سینەما هاوینییەكانی هەولێر
سینەما هاوینییەكانی هەولێر

شێستەكانی سەتەی ڕابردوو هەتا کۆتاییی حەفتاکان، ئامێری ساردکەرەوەی وەک موبەریدە لە هەولێر نەبوو، تاک و تەرا پانکە هەبوو، خەڵک بەباوەشێنەی دار خۆیان فێنک دەکردەوە. واش هەست دەكرێت ئەو كات هەولێر وەكی ئێستە گەرم نەبوو، هیچ نەبی ئۆندە سەیارە و موەلیدە و كارگەی لێ نەبوو كە پلەی گەرما بفڕێنێت و ئۆكسجین بەشی هەناسەدانیش نەمێنێت، سەرباری ئەوەی تەلاری بەرز و بە بلۆكدروستكراویش جارێ قیت نەكرابوونەوە، بە زۆری خانیی كەرپووچ بوو لە دەشتەكی تەخت و پان و بەرین كە ئێستە هەمووی بووەتە گەڕەكی قەرەباڵغ. لەگەڵ ئەوانەشدا سینەما کۆنەکانی هەولێر، بۆ وەرزی هاوینان سینەمای تایبەتی هاوینەیان دروست دەكرد.
ئەو سینەمایانە شەوانە لە کەشوهەوایەكی کراوە و فێنكدا فیلمیان پەخش دەكرد. پتریش خانەوادە و خێزانی هەولێرێ دەچوونە سینەمای شەوانی هاوینان نەك هەر گەنجی زگورتی.
سەرەتا سینەمای سەڵاحەدین یەکەم سینەمای هاوینەی کردەوە کە هەر لە تەنیشت هۆڵی سینەماکە بوو، شاشەیەکی گەورەی لە گۆڕەپان و باخچەکەی سینەماکە تەرخان کردبوو، کورسییەکی زۆری لێ ڕیز كردبوو، شەوانی هاوین لەو سینەما کراوەیەدا بەردەوام فیلمی نوێ پەخش دەكران، دواتر سینەمای حەمراش چاوی لێ كرد و سینەمای هاوینەی کردەوە، ئینجا سینەما سیروانیش هەمان ڕێچكەی گرتە بەر.
هەر لە هەولێرێ دوو سینەمای دیكەی هاوینەی تایبەت كرانەوە بەناوەكانی سینەما سەفین و سینەما جوندیان، کە دەکەوتنە تەنیشت گۆڕەپانی بینایەی مەحکەمەی کۆنی هەولێر، زۆر جار شەوانە خەڵکانێک لەسەر قەڵات، لە دوورەوە لە شاشەی فیلمەکانیان دەڕوانی، وەلێ فیلمەکان لە دوورەوە دیتنیان ئەوها خۆش نەبوو، بەتایبەتی كە نەدەتواندرا گوێبیستی دەنگی فیلمەکە بیت. تەنیا ئەوەندەی خۆش بوو كە بێ كڕینی بلێت فیلمت دەدیت.
کەشی سینەمای هاوینەی هەولێر بۆ خێزان تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەبوو، تا ساڵی ١٩٧٧ بەردەوام بوو، بەهەر هۆكارێك بێت دوای ئەو ساڵە دیاردەی سینەمای هاوینە لە هەولێر نەما و سەرجەمیان تێکدران، تەنها ئەوە نەبێت كە جار جارە لە باخچەی شار بەرامبەر سینەما حەمرا، شەوانە فیلم بەبێ بەرامبەر پەخش دەكرا و خەڵکی هەولێر سەردانیان دەکرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved