هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری
هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری
August 31, 2025

هیچ زەرەر ناکەین بێتو کابینەی دەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ وەزارەتی ڕۆشنبیری بێت. دڵنیام پارە، شوێن، ستاف و کاتێکی باشیشمان لۆ دەگەڕێتەوە.
لە ماوەی سی ساری بووریدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری چی کردییە؟ کێهان پڕۆژەی بڕەک ڕەوشی ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی کوردی بردیتە پێش؟ چما پڕۆژەی هەبووە؟
ڕەنگە بڵێن کاکە وەزارەتی ڕۆشنبیری سەتان کتێبی چاپ کردییە، هاوکاریی سەتان نووسەری کردییە، یەک دنیا چلەی ماتەمینیی فیستیڤاڵ و گەلەری و چاڵاکیی ئەدەبی و هونەریی کردییە. ئێ خۆ ئەوانە بە دەزگەیەکی ڕۆشنبیرییش دەکرێن، باشتر و بەرهەمهێنەرتریش.
وەزارەتی ڕۆشنبیری بوویتە جێی ڕازیکردنی ڕۆشنکۆر و نووسەری نانووسەر و بێ ئیشەکانی حیزب. حیزب بیەوێت یەکێک ڕازی بکات، هەردەم پۆستێک هەیە لە وەزارەت پێی بدەن.
ئەگەر هەر بە گێتان نەکردم و وەزارەتی ڕۆشنبیریتان دانایەوە، بیکەن بە بەڕێوەبەرایەتییەک و بیلکێنن بەوەزارەتێک، یان با ڕاستەوخۆ سەر بەئەنجوومەنی وەزیران بێت.
ئەگەر ئەوەشتان نەکرد، تکایە بەستافێکی کەمتر و لێهاتوو و کارامە و لێزان وەزارەتەکە بکەنەوە. با هیچ نەکات لە ماوەی چار ساردا، بەس وەشانخانەیەکی پڕۆفێشناڵی نیشتمانی دابنێت، پێوەندی دروست بکات بەوەشانخانە پڕۆفێشناڵەکانی دنیا بۆ چاپکردنی شاکاری ئێمە و ئەوان، لێرە و لەوێش. با بە چار ساران تەنیا فیلمێکی پڕۆفێشناڵ و ئاست بەرز لەسەر جینۆسایدی کورد بەرهەم بێنێت و لە هەموو سینەماکانی دنیا پێشکێشی بکات.
با هیچ نەکات تەنیا لینکێک لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی فەڕەنسا و ئیسپانیا دروست بکات بۆ چاڵاکیی هاوبەش.
هەر هیچ نەبێ، با ئەو یەکێتیی نووسەرانە لە ژێر ڕکێفی حیزبی بێنێتە دەرێ و بیکاتە دەزگەیەکی پڕۆفێشناڵ بۆ بەرهەمهێنانی فیکر و جێیەک لۆ بیرکردنەوە و پڕۆژەی ڕۆشنبیری، نەک وەک ئەوەی ئێستە بوویتە جێی سەرخۆشان.
با هیچ فیستیڤاڵێک نەکات، با هیچ پڕۆژەیەک نەکات، تەنیا شاکارە کوردییەکان بکاتە زمانەیلی بیانی و لە وەشانخانەیلی پڕۆفێشناڵ بڵاویان بکاتەوە، نەڵێن ئەوەمان کردییە، چونکە دەزانم پڕۆژەکە هەبوو، حکوومەت پارەشی دابین کرد، بەس یان نەکرا یان سەقەتیان کرد.
وەزارەتی دیکەش زیادن، ئەمن لە باتیی دەسەڵات بم، هیچیان ناهێڵم. هەر لەلای هێروە، بنۆڕنە وەزارەتی ئەوقاف.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved