رەسووڵ گەردی چۆن باسی دەکرد؟
ساڵی ١٩٣٠ منداڵێك لە خێزانێكی خواپێداوی سلێمانی لەدایك دەبێت، هەر لە گچكەیییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی تێدا دەردەكەوێت، لە هەرزەکاری دەكەوێتە ژێر کاریگەریی گۆرانییەكانی فەرید ئەتڕەش، بەم هۆیەوە خۆی فێری ژەنینی عوود دەکات، ساڵی ١٩٤٧ هەر بەو عەشقەوە دەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا. لە پاڵ خوێندنەکەی، لە پەنجاکاندا دەچێتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و چەند گۆرانییەکی مۆدیرن بۆ ئەو سەردەمە تۆمار دەکات، کە تا ئێستەش گوێگری کورد لە یادی نەکردوون، وەك هەرە لەیلێ، شوانە هۆ شوانە، هاتی ئێ بۆ هاتی، ئازیز بەهارە، کە شێوازێکی جیاوازی لەگەڵ دەنگ و گۆرانیی ئەودەمی کوردی هەبوو. ساڵی ١٩٥٦یش گەڕایەوە زانكۆ و بەشی مێژووی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا تەواو کرد و هەر لەوێ بوو بەمامۆستا. دواتر وەک مامۆستای ڕۆشنبیریی میوزیک گەڕایەوە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا، لەوێ دەستی بەگوتنەوەی ئەم وانەیە کرد، لەو كاتانەدا گەشتێكی ئەمریکای کرد و ساڵی ١٩٦٣ لەوێ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی ئەدەب وەدەست هێنا، دواجار ساڵی ١٩٧١ گەڕایەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی وەکو کەسێکی ئەکادیمی دەستی کرد بە وانەگوتنەوە. شەماڵ جەلال ئەحمەد سائیب ساڵی (١٩٨١) کە زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر گوازرایەوە، وەک فەرمانبەرێکی زانکۆکە هاتە هەولێر و لێرە نیشتەجێ بوو تا لە ١٩٨٦/١١/٨ هەر لە هەولێر ماڵئاواییی کرد، بەر لە ماڵئاواییشی دەیگوت بەئاواتە دوای مردنی لە هەولێرێ بنێژرێت، بەڵام ئاواتەکەی نەهاتە دی، نیهال سائیبی برای تەرمەکەی بردەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان نێژرا. لە ژیانی سائیبدا، چیڕۆكی خۆشەویستییەكی پڕ وەفا هەیە كە هی کچێكی كریستیان بوو بەناوی ئەمەل، شەماڵ بەر لەوەی بچێتە ئەمەریکا پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵدا هەبوو، قەدەر وا بوو نەیتوانی لەگەڵ خۆی بیبات، بەڵام لە كۆتاییی ژیانیدا لە هەولێر، ئەمەل دوای چەندین ساڵ گەڕایەوە لای و ئاگەداری تەندروستیی شەماڵ بوو و خزمەتی دەكرد. شەماڵ سائیب بەردەوام بەشەوقەوە باسی غەریبدۆستی و چاكەی خەڵکی هەولێرێی دەکرد، جارێکیان لە بنکەی ڕۆشنبیریی زانکۆ، شوێنی ئێستەی (یانەی ئاوێزە) دانیشتبووین، بەزەردەخەنەوە دەیگوت “من خۆم لە تۆ بەهەولێریتر دەزانم، چونکە دەزانم هەولێرییەکان چەند منیان خۆش دەوێت”. لە ڕۆژێکی زستانی ١٩٨٣دا هونەرمەند ناسر حەسەن و وێنەگر جەبار غەریب لەگەڵ ستافێکی تەلەڤزیۆنی بەغدا، هاتنە هەولێر بۆ بەرنامەیەکی کشتوکاڵی، بە هەلم زانی بۆ دیدارێک لەگەڵ شەماڵ سائیب لە ماڵەكەیدا لە گەڕەکی شۆڕش، دیدارەکەی زۆر پێ خۆش بوو، ماوەی (٤٥) خولەكمان تۆمار کرد، ئەودەم لە ژوور سەری تەسجیلێک دانرابوو، دایگیرساند و گوێمان لە ئاوازێکی نوێی بوو کە بەشیعر و ئاوازەوە لە دوو توێی (ئۆپەرێت)ێک ئامادەی کردبوو، بەدەنگی خۆی و کچانی زانکۆ، دانەیەکم لەو دیدارە بۆ خۆم لەسەر کاسێتێکی (G.S-7) تۆمار کرد. لە بارەی شەماڵەوە، مامۆستا باکوری دەیگێڕێتەوە “هەردووکمان قوتابی بووین و میوزیکژەن بووین، لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا گۆرانیمان دەگۆت، پێکەوەش لە شوقەیەکی دوو ژووری بووین لە شەقامی کیفاح، تازە ئاوازی گۆرانیی (ئەڵێن جوانە)م دانابوو، ئەویش هی (ئەرێ لەیلێ)، هێشتا لە ڕادیۆ تۆمارمان نەکردبوو، پرۆڤەمان بە(عود)ـەکەمانەوە دەکرد، ڕۆژێکیان (شەماڵ) پێی گۆتم بۆ نایەی من و تۆ ئەم دوو ئاوازە بگۆڕینەوە، تۆ (ئەرێ لەیلێ) بڵێ و منیش (ئەڵێن جوانە)، چونکە بەڕاستی عەشقی ئەو ئاوازەم، زۆری لەگەڵ هەوڵ دام و ڕازی نەبووم، لە دواییدا هەردووکمان هەردوو گۆرانیمان لە ڕادیۆ تۆمار کرد، دەنگ و سەدایەکی زۆری هەبوو”. هەرە لەیلێ خۆشەویستترین گۆرانی بوو لەلای شەماڵ سائیب و دەیگوت وەكو كوڕی خۆمە، ئەو گۆرانییە زوو لەناو کورد و عەرەبیش بڵاو بووەوە. هەر لە بارەی ئەو گۆرانییەوە، دوکتۆر حەمە نوری عارف لە زاری هونەرمەند ڕووداوێک دەگێڕێتەوە “جارێکیان شەماڵ سائیب بۆ ئامادە بوون لە پرسەی خزمێکیان بە پاس لە بەغداوە دەگەڕێتەوە سلێمانی، لە ڕێگەدا بازگەیەکی سەربازی ڕایان دەگرن و ناسنامەیان لێ وەردەگرن، کە دەگاتە لای شەماڵ سائیب و ناسنامەکەی لێ وەردەگرێ، سەربازەکە یەکسەر ڕووی تێ دەکات و دەڵێت وەڵا ئەوەتا هەرێ لەیلێ، تا هەرێ لەیلێیەکمان بۆ نەڵێیت بەڕێت ناکەین. شەماڵیش دەڵێت کاکە من بۆ پرسەی ئازیزێکم دەچمەوە سلێمانی، کەی کاتی ئەوەیە هەرێ لەیلێ بڵێم؟ سەربازەکە داوای لێبووردنی لێ دەکات و بەڕێی دەکەن”. ڕەسووڵ گەردییش لە بارەی هونەرمەندەوە دەگێڕێتەوە “ئاخیری حەیاتی هەمووی مەئسات بوو، زۆر سەردانیم دەکرد، زۆر جاریش هەردووکمان پێکەوە دەچووینە خزمەت جەنابی شێخ سەڵاحەدین باقلانی، ماڵی شێخ بەتایبەت نووسەر و شاعیری کوڕیان عەبدولڕەحمان بێلاف زۆر تەقدیریان دەگرت، شێخ لەسەر مەساڕیفی خۆی ڕەوانەی خەستەخانەی ئیبن بەیتاریان کرد، دوای وەرگرتنی چارەسەری هێنایانەوە، دووبارە داخیلی خەستەخانەی کۆماری لە هەولێر کرا، ئەو ڕۆژانەی تەندروستیی بەرەو خراپی دەچوو، دەیگوت هەموو ئاواتم ئەوەیە لە هەولێرێ بمنێژن”.