قەڵاتی هەولێر وەك یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان، شایەتحاڵی چەندین شارستانی و قۆناغی مێژووییی جیاواز بووە، شوێنەواری زۆربەی ئەو شارستانیەتانەشی تێدا بەجێ ماوە، كە بەشێكیان پەیوەندییان بە بیروباوەڕە كۆنەكان و سرووتە ئاینی و پەرستگەكانیانەوە هەیە.
یەکێک لەو پاشماوانە، مزگەوتی گەورەی قەڵاتە، کە مێژوویەكی سەرنجڕاكێشی هەیە، کەنعان موفتی كەسایەتیی هەولێری و پسپۆڕی شوێنەوار لە بارەی مێژووی ئەو مزگەوتەوە دەڵێت ”لە كۆندا پەرستگە بووە، بەڵام كاتێك لە ساڵی ٦٤٣ی زاینیدا، عوتبەی کوڕی فەرقەد ئەلسەلەمی سوپاسالاری موسڵمانان لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا دێتە هەولێر، لە نامەیەکی تایبەتدا لە بارەی هەولێرەوە بۆ خەلیفە دەنووسێت پەرستگەیەک هەیە لەناو قەڵات، ئایا ڕەزامەندە بیکات بە مزگەوت؟ خەلیفەی موسوڵمانانیش لە وەڵامدا دەڵێت ئەگەر خەڵکەکە ڕازین، وای لێ بکە”.
موفتی، مزگەوتی گەورەی قەڵات بە ئەزهەری کوردستان ناو دەبات، چونکە سەرەڕای ئەوەی لە سەدان ساڵی ڕابردوودا مزگەوت بووە، شوێنی خوێندن و پەروەردە و فێرکردنیش بووە.
مزگەوتی گەورەی قەڵات کۆنترین مزگەوتی هەولێرە و یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، تەمەنی بەمزگەوتبوونی زیاتر لە 1400 ساڵە، ئەمەش جگە لەوەی هەریەک لە مینبەر و منارە و میحرابەکەی مێژوویەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، تەمەنی مینبەرەکەی نزیکەی 300 ساڵە هەروەها تەمەنی منارەکەی 270 ساڵە.
٤٠٠ ساڵە ئەم مزگەوتە لەلایەن بنەماڵەی موفتییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەردەوام نوێژی تێدا خوێندراوە و وتاری هەینیی تێدا پێشكێش كراوە، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەوەی کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت، وتاری هەینیی تێدا پێشكێش ناكرێت.