نه‌یماوه غه‌یرى زیكرێكى یا صه‌بوور
له كۆتاییی ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو (قورسیشه منداڵی و هه‌راشیم بخرێته سیاقى سه‌ده‌ى ڕابردوه‌وه) یه‌كه‌م جار چوومه ماڵى دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، به‌بێجامه‌یه‌كه‌وه سه‌رقاڵى باخچه‌ى ماڵه‌كه‌ى بوو، بۆ منى تازه هه‌راش، دانیشتن له‌گه‌ڵ پیاوێكى له چه‌شنى دكتۆر مارفدا كه مه‌له‌وانێكى شاره‌زاى به‌حرى نالى و ناسراوترین ڕووناكبیرى هه‌ولێر و به‌رگریكارێكى له‌سه‌ر هه‌قى ڕه‌مزى نافیع و كوردایه‌تى كارێكى تا بڵێى مایه‌ى كامه‌رانى بوو، دواى ئه‌وه‌ى به ده‌م قسه‌وه هه‌ندێ بێڵكاریمان له باخچه‌كه‌ى كرد، چوومه‌وه ژووره پڕاوپڕ له كتێبه‌كه‌ى، هه‌ر زوو سیحرى ئه‌و ژووره دای گرتم، منێك له‌گه‌ڵ دوو برا و دوو خوشك له ژوورێكدا ده‌خه‌وتین، زۆر جار له حه‌وشه‌دا كتێبم ده‌خوێنده‌وه و زوو زووش باوكم له كتێبه‌كه‌ى داده‌بڕاندنم له‌وه‌ى كاسبییه‌ك بكه‌م باشتره، له پڕ كه‌وتمه ناو به‌هه‌شته‌كه‌ى ئه‌لیجێرى دانتى، كه‌وتمه ناو بۆنى كتێبان (كه دواتر زانیم بۆنى كتێبخانه زۆر له بۆنى ناو كڵێسا ده‌چێت).
من گه‌نج بووم و ئه‌ویش له‌وسه‌رى هه‌موو بابه‌ته‌كان هاتبووەوه، من باسى شۆفه‌ڵێكم ده‌كرد كه پێویسته هه‌رچى ئه‌دیبى كورده ڕای ماڵێ، ئه‌ویش خه‌مى ئه‌وه‌ى بوو كه نالى چه‌ند به‌یتى موله‌مه‌عى هه‌یه. من پێم وا بوو كورد پاكترین میلله‌تى مێژووه و ئه‌و پێى وا بوو نه‌ته‌وه شه‌قاوێك ئه‌ولاترى عه‌شیره‌ته، من خوێنگه‌رم بووم و ده‌مویست له‌ناو شاعیرانى گه‌ڕه‌كى كوراندا یه‌كه‌مین بم و ئه‌و هێشتا سیحرى جوانییه‌كانى سان بترسبۆرگ به‌رى نه‌دابوو. پێویسته بڵێم كه من زۆر قه‌رزارى دكتۆر مارفم، هه‌میشه ده‌رگەى ماڵه‌كه‌ى بۆ من كراوه بووه، قه‌ت ڕه‌زیلیی نه‌كردووه له وه‌ڵامێك كه پرسیاره‌كه‌ى خه‌وى لێ سه‌ندووم، یه‌كه‌م كه‌س بووه ده‌ستى گرتووم له تێگه‌یشتنى كلاسیكى كوردى، لێكدانه‌وه‌ى به نرخ و ناوازه‌ى هه‌بوو بۆ شیعرى نوێى كوردى سه‌رده‌مى عه‌بدوڵڵا گۆران و نه‌وه‌كه‌ى. زۆر جار به‌یه‌كه‌وه ده‌چووینه گه‌ڕه‌كه‌كانى ته‌عجیل و عه‌ره‌بان و بیرێژێ و یه‌كه یه‌كه نه‌خشه‌ى كۆنى هه‌ولێرى پێ ده‌ناساندم، باسى شه‌تڵه خاسى له شوێنانێك ده‌كرد كه بووبووه كتێبخانه و په‌نجه‌ى بۆ كۆڵانێك ڕاده‌كێشا كه كاتى خۆى كارێز بووه، ناوى ئه‌و ماڵه ده‌گمه‌نانه‌ى پێ ده‌ناساندم كه له ساڵانى چله‌كاندا به‌كوردى له ماڵه‌وه قسه‌یان ده‌كرد، باسى قوتابخانه‌ى ئه‌ده‌بى سۆفیگه‌رى و شیعرى ئۆتۆماتیكى سۆفییه‌كانى مێژووى ئیسلامیی بۆ ده‌كردم كه پێش چه‌ندین سه‌ده له خۆرئاوایییه‌كان نوێگه‌رییان داهێناوه (ئه‌و نوێگه‌رییه‌ى كه له سه‌ده‌ى بیستدا خۆرئاوایییه‌كان پێوه‌ى ده‌نازن!) له ڕێى ئه‌وه‌وه من كتێبى (عروج)ى محێدین بن عه‌ره‌بى و (الامتاع والموانسة) ئه‌بى حه‌ییانى ته‌وحیدى و (فن الهوا)ى ئۆڤید و (كۆمیداى ئیلاهى) ئه‌لیجێرى دانتیم خوێنده‌وه، له ماڵه‌كه‌یدا به‌دیع باباجانم ناسى، هه‌رده‌م سفره‌ى خواردن و سفره‌ى زانست و سفره‌ى كتێب بۆ هه‌مووان واڵا بوو، خانه‌واده‌یه‌كى هه‌بوو له ئاو پاكتر و له حه‌لوا نه‌رمتر، زۆر باسى نووسینه‌وه‌ى یاداشتمان ده‌كرد (خۆشبه‌ختانه به‌هیممه‌تى دكتۆر شوان یابه، یاداشته‌كانى دكتۆر له دوو توێى حه‌وت به‌رگدا چاپ کرا و بڵاو بووەوە)، بیرمه هه‌ندێ كتێبى یاداشتیشم پێ دا كه پێم وا بوو سوودیان ده‌بێ، له‌وانه (ڕاپۆرت بۆ گریك) نیكۆس كازانتزاكیس. دواتر به‌هۆى كارێكه‌وه لێك دابڕاین، هه‌میشه‌ش دانم پیا ناوه كه ئه‌و دابڕانه ئه‌نجامى هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ى من بوو، من خه‌تابارم له‌وه‌ى دوو كتێبى دكتۆر مارفم فه‌وتاند، گه‌نج بووم هه‌ر هێنده له دنیا ده‌گه‌یشتم، ده‌ربه‌ست نه‌بووم به‌دنیا و ڕەفیقایه‌تییه‌وه، دوو كتێبه‌كه‌م فرۆشت و كتێبى (في ساعة النحس) گابرێل گارسیا ماركیزم پێ كڕى (كه ئێستەش لاى من خۆشه‌ویستترین ڕۆمانه) هه‌رچه‌نده ئه‌مه شه‌فاعه‌تم بۆ ناكات له فه‌وتاندنى دوو به‌شه‌كه‌ى (تاریخ المانیا الهتلریة) و چه‌ندین جاریش داواى لێبووردنم بۆ ناردووه و هه‌موو جارێكیش به دڵه گه‌وره‌كه‌ى له ڕێى كاك دكتۆر شوان یابه‌وه په‌یامى بۆ دەناردم و گوتبووى (كتێب به قوربانى ته‌ڵعه‌ت بێ، به‌ڵام با بیبینم و بێته لام و سه‌ردانم بكات)، من بوومه منداره سلێمانى و به‌دیار ئه‌زمڕه‌وه ڕۆژانم ده‌گوزه‌راند و ئه‌ویش هه‌ر له ماڵه ڕووناكه‌كه‌ى له گه‌ڕه‌كى ڕووناكی‌دا مایه‌وه، بۆ زیاتر له پازدە ساڵ ده‌چێ من له قسه و زانست و كه‌سایه‌تیی ناوازه‌ى دكتۆر مارف دوورم و ڕووم نه‌بوو چاوم به چاوى بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام خه‌فه‌تم له‌وه‌دایه كه مرد و پێم نه‌گوت چه‌ندم خۆش ویستووه، مرد و وه‌كو پێویست داواى لێبووردنم لێ نه‌كرد، هیتله‌ر ته‌نیا جووله‌كه‌كانى نه‌سووتاند، په‌یوه‌ندییه جوانه‌كه‌ى من و دكتۆر مارفیشى سووتاند، مێژووى ئه‌ڵمانیاى هیتله‌رى، مێژووى نێوان من و دكتۆر مارفیشى كاول كرد، چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م ڕۆژگار بسوڕێته‌وه و ده‌ست بۆ ئه‌و دوو كتێبه نه‌به‌م، ڕۆژان بێته‌وه و خاكه‌ناسێك بگرم و له باخچه‌كه‌یدا باسى جۆره‌كانى شه‌راب و شیعرى نالى و په‌نجا فلسه‌كه‌ى محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م بكه‌ینه‌وه (ئه‌مجاره‌یان شه‌رت بێ قسه له قسه‌ی نه‌كه‌م و ته‌نیا سه‌ر ڕاوه‌شێنم).