سەربوردەی دیدارەكەی تاتڵیساس و ئەربیللی
سەربوردەی دیدارەكەی تاتڵیساس و ئەربیللی
August 21, 2025

گۆرانی یەڵا شوفێر بۆ کێ گوتراوە؟
چیڕۆكی ڕاستینەی گۆرانیی (یەڵا شوفێر)، كە بەچەند زمان و لەلایەن چەندین گۆرانیبێژەوە گوتراوەتەوە، لە عەشقێكی ساڵانی شێستەكانی سەتەی ڕابردوو هەڵقووڵاوە، لە گەڕەكی تەعجیلەوە بە سواری ئەمبۆڵانسێكی خەستەخانەی ڕزگاریی ئێستە و لە كاتی گواستنەوەی نەخۆشێك بۆ كچە هونەرمەندێكی كورد گوتراوە.
لە شێستەکانی سەتەی ڕابردوودا، ئەربیللی پەیوەندییەکی سۆزداریی لەگەڵ کچە هونەرمەندێكی كورد هەبوو، كە ئێستە لە ژیاندا ماوە. ئەو كچە ماڵی لە مووسڵ بوو، ئەو كات محەمەد ئەحمەد ئەربیللی شوفێری ئۆتۆمۆبێلی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی کۆماری بووە.
ئەربیللی جارێكیان بۆی گێڕامەوە “ئەو هاتوچۆی ڕادیۆی کوردیی بەغدای دەکرد و گۆرانیی بەکوردی تۆمار دەکرد، ئەمنیش بۆ ڕادیۆی تورکمانی، ڕۆژێکیان لە هەولێرەوە بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوتم، زۆر تامەزرۆ بووم بیبینم، هەر بەیانییەکەی چوومە نەقلیات تا بگەمە دایەرەکەی، گەیشتمە ئەوێ و یەکترمان دیت، گۆتی دڵم خەبەری دامێ ئەتو دێی، بۆیە لە بەیانییەوە چاوەڕێتم، چەند سەعاتەك پێكەوە بووین، هەر لەوێ وێنای خەیاڵی شیعر و ئاوازی یەڵڵا شوفێرم لۆ هات، وەكی گەڕامەوە هەولێرێ، لۆ ڕۆژی پاشی، نەخۆشەکم لە خەستەخانەی مەسیفەوە دەهیناوە هەولێرێ، ئەو ڕۆژی قادر چاوڕەشی موزەمیدم لەگەر بوو، هەتا نەخۆشەکە گەیشت، هێشتا نەیانهینابووە ناو ئیسعافی، ئەمن لە پێشەوە لە پشت سووکانەکە لەسەر داشبولی ئیسعاف دەستم بە ئیقاعلێدان كردبوو لۆ شیعری گۆرانیی یەڵڵا شوفێر ئەپار مانی”.
بەو شێوەیە ئەو ڕۆژە محەمەد ئەحمەد ئەربیللی تا دەگاتە ناو نەخۆشخانەی كۆماریی ئەوسا بە تەنیشت قادر چاوڕەشەوە، لەبەر خۆیەوە ئەو گۆرانییە دەڵێتەوە. دوای چەند ڕۆژێک چووەتە پۆستەی هەولێر و تەلەفۆنی بۆ لێپرسراوی بەشی تورکمانی کردووە لە ڕادیۆ و کاتی تۆمارکردنی بۆ داندراوە. بەو شێوەیە لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی حەفتا، لە ڕادیۆ گۆرانیی یەڵڵا شوفێری بە زمانی تورکمانی تۆمار کرد، هەر زوو دەنگ و سەدای خۆی دایەوە، خەڵک لە هەموو شوێنێك بەتایبەتی لە هەولێر و کەرکووکێ دەیانگۆتەوە.
ئەربیللی دەیگوت “لە هەمووی خۆشتر ئەوە بوو كە بەخۆشەویستەكەم گۆت ئەو گۆرانییەم بەرهەمی دیدارەكەمان بوو، ئەو ڕۆژەی لۆ دیتنی تو لە هەولێرێوە هاتمە مووسڵێ”.
ساڵی ١٩٧٢ لە کاتی چوونی تیپی هونەریی هەولێر بۆ مووسڵ، بۆ پێشکێشکردنی شانۆگەریی فاڵچی كە لە نووسینی حەمەکەریم هەورامی و دەرهێنانی هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان بوو، بە یاوەریی تیپی هونەریی هەولێر کە هونەرمەندان فوئاد ئەحمەد، تەحسین تەها، عوسمان شارباژێڕی، جەبار ئەحمەدی برای محەمەد ئەحمەد ئەربیللییان لەگەڵدا بوو، لەوێ جەبار گۆرانیی یەڵڵا شوفێری بە زمانی کوردی گۆتبوو، ئەوە بوو گۆرانییەكە زیاتر دەنگی دایەوە، دوایێ لەلایەن هونەرمەند حەسەن زیرەکیش لە ڕادیۆی کرماشان بەهەندێك دەستكارییەوە تۆمار كرایەوە.
محەمەد ئەربیللی ئەوەش دەگێڕێتەوە كە دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانیی یەڵڵا شوفێر، ساڵی (١٩٨٥) ئەو کات شەڕی (عێراق - ئێران) بوو، هەندێك شوفێری تاکسی لە هەولێر هاتوچۆی (تورکیا)یان دەکرد، لەناویاندا برادەرێکی شوفێری خۆی بە ناوی غازی حوسێن جەوان، لە یەکێك لە سەفەرەکانیدا کاسێتێکی گۆرانییەکانی ئەربیللی، کە یەکێك لەو گۆرانییانە (یەڵڵا شوفێر) بوو، ئەوانی تریش یاندم تەلەفزیۆن ئالندە، بەنم نایلون تەراغم وار بوون، دەگەیەنێتە دەست هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس، ئەویش کە گوێی لێ دەگرێ، بەگۆرانییەکان سەرسام دەبێت و هەر زوو گۆرانیی یەڵڵا شوفێر دەڵێتەوە.
دوایێ لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، تاتڵیساس هەریەك لە محەمەد ئەربیللی و جەبار ئەربیللی و جەلال مەردان داوەت دەكات، لەناو ستۆدیۆی ئۆفیسەکەی خۆی گوێ لە دەنگی هەرسێکیان دەگرێت و خزمەتیان دەكات.
ئەربیللی هیچ ئامێرێكی میوزیكی نەژەنیوە، كەچی چەندین گۆرانیی نەمری بە شیعر و ئاوازەوە داناوە. کاتی خۆی لێم پرسی “ئەتو زۆربەی گۆرانییەکانت لە ئاوازی خۆتن، كەچی هیچ ئالەتەکی مۆسیقا ناژەنی؟ گۆتی ئەمن گوێی مۆسیقیم هەیە، پێویستیم بە عەزف نییە.”

پرۆفایل
لە ١/٧/١٩٣٣ لە گەڕەکی سەعدوناوە لەدایک بووە، لە ٢٠/٦/٢٠٢٢ كۆچی دوایی كردووە. ناوی تەواوی ئەحمەد شێخ فەتحی بوو، باوکی لە ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی باوەکراوەی ناوچەی باڵەکایەتی ڕووی كردووەتە ھەولێر.
ساڵی ١٩٤٤ چووەتە بەر خوێندن و لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تا ساڵی ١٩٤٩ لە خوێندن بەردەوام بووە. لە منداڵییەوە بەشداریی چاڵاکیە مۆسیقییەکانی قوتابخانەی كردووە، لە تەمەنی گەنجییەوە ئاوازی بۆ سروودە نیشتمانییەكانی نەورۆز و ئەی دلێران و لاوانی کورد داناوە. ساڵی ١٩٥٦ کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی ھەولێری كردووە، لە دیوەخانی مەلا فەندی مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری پێشکەش كردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved