لە دڵی هەولێردا کە ڕۆژانە تاوەرە کۆنکرێتییەکان بەرز دەبنەوە و خووی بەکاربردنی كەلوپەلی نوێ بەخێرایی گەشە دەکات، گەنجێكی دەستڕەنگین بەبێدەنگی لە سەربانی ماڵەكەیدا زبڵ و داری فڕێدراو وەبار دێنێتەوە و بەرهەمی نوێی لێ چێ دەكات.
عەلی سابیر، دەرچووی ئەدەبی ئینگلیزییە لە زانکۆی سەڵاحەدین، مۆبیلیات و پارچەی دیکۆری سەرنجڕاكێش لە زبڵ و داری فڕێدراو بەرهەم دێنێت، ئەو كارە تەنها بۆ بەسەربردنی كات ناكات، بەڵکو لە ڕێگەی خەیاڵکردن و ئارامگرتنەوە لەلایەكەوە ژینگە دەپارێزێت و لەلایەكی دیكەوە قازانجی ئابووریی لێ دەكات. سەربانی ماڵی عەلی لە كارگەیەكی پیشەسازیی بچووك دەچێت، دیوارەکانی بە ئامێر هێڵکاری کردووە، ڕەفەکانیشی بە دارە دووبارە وەبارهێنراوەكان دروست كردووە.
ئەو كوڕە گەنجە پیشەی سەرەكیی وەرگێڕانە و دوای ڕۆژە درێژەكانی كاركردن، دەگەڕێتەوە ماڵەوە و زوو خۆی دەگەیەنێتە سەربان، لەم بارەوە دەڵێت “زۆرم در بەو ئیشەی پاش دەوامم خۆشە، وەكی دێمە ئێرە لە باتیی ماندی بم، ئیسراحەت دەكەم. فكرەی نوێ دەبینمەوە و تشتی نوێ دادەینم، خەمی دنیایێم لە بیر دەباتەوە”. ئەگەرچی ئەو پیشەی دارتاشینە لە داری فڕێدراو بۆ ئەو گەنجە سەرچاوەی ژیان نییە، بەڵام قازانجی زۆری لێ كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا سوورە لەسەر ئەو بیرۆكەیەی كە كارەكەی بۆ پارە نییە، بەڵكو خولیایە، هەر لەبەر ئەوەشە پەلەی نییە لە دروستکردن، بەڵكو لەسەرەخۆ دەست و پەنجەی لەگەڵ كەلوپەلەكانیدا نەرم دەكات تا دەگاتە ئەو بڕوایەی بەرهەمێكی باشی بەدڵی خۆی داهێناوە.
ئەو گەنجە كە لەو دار و تەختانەی خەڵک فڕێیان دەدات، کەلوپەلی وەک مێزی میوە و چاخواردنەوە، مێزی کارکردن، کورسی، کەلوپەلی چێشتخانە و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکە دروست دەکات، زانینی زمانی ئینگلیزی یارمەتییەكی گەورەی داوە، چونکە جگە لە دروستکردنی بەرهەم و کەلوپەلە کوردەوارییەکان، چەندین بیرۆکەی لەو کەسانەش وەرگرتووە كە لە جیهاندا گرینگی بە وەبارهێنانەوە دەدەن.
عەلی لە بارەی سەرەتای ئەو حەز و کارەی خۆیەوە دەڵێت “جاران حەزم لە گوڵدان بوو. دەمویست لە ئۆنڵاین بکڕم، بەس زۆر گران بوون. لۆیێ فكرم لەوەی كردەوە بە خۆم دروستی بكەم.
هەندەك پارچە داری شكا و بێ کەڵکی مارێم خڕ كردەوە، چەكوچ و بزمارم كڕی، چەند گوڵدانەكی جوانم دروست کرد“. دوای ئەوە جارێك ویستوویەتی مێزی نانخواردن بكڕێت، نرخەكەی پێ گران بووە و بیری كردووەتەوە ئەویش بۆ خۆی دروست بكات. ماوەیەك خۆی بە داری فڕێدراو و کڕینی چەند پارچە دار و پێداویستییەکی دیكە خەریك كردووە، تا بەتێچووەكی كەم ئەو مێزەشی دروست کردووە. ئەو گەنجە كە ماوەی چوار ساڵە دەستی داوەتە دار و بزمار، لە كەناڵەكەیدا لە یوتیوب بەناوی (DIY Kurdish) وردەكاریی زۆربەی كارەكانی بڵاو كردووەتەوە، ههندێك کەلوپەلی دروست کردووە، پێشتر لە هیچ شوێنێك نهبیندراون، بهڵكو بیرۆکەكە بەتەواوی هی خۆیەتی.
وەبارهێنانەوە: ڕیسایكلینگ