لە زاری دوكتۆر عەبدورەزاق دەباغەوە
دوکتۆر عەبدوڕەزاق دەباغ پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، لە باسی مێژووی بنەماڵەکەیدا باس لەوە دەكات کاتی خۆی لە گوندێکی دەڤەری خۆشناوەتییەوە هاتوونەتە هەولێر و لێرە بوونەتە ناسراوترین بنەماڵەی هەولێر و عێراق.
دەباغ لە دیدارێكی ڤیدیۆییدا كە بەم دوایییە بڵاو بووەتەوە، ناوی شەش پشتی خۆی لە باوکی و مامەکانی بیستووە و دەیگێڕێتەوە کە کوڕی حاجی شەهاب قادر سەعید مەحموود ئاغای حارس ئاغای مەحموود ئاغا بوو. ئەو ڕۆژی ١٩٣٢/١١/١ لە قەڵات لەدایک بوو و ڕۆژی ٢٠١٨/٩/٢٠ کۆچی دواییی کرد.
دوکتۆر عەبدوڕەزاق دەباغ، لە زاری باوکی و مامەکانیەوە دەیگێڕێتەوە، کە (پیرە بەگ)ی باپیرە گەورەیان، لە سەدەی ١٨ لە گوندی تووتمەی دۆڵی بالیسان لە دەڤەری خۆشناوەتی، ڕووی لە شاری هەولێر کردووە و لە قەڵات گیرساوەتەوە.
بنەماڵەی دەباغەکانی هەولێر، بازرگانیی پێستە و خورییان کردووە، زۆربەی هەرە زۆری پێستە و خوریی هەولێر و کوردستانیان بەگشتی کڕیوەتەوە و ناردوویانەتە بەسرە و لەوێش بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بنەماڵەی دوکتۆر عەبدوڕەزاق دەباغ یەکێک بوون لە بنەماڵە دەوڵەمەندەکانی هەولێر و کوردستان، لەسەر ئاستی عێراقیش ناودار بوون و بەبنەماڵەی چەلەبی و دەباغ دەناسرانەوە.
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی (گڵکەند)دا، فیکرەت دەباغ خوشکی شەهید مەئموون دەباغ ڕای گەیاندبوو كە بنەماڵەکەیان نازناوی چەلەبییان هەبووە، جگە لە بازرگانییەکانی دیکە، پێستەی ئاژەڵیشیان خۆش دەکرد و دەیانناردە بەریتانیا بۆ بەرهەمهێنانی جانتا و کەلوپەلی دیکە، لەوەوە نازناوی دەباغیش بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەیان زیاد بوو.
ئەو پزیشکە هەولێرییە، کە سەدان پزیشکی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان لەسەر دەستی ئەو پێ گەیشتوون، یەکێک بوو لە پزیشکە هەرە ناسراوەکان، بە ڕووی خۆش و ڕێزگرتنی زۆر لە نەخۆش ناسرابوو.
دوکتۆر عەبدوڕەزاق ئاماژە بەوەش دەکات كە حاجی شەهابی باوکی، ماوەیەک پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، وازی لە بازرگانی هێناوە و دەستی بەکڕینی موڵک و زەویی کشتوکاڵی کردووە، وەک زەوییەکانی گوندی مورتکەی گچکە، باغەمرە شەهاب، داڵداغان، بەشێک لە قۆریتان و بەشێکیش لە گوندی چیمەن.
بنەماڵەی چەلەبی و دەباغەکان خاوەنی یەکەم بەنزینخانەی هەولێر و یەکەم کارگەی بەفر و یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد بوون لە هەولێر. بە بەردەوامی سەدان کرێکار و خزمەتگوزاریان لە ماڵ و شوێنی کارەکانیان هەبووە.
ئەحمەد چەلەبی کە خاوەنی زۆربەی موڵک و دوکانەکانی ناو قەیسەریی هەولێرێ بوو، ئامۆزای دوکتۆر عەبدوڕەزاق دەباغە. هەروەها شەهید مەئموون دەباغیش ئامۆزایەتی، کە پێشمەرگەیەکی ناوداری شۆڕشی ئەیلوول بوو.
شەهید مەئموون دەباغ بەهۆی هەستی کوردایەتییەوە، دوای کودەتای بەعسییەکان بەسەر ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٦٣، پەیوەندیی بەشۆڕشی ئەیلوولەوە کردبوو. لەبەرئەوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ماف خوێندبووی و لەبەر پێویستیی شۆڕشیش، سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری دا بکرێتە حاکمی شۆڕش، بەڵام ئەو حاکمایەتیی نەکرد، چەکی خستە شانی و بووە پێشمەرگە، هەر لەو ساڵەشدا شەهید بوو.