(گۆردن ڕامزی) یەكەم لقی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دەکاتەوە
(گۆردن ڕامزی) یەكەم لقی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دەکاتەوە

چێشتخانەی (گۆردن ڕامزی ستریت بەرگەر)ی جیهانی بە هاوبەشیی (ڤیزت کوردستان)، یەکەم لقی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، کارگێڕیی زنجیرە چێشتخانەکانی (گۆردن رامزی ستریت بەرگەر) و ڤیزت کوردستان رێککەوتن لەسەر کردنەوەی ئەو لقەی گۆردن رامزی لە وەرزی پایزی ئەمساڵ، لەناو پرۆژەی ئەربیل ئەڤینیۆ، لەسەر رێگای بەحرکە لە شاری هەولێر.
رووبەری چێشتخانەکە 345 مەتر چوارگۆشەیە و لە دوو نهۆم پێک دێت. دیوارەکانی بە چەندین گرافیک و وێنەی هونەریی وەک وێنەی شێوەکاریی قەڵاتی هەولێر دەڕازێندرێتەوە، کە ئەو قەڵاتە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و هەتا ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوامە و رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، وەک شوێنەوارێکی کەلەپووریی جیهانی ناساندوویەتی.
بڕیارە هەر لەناو پرۆژەی ئەربیل ئەڤینیۆ، جگە لە لقێکی گۆردن رامزی، چەندین لقی چێشتخانە بەناوبانگەکانی دیکەی جیهان بکرێنەوە، جگە لە شوێنی تایبەت بۆ کۆبوونەوەی گەنجانە و یاریگای پادڵ و هۆڵی یاریی پەینتبۆڵ.
ئەو چێشتخانەیە، کە لە ساڵی 1997 لەلایەن گۆردن رامزیی شێفی بەناوبانگی بەریتانی دامەزراوە و ئێستا ٩٤ لقی لە بەریتانیا، ئەمریکا، کۆریای باشوور، مالیزیا، فلیپین، فەڕەنسا، ئیمارات، سەنگاپوور و تایلەند هەیە، جگە لە بەرگەر بە تامی کلاسیک، بەرگەری GFC، سماش بەرگەر، بەرگەری O.G.R و بەرگەری تیژی فیێری هێلز چیکن پێشکەش بە میوانەکانی دەکات.
دابان حەمید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیزت کوردستان، کە دامەزراوەیەکی گەشتیارییە و بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی کوردستان و دانانی کوردستان لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان دەکات، دەڵێت: دلخۆشن بە هاتنی "گۆردن ڕامزی ستریت بەرگەر" بۆ هەولێر وەک یەکەم لقیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کوردستان بە کولتووری دێرین و دەوڵەمەند و سروشتە سەرنجڕاکێشەکەی، نایابترین شوێنە بۆ ئەزموونکردنە ئاستبەرز و جیهانییەکان. ئەم هاوبەشییە پابەندیی ئێمە نیشان دەدات بۆ ڕاکێشانی براندی جیهانیی کوالێتیی بەرز بۆ ناوچەیەکی گەشتیاریی پەرەسەندوو و بەردەوام لە گەشە.
ئاندی وێنلۆک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری زنجیرە چێشتەکانەكانی گۆردن ڕامزی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: هێنانی ستریت بەرگەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەکەمجار هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە. پێموایە هەڵبژاردنی کوردستانیش بۆ کردنەوەی لقەکە، کارە دروستەکە بوو لەبەر کولتوور و خەڵکی شوێنەکە و هەروەها ئەو دەرفەتانەی هەن. هاوبەشیکردن لەگەڵ ڤیزت کوردستان ڕێگەمان پێدەدات ببین بە بەشێک لە شوێنێک کە بە خێرایی خەریکە کار دەکات بۆ بوون بە ناوچەیەکی نوێی گەشتیاریی جیهانی، ناوچەیەک کە پەرۆشی خواردنی نایاب و ئەزموونکردنی نانخواردنە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved