كەسوكاری شەش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دوور دەخرێنەوە
كەسوكاری شەش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دوور دەخرێنەوە

 دەوڵەتی عێراق کەسوکاری شەش هاووڵاتی دوور دەخاتەوە، بەهۆی ئەوەی بوونەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول. بەپێی نووسراوێکی (زۆر نهێنی)، کە فەرماندەییی هێزی مەیدان ڕۆژی 10/3/1966 بۆ موتەسەڕیفیەتی لیوای هەولێری ناردووە، داوای دوورخستنەوەی کەسوکاری شەش پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلوول، دەکات. بڕیارەکە بۆ «پێویستییەکانی بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی ناوچەکە» دەرکراوە، گوایە کەسوکاری ئەو شەش پێشمەرگەیە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق و وێنەیەکی نووسراوەکەش بۆ دوو فیرقەی سوپا، دەزگای هەواڵگری، پۆلیس، ئەمنی عامە و قایمقامیەتی کۆیە نێردراوە. ناوی پێشمەرگەکان و کەسوکارە دوورخراوەکانیان: - پێشمەرگە دڵشاد واحید ساڵح باوکی و حەبیبە مستەفای دایکی و قومریەی خوشکی بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە. - پێشمەرگە فاروق جەمال وەهاب باوکی و ڕەحمە حاجی ئیسماعیلی دایکی و سامیی برای کە بەرگدوور بووە، بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە. - پێشمەرگە سەباح کاک ساڵح باوکی و فاتیمە مەجیدی دایکی بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە. - پێشمەرگە عومەر عەبدوڵڵا باوکی و ئامینە عەبدوڵڵای دایکی و حوسێن و بەکری برای، بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە. - پێشمەرگە فوئاد ڕەزا باوکی و جەمیلە حوسێنی دایکی بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە. - پێشمەرگە زاهیر عەلی باوکی و عایشەی دایکی و تاهیری برای بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved