چیڕۆكی دروستكردنی یەكەم گەڕەكی مۆدێرن
یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر كە به‌شێوازێكی ئه‌ندازەیی و ته‌لارسازیی شارستانیی مۆدێرن دروست كرا، گەڕەكی ئازادی بوو، كە ده‌سته‌بژێرێكی ڕۆشنبیریی ئه‌و كاتی شار سەرپەرشتییان دەكرد، خانووەكان ڕووبەریان گەورە بوو، شەقامەكانی پان و بەرین بوون، لایه‌نی ژینگه‌ییی تێدا ڕەچاو كرابوو، بەجۆرێك نیوه‌ی زیاتری ڕووبەری خانووه‌كان باخچه بوو.
حه‌وێز ڕه‌حمان له چله‌كانی سه‌ته‌ی ڕابردوو له گوندی هێله‌وه چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه له ته‌مه‌نی لاوێتیدا له‌گه‌ڵ وه‌ستاكانی گونده‌كه‌ی به‌مه‌بەستی كرێكاری هاتوچۆی شاری هه‌ولێری كردووه، چیڕۆكی دروستبوونی ئەو گه‌ڕه‌كەی له یادە و بۆ (گڵكه‌ند)ی ده‌گێڕێته‌وه “له ئاخیره‌كانی ساری په‌نجا سێ مەشروعی گه‌وره له هه‌ولێر كرا، مەلعەبی هه‌ولێرێ و قاعه‌ی شەعب و گه‌ڕه‌كی ئیسماعیلیه بوو، به‌ناوی موته‌سه‌ڕیفی ئه‌ودەمی هه‌ولێرێ بوو، به‌ینی نۆهه‌ت لۆ سه‌ت خانی ده‌بوو، زۆربه‌یان مۆزه‌ف و مامۆستا بوون”.
حەوێز ڕۆژانه له‌گه‌ر وه‌ستا ته‌های دەچووە كرێكاری، دەڵێ “وەستا تەها وه‌ستایه‌كی ڕه‌ئیسی بوو، پێنج شه‌ش وه‌ستا و كۆمه‌ره‌ك عه‌مه‌له‌ی له‌به‌رده‌ست بوو، ڕۆژانه به‌سه‌ر خانییه‌كاندا دابه‌شی ده‌كردین، ئه‌من كه‌رپووچم لۆ وه‌ستای ده‌كێشاوه، ڕۆژانه حه‌فت درهه‌مم وه‌رده‌گرت”.
ئه‌و گه‌ڕه‌كه نوێیه جیاوازیی زۆر بوو لەگەڵ گەڕەكەكانی دیكەی شار، هەر خانییه‌ك ڕووبەرەكەی 500 بۆ 600 مه‌تر ده‌بوو، هه‌مووی لە كه‌رپووچ دروست كرابوون.
لە هەشتاكانی سەتەی ڕابردوو بەدواوە، خەڵك له چوارده‌وری گه‌ڕه‌كی ئازادی عا‌ردیان كڕی و خانیی نوێیان لێ دروست كرد، تخوبی ئازادی هه‌تا جاده‌ی مەخموور چوو، ئەو كات حەوێز ڕەحمانیش 150 مه‌تر عاردی له ئیسماعیل یه‌عقووب كڕی، هەر مه‌ترێك بە سێ دینار و ڕوبعه‌ك كه‌م، هەمووی كردییە 400 دینار.
به‌گوته‌ی حه‌وێز، هاتوچۆی خه‌ڵك ئه‌و كات زه‌حمه‌ت بوو، له كن حه‌مامی ئازادی فلكه‌ك هه‌بوو، یه‌ك ئامانه‌ی مارسیدسی مۆدیل كۆنی لێ بوو، پێیان ده‌گۆت ئامانه‌ی ڕه‌قه‌م پێنج، ده‌چووه ناو بازاڕی لای بانك و پاشان دەچووە بەردەم محافه‌زه‌ی، دوایێ بایده‌داوه سێتاقان، ئه‌گه‌ر له پێشه‌وه‌ی ئامانه‌ی دانیشتبای كورسییه‌كه ئیسفه‌نج بوو، جابییه‌كه نه‌فه‌ری 15 فلسی وه‌رده‌گرت، ئه‌گه‌ر له پشته‌وه‌ش دانیشتبای كورسییه‌كه دار بوو، نه‌فه‌ری بە 10 فلس بوو.
مومتاز حه‌یده‌ریی نووسەر كه ئێستە ته‌مه‌نی هه‌شتا و حه‌فت ساڵه، ماوه‌ی چل و دوو ساڵ له‌م گه‌ڕه‌كه ژیاوه، باسی سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی ئازادی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌كات، كاتێك كۆمەڵێك فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا كۆمه‌ڵەیەكیان پێك هێناوه به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی دروستكردنی خانوو، ویستوویانه له شوێنێكی تایبه‌ت خانووی شیاو بۆ چینێكی دیاریكراوی مامۆستا و فەرمانبەران دروست بكەن.
باسی ڕۆڵی دوكتۆر ئیحسان شێرزاد ده‌كات كه ئه‌ندازیارێكی لێهاتووی هەولێر بووه، نه‌خشه‌ی خانووه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادیی كێشاوه، هەروەها پێی وایه نرخی هه‌ر خانووێك 200 بۆ 300 دینار بووە.
مومتاز حیده‌ری هەروەها باسی گۆڕینی ناوی گه‌ڕه‌كی ئیسماعیلیه بۆ ئازادی دەكات “له هه‌ولێر ژماره‌یەك پارێزه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ر هه‌بوون، هه‌مزه عەبدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و كاتی پارتی یه‌كێكیان بوو، له دوای 14ی ته‌مووز ژووری پارێزه‌ران بووبووه باره‌گەیه‌كی سیاسی و كوردایه‌تی، من شاهێدی ئه‌و ڕۆژه‌م كه مامۆستا هه‌مزه له ژووری پارێزه‌ران دانیشتبوو، پێشنیازی كرد ناوی گه‌ڕه‌كی ئیسماعیلیه بگۆڕن بۆ گه‌ڕه‌كی ئازادی، ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر په‌سندیان كرد، هه‌ر ئه‌و كات به‌رپرسی ژووری پارێزه‌ران نووسراوێكی فه‌رمیی ئاراسته‌ی شارەوانیی هه‌ولێر كرد، داوای كرد ناوی گه‌ڕه‌كی ئیسماعیلیه بگۆڕن بۆ گه‌ڕه‌كی ئازادی، شارەوانییش په‌سندی كرد”.
جاران سنووری شاره‌وانیی هه‌ولێر تا گه‌ڕه‌كی ئازادی بووه، ئه‌و كات سه‌یته‌ره‌ی كه‌ركووك - هه‌ولێر له فلكه‌ی ئاوێنه بووه كه ده‌كاته نزیك یاریگەی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، ئه‌و ده‌شته بووەته سنووری نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك.