بازاڕی كامیان باشترە؟
زیاتر له 10 مۆڵ له هه‌ولێر هه‌ن، له‌گه‌ڵ ده‌یان بازاڕی كۆن و نوێ، به‌شێك له مۆڵه‌كان بوونەتە شوێنی كات به‌سه‌ربردن و كۆبوونه‌وه‌ی خێزانی، هێشتا خه‌ڵك ڕوو لە بازاڕەكانی جاران ده‌كه‌ن.
هاووڵاتیان و كاسبكاران له باره‌ی مۆڵە نوێ و بازاڕه كۆنەكانەوە ڕای جیاوازیان هەیە، به‌شێك پێیان وایه ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی بڕاندن، ته‌نها له مۆڵه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ون، به‌شێكی تر له بازاڕه كۆنه‌كان نەبێت، دڵیان ئاو ناخواته‌وه.
ڕێبین سابیر دەمێكە ئەهلی ناو بازاڕی هەولێرە، دەڵێ “ئێستە خەرك لە سێ جێیان شمەكی دەكڕن، لە مۆڵەكان، لە بازاڕی گەڕەكە شەعبییەكان و لەناو بازاڕی شێخەڵڵا و قەیسەری و دەوری قەراتێ”.
ئەو كاسبكارە پێی وایە جیاوازییەكی زۆر لە نرخی شمەك لە نێوان بازاڕەكاندا هەیە، “ئەشیای مۆڵەكان گرانن، چونكە مەسرەفی ئجووری عەمەلە و دوكانیان زۆرە. لە بازاڕە شەعبییەكان و شێخەڵڵا نەفسی شت بە سعری زۆر هەرزانتر دەكڕی، بەس ئۆندەیە لەناو پاكەتی جوان دانەندراینە و دوكانەكان وەكی ئی مۆڵەكان نەڕازاندراینەوە”.
بەبۆچوونی ڕێبین، دوكانداری بازاڕە میللییەكان بە قازانجێكی كەم قایل دەبن، چونكە زۆرتر دەفرۆشن و لە كۆتاییی ڕۆژدا بەشی خۆیان قازانج دەكەن. بەڵام مۆڵەكان كەمتر دەفرۆشن و بەهۆی خەرجییە زۆرەكانیانەوە، ناچارن قازانجی زیاتر بخەنە سەر كەلوپەلەكانیان.
نموونەش بەوە دێنێتەوە كە هەمان ئەو كراسەی لە مۆڵێك بە ٤٥ هەزار دینار دەیكڕێت، لە بازاڕە میللییەكان بە حەفت هەزار دینار دەست دەكەوێت.
ئه‌ژی محه‌مه‌د فه‌رمانبه‌ره، زۆر جار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بۆ كات به‌سه‌ربردن ده‌چێته مۆڵ، ده‌ڵێت شت كڕینی ئەو به‌ڕێككەو‌ته، نیوە بەنیوە لە مۆڵ و لە بازاڕە كۆنەكان شت دەكڕێت. بە گشتی كە بۆ پیاسە بچێتە مۆڵێك و شتێكی بكەوێتە بەر دڵی، دەیكڕێت، لە بازاڕەكانیش بەهەمان شێوە. بەڵام ئەوەش دەڵێ “هه‌نده‌ك ماڕكه‌ی جلوبەرگ و كەلوپەلی ناو ماڵ، به‌س له مۆڵەكان ده‌ست ده‌كه‌ون”.
ڕزگار شه‌مسه‌دین بازرگانێكی شتومەكە لە هەولێر، دەڵێ سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی جیهانی كردووه و ئاشنایه‌تیی زۆری له‌گه‌ڵ بازاڕه‌كان هه‌یه، پێی وایه زۆربەی ئەو كەلوپەلانەی لە مۆڵەكانی كوردستان دەفرۆشرێن، بڕاند نین، بەڵكو ماستەر كۆپین.
ئاماژەش بەوە دەكات كە لە هەولێر ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی عەرەب و بیانی سەردانی مۆڵەكان دەكەن، لەبەرئەوەی مۆڵەكان مۆدێرنن و كەشوهەوایان گونجاوە بۆ مانەوە و پیاسەكردن، كەلوپەلی زۆرتر و جۆراجۆریشیان هەیە.
سۆزان مسته‌فا مامۆستایه و دوو منداڵی هەیە، لە گچكەیییەوە ئاشنایە بەقەیسەری و جاران لەگەڵ دایكی دەچوو، دەڵێ “درم بەقەیسەری دەكرێتەوە، وەلەو شتەكانی بڕۆكەك گرانن، به‌س لۆ كڕینی جلكی خۆم و منداره‌كانم هه‌ر دەچمە وێنده‌رێ و لۆ هیچ شتەكی مه‌حته‌ل نابم، جار جارەش دەچمە جادەی ته‌یراوه و مناره‌ش، به‌س ناچمه مۆڵان”.
هێمن هاشم چەند دوكانێكی فرۆشتنی جلوبه‌رگی هەیە لە مۆڵەكانی هەولێر، پێی وایه خەڵك وەك جاران سەردانی بازاڕه میللییەكان و شێخەڵڵا ناكەن، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له مۆڵ شوێنی تایبه‌ت بە ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل هەیە و خزمەتگوزاریی گشتی و شوێنی حەسانەوە و هەموو جۆرە دوكانێكیش لەخۆ دەگرن.
هەروەها چۆڵبوونی ژمارەیەك دوكانی بازاڕەكانی شێخەڵڵا، قەیسەری و باتەش بە بەڵگە دێنێتەوە بۆ ئەوەی كڕیار پشتیان لە بازاڕەكانی ناوەندی شار كردووە.
قسەكانی هێمن لە كاتێكدایە كە دوكاندارێكی (ئەسواق ئەربیل)ی ژێر قەڵات بە ناوی نه‌وزاد خالید، كە زیاتر له بیست ساڵه لەوێ كار دەكات، دەڵێ لە كۆنەوە كڕیاری خۆیان هەیە و خەڵك متمانەیان بەجلوبەرگەكانی ئەوانە و بەردەوام كڕیاریان بەرەو زیادبوونە.