پاسەوانانی یادەوەرییەکانی هەولێر
پاسەوانانی یادەوەرییەکانی هەولێر
August 21, 2025

لە گۆشەیەکی ئارامی پارکی منارە، لە سێبەری سەدان ساڵ مێژووی سەربڵندی هەولێر، دوور لە جەنجاڵیی شار، شوێنێک هەیە بۆنی قاوەی تاڵ و نوقڵی شیرینی لێ نابڕێت. شوێنێک کە چرچ و لۆچی سەر ڕووخساری میوانەكانی، نەخشەی مێژوو و یادەوەریی پڕ لە شانازیی شارێک دەگێڕنەوە.
ئێرە، سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی سوڵتان موزەفەرەدینە، ڕووبەرە بچووکەکەی بووەتە دڵێکی گەورە بۆ هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی هەولێری کۆن و نوێ.
ئێوارانی شەممە و سێشەممە، هۆڵە شەست مەترییەکە دەبێتە مەیدانێكی گەورەی گێڕانەوەی یادەوەرییەكانی كۆڵان و گەڕەکەکانی قەڵات و خانەقا، تەعجیل و تەیراوە، کە تێیدا کورد و تورکمان و عەرەب وەک برا لەسەر سفرەی خۆشەویستی و ڕێز کۆ دەبنەوە.
ئەم سەنتەرە کە ناوی هەڵگری یەکێک لە گەشاوەترین ئەستێرەکانی مێژووی هەولێرە، سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبۆرۆ، لە ساڵی ٢٠٢١ بەمۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگەی هەولێر دامەزراوە.
بیرۆکەی دامەزراندنی لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراوی شارەوە بووە کە تەمەنیان لە سەرووی شەست ساڵەوەیە و ویستوویانە ڕووبەرێک بۆ پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی هەولێر و زیندووکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان دروست بکەن.
سەنتەرەکە بەسەرۆکایەتیی حاجی ماجد بازرگان، ئەندامی خانەنشینکراوی پەرلەمانی کوردستان و بەبودجە و داراییی سەربەخۆی ئەندامەکانی بەڕێوە دەچێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەو سەنتەرە، وەک لە پەیڕەوی ناوەخۆییدا هاتووە، تەنیا خزمەتکردنی هەولێر و هەولێرییەکان نییە، بەڵکو داکۆکیکردنە لەو دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پتەوانەی کە دەیان ساڵە بناغەی تەبایی و ئارامیی ئەم شارەیان داڕشتووە.
ئەوانەی ڕووی تێ دەکەن، لە بازرگان و پیاوانی کارەوە بگرە، تا مامۆستایانی ئاینی، پەرلەمانتاران، مامۆستایانی زانکۆ و کاسبکارانی قەیسەرییە مێژوویییەکە؛ هەموویان دراوسێ و دۆستی کۆنی یەکترن و، لێرە دوور لە ناسنامەی حزبی و سیاسی، تەنها وەک هەولێرییەک کۆ دەبنەوە.
نەبیل موحسین کەریم، پیاوێکی بەتەمەنە و ئەزموونێکی زۆری لە پەروەردە و فێرکردن هەیە لەو شارە، یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری بووە لە پەروەردەی هەولێر، ئێستە خانەنشینە و یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی سەنتەرەکە، باس لەوە دەکات کە ئەم شوێنە بووەتە مینبەرێک بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونەکان و دەڵێت “لێرە هەموو کەسەکان خاوەن ئەزموونی خۆیانن. گفتوگۆ لەسەر باری کۆمەڵایەتی، نیشتمانی و ئابووری دەکرێت. باس لە کولتووری کۆنی هەولێر و ئەو پیشە و کارانە دەکرێت کە بەشێکیان ئێستە نەماون”.
ئەو كەسایەتییە بەحەسرەتەوە ئاماژە بەهەندێک پیشەی کۆن دەکات کە ناسنامەی هەولێر بوون و دەڵێت «هەولێر بە پیشەکانیەوە بەناوبانگ بوو. وەکی بەزازی، زێڕنگری و بەقاڵی.” تەنانەت باسی هەندێک پیشەی وەک ‹گەچەچی› دەكات کە مافووریان دروست دەکرد و ‹ندافی› کە لۆکەیان پاک دەکردەوە، هەروەها ‹قوتسی› کە جگەرەیان بە قوتوو دەفرۆشت، ئەو پیشانە ئێستە کەم بوونەتەوە یان هەر نەماون.
جوانیی ئەو سەنتەرە تەنیا لە کۆکردنەوەی نەوەی کۆن نییە، بەڵکو بووەتە پردێکی پەیوەندیی نێوان نەوەی کۆن و نوێدا. محەمەد دڵشاد بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمانە، وەک گەنجێک کە بایەخ بەم دانیشتنانە دەدات، جەخت لە گرینگیی سەنتەرەکە دەکاتەوە و پێی وایە مانەوەی مێژوو و کولتوور بەگێڕانەوەی ئەو کەسە بەئەزموونانە بۆ نەوەی نوێ مسۆگەر دەبێت. دەڵێت «گوێگرتن لەو کەسایەتییانەی هەگبەی ژیانیان پڕە لە ئەزموون، گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمەی گەنج تا شارەزای مێژووی شارەکەمان بین”.
مستەفا مەحموود هەولێری، گەنجێکی فۆتۆگرافەرە و یەکێکە لەوانەی بەردەوام سەردانی سەنتەرەكە دەكەن. بەپەرۆشەوە دەڵێت «زۆر شەڕەفمەندم کە لەگەڵ ئەو پیاوە نازدارانەی هەولێر دادەنیشم.
کاتێک گوێ لە چیڕۆک و بەسەرهاتەکانیان دەگرم لە ساڵانی شەستەکانەوە تا نەوەتەکان، خۆزگە دەخوازم لە سەردەمی ئەواندا ژیابام”.
سەنتەری سوڵتان موزەفەرەدین تەنیا شوێنی قاوەخواردنەوە و گێڕانەوەی یادگاری نییە، بەڵکو ناوەندێکی چاڵاکی ڕۆشنبیرییە. لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا، دەیان کۆڕ، سیمینار، وۆرکشۆپ و مەراسیمی واژۆکردنی کتێبی لە باخچە خنجیلانەکەیدا ئەنجام داوە، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە لەسەر خانەوادە و کەسایەتییە دیارەکانی هەولێر نووسراون.
لەگەڵ هەموو ئەم کارە جوانانەدا، داواکاری و پێشنیازی جدییش هەن. بەشێک لە ڕۆشنبیران و پیاوماقووڵانی سەنتەرەکە پێیان وایە پێویستە «ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاری» لەناو سەنتەرەکەدا پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی لەسەر پرسە گرینگەکانی تایبەت بەشارەکە ڕاوێژ بکەن و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی شار دروست بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەستەی کارگێڕیی سەنتەرەکە بەسەرۆکایەتیی حاجی ماجد بازرگان، هیواخوازن حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر ئاوڕ لەم ناوەندە بدەنەوە و هاوکاریان بن لە فراوانکردنی هۆڵی کۆبوونەوەکان، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، ئەم «نوخبە جوانەی هەولێرییەکان» کە یەکێکە لە جوانترین نموونەکانی پێکەوەژیان لە کوردستان، شایەنی شوێنێکی فراوانتر و شایستەترن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved