لە ئەڵمانیاوە بە 37 رۆژ گەیشتەوە عەنکاوە
لە ئەڵمانیاوە بە 37 رۆژ گەیشتەوە عەنکاوە
August 21, 2025

سەرەتای ئەم مانگە ژنێكی کریستیانی عەنکاوە دوای گەشتێکی 37 ڕۆژە بەپایسکل لەگەڵ هاوژینە ڕووسییەکەی لە ئەڵمانیاوە گەیشتنەوە هەولێر، ئەو کە بە پایسكیل چەندین وڵات گەڕاوە، دەڵێت عەنکاوە و هەولێر لە هەموو شارەكانی دنیا خۆشترن.
ئیڤا سڵێوە بەیتوون (تەمەن 53 ساڵ)، كە ئێوارەی ڕۆژی سێی ئەم مانگە لەگەڵ جۆرج سباتەری هاوژینی گەیشتنەوە زێد، یادگاریی زۆری لە عەنکاوە هەیە و لە تەمەنێکی بچووکەوە شەیدای یاریی تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز بووە، بۆیە هەركە گەڕاوە سەردانی یانەی ئەکادی شارەكەی كرد.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیشی لە عەنکاوە تەواو کردووە، لە سەرەتای نۆهەتەكانی سەدەی ڕابردوو کوردستان بەجێ دێڵێت و ڕوو دەکاتە ئەڵمانیا، لە شاری ئوسنا بروک نیشتەجێ دەبێت و هەر لەوێش هاوسەرگیری دەکات.
ئیڤا دوای گەیشتنی بەعەنكاوە بۆ (گڵکەند) گوتی «گەشتەکەم زۆر دوور و درێژ بوو، بەڵام تامەزرۆی گەیشتن بەعەنكاوە بۆی ئاسان كردم، هاوسەرەکەشم هاندەرێكی باشم بوو تا بگەمەوە شوێنی یادگارییەکانم و منداڵیم“.
ئەو كە پێشوەختە بڕیاری دابوو یەکەم وێستگەی لە هەولێر سەردانیکردنی یانەی ئەکادی کچان بێت کە یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی تۆپی بالە و لە پاڵەوانەکانی کوردستانە. پێشوازیکردنی گەرمی خەڵک لە ئیڤا لە پێش ئەو یانەیە سەرسامی کردووە، لەم بارەوە دەڵێت ”یانەکە ڕێزیان لێ ناوە و هەرگیز ئەوەی لە بیر ناچێتەوە“.
لە بارەی گەشتەکەشیەوە باس لەوە دەكات كە لە ژیانی خۆیدا گەشتی زۆری بە پایسکل کردووە، فەڕەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا و وڵاتانی دیکە گەڕاوە، بەڵام ”بۆ من ئەم گەشتە هەستێکی تایبەتی هەبوو، بۆیە ماندووبوون و شەکەتی و دوورودرێژیی گەشتەکە ڕای نەگرتم و ساردی نەکردمەوە“.
بەگوتەی ئەو، شوێن و مەنزڵگە و یادگارییەکانی و کوچە و کۆڵانەکانی عەنکاوە ئەوە دەهێنێت لە پێناویدا ماندوو بێت، دەڵێت «هەموو شتێکی جارانم لە یاد ماوەتەوە و چێژی تایبەتیان بۆ من هەیە“.
ئەو ژنە كریستیانە زۆر خۆشحاڵە بەبینینی پێشكەوتنی گەورەی هەولێر لە هەموو ڕووەكانەوە و ئاماژە بەوە دەكات ”هەرێمی کوردستان زۆر هێمن و ئارامە، زۆر پێشکەوتووە. بەئومێدم هەولێر و عەنكاوە زیاتریش گەشە بكەن“. تکاش دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بە سروشت بدات و وڵات سەوزتر بكرێت.
ئیڤا كە بۆ گەیشتن بەهەولێر 4500 کیلۆمەتری بڕیوە، هەروەها بە ژمارەیەک وڵاتدا تێپەڕیوە لەوانە چیک، هەنگاریا، نەمسا، سڕبيا، بولگاریا، یۆنان و تورکیا. بڕیاری داوە ماوەی 10 ڕۆژ لە هەولێر بمێنێتەوە، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەولێر دەکات کە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved