێوان ١٥ تا ٢٥ ساڵی دایە.
سەرکەوت کاڕەش گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان بە(گڵکەند)ی ڕاگەیاند ئەوان بەردەوام ڕێنمایی بۆ هاووڵاتیان بڵاو دەکەنەوە و تیمی تایبەتی لە شوێنە گەشتیارییە قەرەباڵغەکان جێگیر دەكەن، ساڵانەش پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرما، ئەو شوێنانەی کە مەترسیی خنکانیان لێ دەکرێت، تابلۆی ئاگەدارکردنەوەیان بە سێ زمان (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) لێ دادەنرێت.
هەروەها لە ڕۆژانی پشوودا تیمەکانی مەلەوانی و ژێرئاو لە شوێنە قەرەباڵغەکانی وەک زێی گەورە و ناوچە گەشتیارییەکان بڵاو دەکرێنەوە.
سەبارەت بەئامارەکانیش گوتی تا مانگی تەمووز، تیمەکانیان زیاتر لە ٨٠ کەسیان لە خنکان ڕزگار کردووە. هەروەها هاوینی ڕابردوو ٩٤ حاڵەتی خنکان لە ئاودا تۆمار کراوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی و خەڵكیش ٤٧٨ هاووڵاتیان لە خنكان ڕزگار کردووە.
هەر بەپێی ئامارەکان، نزیکەی ٨٠٪ی ئەو کەسانەی دەخنکێن، گەنجن و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵی دایە.
لە کەنار زێی گەورە لە قەزای خەبات، لە کاتێکدا خەڵك بۆ گەشت و کات بەسەربردن ڕووی تێ دەکەن، موسلیم حازمی تەمەن ٢٥ ساڵ، ماوەی چوار ساڵە، شان بەشانی ١٧ خۆبەخشی دیکە، چاودێریی گیانی ئەو کەسانە دەکات کە بێباکانە خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەم تیمە خۆبەخشە بوونەتە فریادڕەسی ئەو کەسانەی کە لە لێواری خنکاندان.
موسلیم لەم ماوەیەدا توانیویەتی ١٧ کەس لە خنکان ڕزگار بکات و تەرمی دوو کەسیشی لە ئاو دەرهێناوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ناوچەکە نین، دەشڵێت ”زۆرینەی ئەوانەی ڕوو لە زێی گەورە دەکەن، شارەزایییان لە قووڵی، ئاراستە و خوڕی ئاوەکە نییە، ئەمەش مەترسییەکە چەند هێندە دەکات“.
ئەو گەنجە ئەگەرچی زۆر شارەزای زێیەکەیە، كەچی دەڵێت بەئاگەدارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئاودا دەکات، بەڵام داخیش بۆ ئەوە دەخوات كە ڕۆژانە گەنج دەبینێت بەبێ هیچ کەرەستەیەکی سەلامەتی، خۆیان هەڵدەدەنە ئاوی زێی گەورە، وەک ئەوەی دوژمنی گیانی خۆیان بن.
چیڕۆکی ئەو دوو مێرمنداڵەش بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە کە تەرمەکانیانی لە ئاو دەرهێنایەوە، دوو هاوڕێی تەمەن ١٧ و ١٨ ساڵ بوون، بۆ مەلەکردن هاتبوونە سەر زێیەکە. سەرەتا یەکێکیان دەکەوێتە گێژاوێکی قووڵەوە، هاوڕێکەی بەبێ بیرکردنەوە و بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایییەکی لە ڕزگارکردندا هەبێت، بەدوایدا خۆی فڕێ دەداتە ئاوەکەوە و لە ئەنجامدا هەردووکیان دەخنكێن.
موسلیم هۆشداری دەدات و دەڵێت ”ڕزگارکردنی کەسێک لەنێو ئاودا شارەزایی و تەکنیکی تایبەتی دەوێت. ناکرێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەدوای کەسێکی دیکەدا بچیت، چونکە زۆر جار کارەساتەکە گەورەتر دەکات“.
ئەو گەنجە خۆبەخشە داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئەگەر بڕیاری مەلەوانییان دا، کەرەستەی سەلامەتی وەک هێلەکی مەلەوانی بەکار بهێنن و شوێنە قەرەباڵغەکان هەڵبژێرن کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خۆبەخشانی ژێرئاوی لێیە، بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، فریادڕەسێک هەبێت بەهانایانەوە بچێت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکان، چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت زیادبوونی ڕووداوەکانەوەن، لەوانە سروشتی ئاوی کوردستان، كە زۆربەی ئاوی ڕووبارەکان ساردن، دەبنە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان و لەکارکەوتنی جووڵەی مەلەوان، تەنانەت ئەگەر شارەزاش بێت. هەروەها تیژڕەویی ئاو و بوونی گێژاو و قووڵاییی نادیار، مەترسییەکان زیاتر دەکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved