ئەو شارسازە یۆنانییەی قەڵاتی كردە چەقی هەولێر
ئەو شارسازە یۆنانییەی قەڵاتی كردە چەقی هەولێر

دوای چەندین سەدە گەشەسەندنی لەخۆڕا و ڕەمەکی، کە بەپێی بارودۆخی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی قاڵبی گرتبوو، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەولێر گەیشتە دەروازەی گۆڕانکارییە گەورەکانی شارسازی. کاتێک حکوومەتی عێراق هاوکاریی ئەندازیار و بیرمەندی یۆنانی کۆنستنتینۆس دۆکسیادیسی وەدەست هێنا، کە لەو سەردەمەدا یەکێک بوو لە دیارترین پلاندانەران و شارسازە هەرە ناودارەکانی جیهان، بەئامانجی داڕشتنی ماستەرپلانێکی مۆدێرن بۆ هەولێر، کە هاوسەنگیی گەشەی دانیشتوان و تازەگەری بێنێتە ئاراوە، لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە تایبەتمەندی و شوناسی مێژووییی شارەکە بکات.

دۆکسیادیس: فەلسەفەیەکی مرۆڤ-سەنتەر بۆ پلاندانان
دۆکسیادیس تەنیا ئەندازیار نەبوو؛ بیرمەند و تیۆریستێکی شارساز بوو، ڕوانینێکی گشتگیری هەبوو کە بە(ئێکیستیک) ناسرابوو.
ئێکیستیک زانستی نیشتەجێبوونی مرۆڤە، ئامانجی بەدەستهێنانی هاوسەنگییە لە نێوان دانیشتوان و ژینگەکەیان بەلێکۆڵینەوە و پلاندانان بۆ هەموو جۆرەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ. لە شوێنی نیشتەجێبوونی تاکەکەسییەوە تا شارە گەورەکان. ئەو تیۆرە لە ساڵی ١٩٤٢، لەلایەن کۆنستنتینۆس ئەپۆستۆلۆس دۆکسیادیسەوە داڕێژراوە، سوود لە دیسیپلینە جۆراوجۆرەکانی وەک تەلارسازی، کۆمەڵناسی و جوگرافیا وەردەگرێت بۆ شیکردنەوەی پێنج توخمە بنەڕەتییەکەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ: سروشت، مرۆڤ، کۆمەڵگە، پێکهاتەکان و سیستەمەکان.
تیۆرێکە بەئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و شوێن لە شاردا، لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە مرۆڤ وەک توخمێکی بنەڕەتی لە ژینگەی شارستانیدا. بۆیە کاتێک دەستی بەدیزاینی ماستەرپلانی هەولێر کرد، دیدگای وا بوو کە گەشەی شارسازیی ئایندە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ پێداویستییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان ڕێک بخات، لە پاڵ دابینکردنی گەڕەکی شارستانی لەبار بۆ فراونبوون، بێ زیانگەیاندن و ڕووشاندنی کرۆکە مێژوویییەکەی.

توخمەکانی ماستەرپلانی هەولێر (پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو)
پلانی دۆکسیادیس پشتی بەچەند بنەمایەکی بنەڕەتی بەست، لەوانە ناوەندی مێژوویی وەکو خاڵی دەستپێک: قەڵای هەولێری کردە ناوەندێکی شارستانیی ڕەمزی و ڕۆحی، کە بەبازنەی کار دەورە دراوە و بەرە بەرە لە ناوەندەوە بەرەو دەوروبەر فراوان دەبێت. هەروەها دابەشکردنی شار بەسەر کەرتەکانی کار: ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچە پیشەسازی و بازرگانییەکان جیا کرانەوە، لە پاڵ دەستەبەرکردنی تۆڕێکی ڕێگەوبانی پلان بۆداڕێژراو، بەمەبەستی ئاسانکاریی جووڵە و دوورکەوتنەوە لە تێکگیربوونی ڕەمەکییانە.
سەرباری یەکخستنی ڕووبەرە کەسکەکان، پارک و شوێنە کراوەکان وەک توخمە پەیکەری نەک تەنیا جوانکاری دیزاین کران، ئەمەش لە پێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی شارسازیی هاوسەنگ لە ڕووی دروستی و دەروونییەوە. لەگەڵ ئاسانیی فراوانکردن، شارەکە بەشێوەیەک دیزاین کرا کە ڕێگە بدات لە داهاتوودا بەشێوەیەکی ڕێک خراو و بەرە بەرە فراوان بکرێت. هەروەها لە ڕووی کارلێکی نێوان ناوەند و دەوروبەرەوە، پلانێکی مەرکەزیی چەقبەستووانە نەبوو، بەڵکو هاوسەنگییەکی لە نێوان دڵی شار (قەڵات) و گەڕەکە تازەکان هێنایە ئاراوە، بەدامەزراندنی ناوەندە خزمەتگوزارییە خۆجێیەکان.

مۆدێلی بازنەییی دۆکسیادیس
یەکێک لە سیما هەرە بەرچاوەکانی ماستەرپلانی دۆکسیادیس، پشتبەستن بوو بەمۆدێلی بازنەییی تیشکاوێژ، کە قەڵای کردە چەقە ئەڵقەیەک کە ئەڵقەکانی دیکەی شارسازی یەک بەدوای یەک بەدەوریدا دەهاتن و لە ڕێگەی تەوەرە تیشکییەکانەوە بەرەو دەرەوەی شار ڕادەکشان.
ئەم ڕێکخستنە چەند ئامانجێکی بەدەست هێنا، لەوانە بەرجەستەکردنی هێماگەریی قەڵا وەک سەرچاوە و ناوەندێکی کولتووری. ئاسانکاریی جووڵە لە ناوەندەوە بۆ دەوروبەر، لە ڕێگەی تەوەرە سەرەکییە ڕێکخراوەکانەوە. دەستەبەریی دابەشکردنێکی هاوسەنگی خزمەتگوزارییەکان بە پانتاییی ئەڵقەکانی شاردا. هەروەها بەرزکردنەوەی توانای شار بۆ فراوانبوون بەشێوەیەکی ڕوون و کۆنترۆڵکراو لە داهاتوودا.
ئەو نەخشەیە هەولێری کردە شارێکی خاوەن دڵێکی زیندوو و دەوروبەرێک بۆ هەناسە و پشوو، ئەوەش بۆ ڕێگری لە قەرەباڵغی و تێکچڕژان لەناو سەنتەرە مێژوویییەکەدا یارمەتیدەر بوو.

پلانی ئەستێرەیی: دیدێکی داهاتوو
جگە لە مۆدێلی بازنەییی تیشکاوێژ، دۆکسیادیس مۆدێلێکی تەواوکەری پێشنیاز کرد، لەسەر بنەمای گەشەی شێوە ئەستێرەیی. لەم مۆدێلەدا شارە بەدرێژاییی تیشکەکان ڕادەکشێت و بەئاراستەی ناوەندە گرینگەکانی ناوچەکەدا فراوان دەبێت، وەک ڕێگەکانی کەرکووک، مووسڵ، شەقڵاوە و سلێمانی.
لەم مۆدێلەدا، شار دابەش دەبێتە سەر قۆڵی شارسازی کە بەناوچەی سەوز جیا کراونەتەوە. پێشینە دەدرێت بە بەستنەوەی هەولێر بەدەوروبەری ناوچەیی، ئەمەش پێگەی شار وەک ناوەندێکی ستراتیژی بەهێز دەکات. لەگەڵ فراوانبوونی شار بەبێ دەستدرێژیکردنە سەر ڕووبەرە ژینگەیییەکان یان زەوییە کشتوکاڵییەکان.
هەرچەندە ئەم مۆدێلە بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام قووڵاییی دیدگەی دۆکسیادیس ڕەنگ دەداتەوە، دڵنیابوون لەوەی چیی دی هەولێر بەشێوەیەکی هەڕەمەکی گەشە نەکات، بەڵکو وەک قەوارەیەکی پلان بۆداڕێژراو و گشتگیر فراون ببێت.

کاریگەریی پلانەکە لەسەر گەشەی شارستانیدا
سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەوە، کە ڕێگر بوون لە جێبەجێکردنی تەواوی پلانەکە، بەڵام تا ئێستەش کاریگەریی دۆکسیادیس بەچەند تایبەتمەندییەکی پێکهاتەییی هەولێرەوە دیارە، لەوانە پلاندانان بۆ هەندێک گەڕەکی تازەی نیشتەجێبوون بەپێی سیستەمێکی تۆڕبەندی ڕێک خراو و دروستکردنی تەوەرەڕێگە کە لە ناوەندی شارەوە تا دەوروبەری درێژ دەبنەوە. لەگەڵ پەسندکردنی پرەنسیپەکانی جیاکردنەوە لەسەر بنەمای کار لە هەندێک ناوچەی تازەدا.
ئەم پلانە بناغەیەکی بنەڕەتیی پێک هێنا کە دوای چەندین سەدە لە گەشەکردنی ڕەمەکی، دیدگەیەکی عەقڵانی و ڕێکخستنێکی زانستی بۆ پلاندانانی شارسازیی هەولێر گەڕاندەوە.

خوێندنەوەی ئێستە لە چاوی ڕابردووەوە
کاتێک ئەمڕۆ بەهەموو فراوانبوونەکانی شار و ئاڵنگارییە شارستانیەکەوە سەیری هەولێر دەکەین، گەڕانەوە بۆ پلانی دۆکسیادیس، تەنیا خوێندنەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی ڕێبازێکی پلاندانانی تەماخواز و مرۆڤدۆستانەیە.
ئەوەی دۆکسیادیس پێشکێشی هەولێری کرد لە هێڵکاری و نەخشەیەک زیاتر بوو؛ فەلسەفەیەکی گشتگیر بوو بۆ تێگەیشتن لە شارەکە وەک یەکەیەکی زیندوو، کە لە چەقەوە بەرەو ئایندە هەناسە دەدات.
ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت ئەم ڕێبازەی پلاندانان زیندوو بکرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەشێوازێکی گونجاو لەگەڵ ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکان و ئاواتەکانی ئایندەدا، لە پێناو هەولێرێکی هاوکۆک لەگەڵ ڕابردووی شکۆمەند و ئایندەی گەشی خۆیدا.
وەرگێڕانی: ئیسماعیل گەڵاڵی


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved