لە كۆڵانێكی تەسکی تەیراوەدا، کە هەست دەكەیت كات خاوتر تێ دەپەڕێت، پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ، پرۆژێكتەرێكی كۆنی سینەمای لەناو ماڵەكەیدا زیندی كردووەتەوە.
جەوهەر ئەنوەر لە حەفتاكانی سەتەی ڕابردوودا پرۆژێکتۆری سینەما سەڵاحەدین بووە، ئێستە نهۆمی یەكەمی خانووە 130 مەترییەكەی بەیادی جاران كردووەتە سینەما، هەفتەی دوو جار بەبێ بەرانبەر فیلم پیشانی خەڵك و برادەرانی دەدات، جار جارە میوە و شیرینییش بەسەر میواناندا دابەش دەكرێت.
لەو شوێنە بچووکەدا كە جێی 50 کورسی دەبێتەوە، فەزایێک لە نۆستالژیا و هونەر و کۆمەڵگەیەكی بچووك بنیات نراوە. دیوارەکان بەپۆستەری کۆنی ئایکۆنەکانی جارانی سینەما ڕازاونەتەوە. شاشەیەکی سێ بە شەش مەتری، ڕۆژانی هەینی فیلمە کلاسیکە هیندییەكان و ڕۆژانی دووشەممەش فیلمە كۆنە ئینگلیزییەکانی لەسەر دەدرەوشێتەوە.
جەوهەر ئەنوەر کە جاران سینەمایەکی گەڕۆکی لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر دەگێڕا، پێش حەفت ساڵ مۆڵەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئاسایش وەرگرتووە بۆ کردنەوەی سینەمای ماڵەوە. لەم بارەوە دەڵێت “حهموو ژیانم لهناو سینهمەی بەسەر بردییە، وەكی له ههولێرێ سینهمە نهمابوو، دەمویست شتەكی بكەم زندی بكهمهوه، لۆیێ ماری خۆم كردە سینەمە”.
دامەزراندنی سینهمای ماڵی جەوهەر ئەنوەر نێزیكەی سێ دەفتەر دۆلاری تێ چووە. ههمووی له گیرفانی خۆی داوە، لەوساشەوە تا ئێستە چوونه ژوورهوه بێ بهرانبهره، جار جارە شیرینی و میوەش پێشكێشی میوانەكانی دەكات.
پیشاندانی ئهو فیلمە كۆنانه، سەدان یادگاری دێنێتەوە یادی ئەو سینەمادۆستە و میوانەكانی، هۆڵەكە بووەتە شوێنێكیش بۆ كۆبوونەوە و یهكتر بینینی هاوڕێ كۆنەكان و ئاشنابوونەوەی خەڵکی كۆنی گەڕەك و ئهو هاوڕێیانهیان كه ساڵانێكه سهرقاڵییەکانی ژیان لێكی دوور خستینەوە.
جەوهەر ئەنوەر دەڵێت ئامانجی ئهو لهو كارەیدا، ئاشتكردنهوهی خهڵكه بهسینهمای جاران و ئاشناكردنی گەنجانە بهو سینهمایەی نەوەی جاران بینیویانە.
ههڵبژاردنی فیلمهكانی سینەمای ماڵەكەی تەیراوە لهسهر داوای ئامادهبووانه، ئەو فیلمانەی پیشان دەدرێن، زۆربەیان مێژوویی و كۆمهڵایهتین. بەڵام لەوەش زیاتر ئەو ماڵە بووەتە جێی كۆبوونەوەی هونەرمەندانیش، زۆر جار هونهرمهندانی شانۆكار و سینەماكار، لەوێندەر پرۆڤەكانی شانۆ و درامای خۆیان ئەنجام دەدەن.