پاشماوەی پاسکیلێکی ژەنگاوی لە باخچەی ماڵی عەلی مام سەعدون ڕاگیراوە، نە مۆنیۆمێنتە و نە پاشماوەی یاریی منداڵان، بەڵكو یادگاریی زەحمەتییەكانی ٣٠ ساڵی ڕۆژگاری خێزانێكە، بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و تەزووی كارەبا.
دوای ئەوەی عەلی مام سەعدون ساڵی ١٩٩٥ پاسكیلێكی بە ٦٠ دینار کڕی و لێزانانە كردی بە ئامرازێكی جیاواز، لە ماڵەكەیدا لە شارەدێی دارەتوو بۆ ماوەی سێ دەیە بۆ ڕاكێشانی ئاو لە بۆڕیی سەرەكی بەكاری هێنا.
عەلی لە بارەی پاسكیلەكەیەوە بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە “ئەوە یادگاریی زەمانی بێ كارەبایی و بێ ئاوییە. ٣٠ سار زیاتر عەزابمان خوارد، باش بوو مەشروعی ئاوی فریاگوزاریمان گەیشتێ، ئاو و ئاوەدانیی لۆ هیناین”.
پاشماوەی ئەو پاسكیلەی ئەمڕۆ لە باخچەی ماڵی عەلی ڕاگیراوە، كاتی خۆی بەهۆی نەبوونی تەزووی كارەبا و نەهاتنی ئاوەوە، بەجۆرێك دروست كراوەتەوە كە بە پەیدان لێدان ئاو ڕابكێشێتە ناو بۆڕیی ماڵەكە. لە لاشهیەکی پاسكیل پێك هاتووە كە دوو سووكانی هەیە لەگەڵ یهک ڕینگی بێ تایه و جووتێك پهیدان و زنجیرێك. وەختی خۆی گوریسێکی ئەستوور و توندوتۆڵیان له ڕینگهكهی ههڵدهكێشا و وهك قایشی موبهڕیده بە مزەخەیان دەبەستەوە، ئەندامانی خێزانەكە بە نۆرە پەیدانیان لێ دەدا، تا بەگوێرەی پێویست ئاو لە بۆڕیی گەڕەکێ ڕابكێشن.
ئەو پاسكیلە بۆ سێ دەیە جێی تەزووی كارهبای گرتبووەوە، خهڵکێكی زۆر سوودیان لەو بیرۆكەیە وەردەگرت و ئاویان پێ ڕادهكێشا. مام عەلی دەڵێ هەندێک جار بە دوو سێ ماڵ پاسکیلێکی لەو جۆرەیان دروست دەكرد، چونكە باری ئابووریی خەڵك لەوەش خراپتر بوو كە بتوانن پێویستییەكی لەم جۆرە دابین بكەن.
ئەو پیاوە بەتەمەنە كە بەكەسێكی قسهخۆشی دارەتوو ناسراوە، لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا پەیدانی زۆری لەو پاسكیلە داوە، بەدەم بەجێگەیاندنی ئەركەكەیەوە بۆ ماوەی كاتژمێرێك، قسەی خۆش و نەستەقیشی بۆ دەوروبەرەكەی كردووە، كە لە پەیدانلێدانیش دهبووەوه، هەر لە جێوە لێی پاڵ دەدایەوە و دهیگوت «ئهمن هەموو ڕۆژێ لۆ چار پێنج پهقرهجه ئاوی، دەچمە كۆیێ و دێمەوه”.
دوای ئەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر جێبەجێ كرا، كێشەی ئاوی دارەتووی چارەسەر كرد، ئەو پیاوە زەحمەتكێشەی شارەدێیەكە لەم بارەیەوە دەڵێ “خهركی دارهتوو زیاتر له سی ساره بهدهست بێ ئاوییهوه له ڕەزاڵەت داین، عومر باقی لە سێبەری ئهو مهشروعه دهحهسێینهوه”.
ڕۆژی 20ی تەمووزی ڕابردوو، بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
پڕۆژەكە لە ڕۆژێکدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، هەروەها بۆ هەر کاتژمێرێک 20 هەزار مەتر سێجا بەشێوازێکی 24 کاتژمێری ئاوی خاوێن کە شیاوە بۆ خواردنەوە، بۆ گەڕەکەکانی شاری هەولێر دابین دەکات و تا 30 ساڵی داهاتوو، شاری هەولێر لە کەمئاوی دەپارێزێت.