ئاسمانی هەولێر بە ڕووی 31 شاری جیهان كراوەتەوە
ئاسمانی هەولێر بە ڕووی 31 شاری جیهان كراوەتەوە

لە ٢٠٠٣دا، كردنەوەی دەروازەیەكی ئاسمانی، بۆ وڵاتێكی بێ كەنار و بە دوژمن دەوردراودا، شادەماری ژیان بوو. ئەوڕۆ دوای ٢٢ ساڵ، خەڵكی كوردستان دەتوانن لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە، كە خاوەنی یەكێك لە ١٠ درێژترین فڕگەكانی جیهانە، ڕاستەوخۆ بەرەو ٣١ شار لە ١٧ وڵاتی جیاواز گەشت بكەن.
فڕۆكەخانەی نوێ، بەشێوەیەكی كاتی لەسەر كەلاوەیەكی بەجێماوی ڕژێمی پێشووی عێراق بنیات نرا، كە تا ١٩٩١ وەك بنکەی سەربازی بۆ شەڕی گەلی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ بەكار دەهات، لە تێرمیناڵێكی بچوك، پاركێكی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و شوێنێك بۆ وەستانی فڕۆکە پێك هاتبوو، لەگەڵ فڕگەیەکی كورتی ٢٨٠٠ مەتری بە پانی تەنها ٣٠ مەتر.
لە ٢٠٠٣دا یەكەم فڕۆكەی بازرگانی لە هەولێر نیشتەوە، یەكەم گەشتی فەرمیی فڕۆكەخانەش لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٠٥ ئەنجام درا، بەهۆی پێشكەوتنی خێرای هەولێری پایتەخت لە ڕووی سیاسی، بازرگانی و گەشتیارییەوە، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان و ڕێژەی گەشتیاران زوو زیادی كرد، لەو ساڵەدا حکوومەت بڕیاری دا فڕۆکەخانەیەکی گەورەتر و مۆدێرن لە تەنیشت فڕۆکەخانە کۆنەكە دروست بکات.
نەخشەی فڕۆکەخانەی نوێ لەلایەن گرووپی سکۆت ویلسۆنی بەریتانی داڕێژرا، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەكی بیانی لە هەمان ساڵی ٢٠٠٥دا، فڕۆكەخانەی نوێ بنیات نرا.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، سەرباری شەڕە داسەپێندراوەكان، ئاژاوە سیاسی و ئابوورییەكانی دوژمن بۆ بەرگرتن لە پێشڤەچوونەكانی هەرێمی كوردستان دروستیان كردووە، شان بەشانی بەهێزبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و كرانەوەی كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی زێدەتری وڵاتانی جیهان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕژدتر بەستراوەی جیهانی دەرەوە بووە، دواهەمین فرەوانبوونیش، دەست پێ كردنی گەشتی هەولێر-ئەسینا بوو، كە لەلایەن هێڵی نیشتمانیی یۆنانی (ئێیگیان ئەیر)ەوە ئەنجام دەدرێت. ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ئاماژەیەكدا بۆ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئەو هێڵە ئاسمانییانەی ڕوو لە هەولێر دەكەن، بە (گڵكەند)ی گوت ئێستا 18 هێڵی ئاسمانیی هەرێمی و جیهانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ڕۆژانە و هەفتانە گەشتی ڕاستەوخۆیان بۆ 31 شاری جیهان هەیە.
هاتنی ئەو كۆمپانیا فڕۆكەوانییانە دەرەنجامی زیادبوونی جووڵەی گەشتیاری و بازرگانیین، بەڵام وەك بەڕێوەبەری گشتی باسی دەكات، پێدانی ڤیزا لەلایەن كۆنسوڵخانەكانی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە لە هەولێر، هۆكارێكی گەورەی كرانەوەی گەشتی هێڵی ئاسمانیی نوێیە لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بەرەو وڵاتانی دەرەوە.
هەروەها پێشڤەچوونی بەرچاوی هەولێر لە ڕووی شارسازی و ئاوەدانییەوە، سەرباری ئارامییە نمونەییەكەی، هۆكارێكی دیكەی زیادبوونی گەشتیارانی بیانی و گەشتی سەردانی هاووڵاتییانی كوردستانی تاراوگەنشینە بۆ زێد.
لەوەتەی ٢٠٠٥ەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە سیستەمی پێشكەوتووی ئاسایش، چاودێری و پشكنینی ورد دەناسرێتەوە، بەم هۆیەوە گەشتیاری هەولێر لە فڕۆكەخانەكانی ئەورووپا بە ئاسانی و بێ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەی پشكنین و لێپرسینەوە تێدەپەڕێت. لەمبارەوە دانا تۆفیق بەڕێوەبەری كارگێڕیی فڕۆكەخانەكە دەڵێت حكوومەت هەموو ئاسانكاری و پێداویستییەكی بۆ فڕۆكەخانەكە و هێڵە ئاسمانییەكان دابین كردووە، وەك كارگێڕییەكی بەهێز، ئاسایش، پشكنینی پاسپۆرت بۆ بەرگرتن لە ڤیزا و پاسپۆرتی ساختە، هەروەها كۆمپانیای خزمەتگوزاریی پێشكەوتوو، كە لە كۆتاییدا بووەتە هۆكاری بەدەستهێنانی متمانەی هێڵە ئاسمانییەكان و فڕۆكەكانی جیهان.
ئەو بەرپرسە ئیدارییە، هاتنی هەردوو كۆمپانیای یۆرۆوینگز و ئێیگیان ئەیر لە ماوەی ئەمساڵدا بۆ هەولێر، بە نیشانەیەكی ئەرێنیی فرەوانبوونی هەولێر بە ڕووی ئەورووپا لێك دەداتەوە، ئاماژەش بە فرەوانبوونی بەردەوامی گەشتەكانی كۆمپانیای ناوخۆیی فڵای ئەربیل دەكات، كە گەشتەكانی لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانیی ئوور ئێیرڵاینەوە بەرەو چەند شارێكی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەكە ئەنجام دەدات.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا دوو ملیۆن و ٧٤ هەزار و ٤١ گەشتیار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان كردووە. ساڵی ٢٠٢٤ ئەو ژمارەیە زیادی كرد بۆ دوو ملیۆن و ١٢٨ هەزار و ٦٥٩ كەس. دانا تۆفیق دەڵێت كۆتایی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ ٢٠٢٥، ڕووداوەكانی شەڕ و پێكدادانی سەربازیی ناوچەكە بوونە هۆی هەڵوەشانەوەی دەیان گەشتی ئاسمانی، بە تایبەتییش شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بۆ ماوەیەك جووڵەی گەشتە ئاسمانییەكانیان راگرت.
كۆمپانیای خۆماڵیی فڵای ئەربیل گەشتی ئاسمانیی بۆ زیاتر لە ٢٠ شار هەیە، كە هەشتیان لە ئەورووپان، لەمبارەوە حەمید ئازموودا بەڕێوەبەری ماركێتینگی كۆمپانیاكە ئاماژە بەوە دەكات كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نوێترین هێڵی گەشتیان بۆ ئەڵمانیا و بە دیاریكراوی بۆ شاری شتووتگارت دەست پێ كرد.
دەشڵێت كۆمپانیاكەیان نزیكەی ٤٠٪ی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێك دێنێت.
فڕگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر درێژییەكەی ٤٨٠٠ مەتر و پانییەكەی ٧٥ مەترە، لە ڕیزی ١٠ درێژترین فڕگەی فڕینی جیهان دایە. تێرمیناڵی گەشتیارەکان توانای خزمەتکردنی چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیاری هەیە لە ساڵێکدا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved