بەمه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی زبڵ و خاشاكی هەولێر و دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له چه‌ند زبڵخانه‌یه‌كی پارێزگەی هه‌ولێردا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونی پڕۆژه‌یه‌كی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی خاشاك ده‌ست پێ كردووه. بەگوتەی بەرپرسی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی زبڵ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، سه‌رجه‌م سه‌رۆكایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانییه‌كان ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه، ده‌ست به‌جیاكردنه‌وه‌ی خاشاكی زبڵخانه‌كانی ناوچه‌كانیان بكه‌ن، چونكه به‌بێ زانینی پێكهاته‌كه‌ی ئاسته‌مه كاری له‌سه‌ر بكرێت.
له زبڵخانه‌كانی كانی قڕژاڵه و كۆیه و شه‌قڵاوه بۆ ماوه‌ی حه‌فت ڕۆژ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونی و به‌په‌یڕه‌وكردنی ڕێنمایییه ته‌ندروستییه‌كانی خۆپارێزی، كار له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی زبڵ كراوه، سه‌عید عه‌بدوڵڵا بەرپرسی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی زبڵ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر دەڵێ شەش كرێكار له هه‌ولێر و چوار كرێكار له كۆیه و شه‌قڵاوه، هەریەكەیان چوار تۆن خاشاكیان جیا كردووەته‌وه، ئه‌نجامه‌كه‌ی به ڕاپۆرت ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت كراوه.
خاشاك 11 جۆر پێكهاته‌ی تێدایه، زۆرترینی جۆری پاشماوه‌ی خواردنه، كه‌مترینیشی دار و كارتۆنه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك به‌شێوازێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌شێكی دوای پاككردنه‌وه ده‌توانرێت به‌كار بهێندرێته‌وه، پاشماوه خۆراكییه‌كان بۆ دروستكردنی په‌ینی كیمیایی سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ی بۆ زه‌وی سوودی هه‌یه ده‌كرێت به‌ژێر خاكه‌وه، ئه‌وه‌یش هیچ سوودێكی نییه و داپۆشینی زیانی هه‌یه، ده‌سووتێنرێت.
بۆ ئاسانكردنی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی خاشاكیش، بەرپرسەكەی شارەوانی به‌گرینگی زانی زه‌رفی ڕه‌نگ جیاواز به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌ش بكرێت و هه‌ر جۆره خاشاكێك بخرێته ناو ڕه‌نگێكی تایبه‌ت، به‌و شێوه‌یه جیاكردنه‌وه‌كه ئاسانتر ده‌بێت.