بەنگلادیشییەکەی بن دیواری قەڵات!
بەنگلادیشییەکەی بن دیواری قەڵات!
September 02, 2025

هەر جارەک قسە دێتە سەر باسی زمان و کولتوور، ئەمن یەکڕاست محەمەد بەنگلادیشیم بیر دێتەوە کە بەئاکسنتێکی کوردیی پڕ لە وشەی عه‌ره‌بی و بەدەنگێکی گڕی ڕاچڵەکێنەر دەیگوت “شوورەیییە لە وڵاتەک بژى نەزانى فەرهەنگ و کولتووری چییە”. پاشان بەوپەڕی متمانەبەخۆوە ئەوەشی لەسەر باقیی قسەکانی زیاد دەکرد، “بەشەر لە جێیەک ژیا، نابی هەر خەریک پارە بی”.
هەر کاتێک بەرەو شەقامی پزیشکان، ئینجا بۆ پاڕکی شار تێ دەگەڕام لە چایخانەى مەچكۆ لەبەر سێبەری پیرە قەڵات دیشلەمەیەکم بەسەردا دەکرد. پاشان لای سیروانی ڕۆژنامەفرۆش بەسەرپێیی دەستێکم بەناو لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا دەخشاند و پرسیاری یەک-دوو کتێبی تازەشم لێ دەکرد. ئینجا لە کۆڵانی شیرنیفرۆشان یاغر یاغر بەناو قەیسەریاندا بۆ شەقامی باتە شۆڕم دەکردەوە، لەوێش بەکاوەخۆ بە لای بازاڕى كتێبفرۆشان بەرەو لای گەراجە بچووكەکەی حاجى بازرگان پێ هەڵدەگەڕامەوە.
لە کۆڵانە تەسک و سەقەتەکەی تەنیشت دەرگە ژەنگاوییەکەی دائیرەى جنسیەى قەدیم، گەراجێکی ڕووبەر لاکێشە، دووکەڵی موەلیدەکانی ئاسمانی شاری تەنی بوو، شوێنەکە هەتا بڵێی عاسێ بوو، تا توڕمبێل دەچووە ژوور، شۆفێری قوڕبەسەر دەبووایە دوو-سێ جار بەگ لێ بدا و مەترێکیش سەر لە جام بێنێتە دەر.
محەمەد لەوێ ئیشى پێ كردن و كوژاندنەوەى موەلیدەكانى دەكرد. حاجی خاوەن گەراج کۆخەڵیت و چاڵاوێکی لە تەنیشت موەلیدەکان بەجەمەلۆن بۆ پێکەوە نابوو. ئەو وەختانەی ئیشی سەرئاوی هەبایە، دەماوە دەبوو بە ڕاکەڕاک خۆی بگەیەنێتە مزگەوتی تەنیشت بینای پارێزگە. حاجی گەراجەکەى بە کرێی مانگانە دابووە دوكتۆر و پەرستارەكانى (شارع ئەتوبا). محەمەد لەو ڕووەوە سەری سووک بوو، چونکە ئەرکەکەی هەر خزمەتکردنی موەلیدەکان بوو. لێ هەر جارەک کە دەمبینی بە دڕدۆنگییەوە دەیگوت “حاجی گوتی بەس موەلیدە ئیش بکە، نە توڕمبێلان”.
پاش ئەوەی لە ڕێگەی برادەرێك ئاشنایەتیم لەگەڵ محەمەد پەیدا کرد، هەر جارێک چووبامە باژێڕی، بەبێ دوودڵی تڕومبێلم دەبردە ئەوێ. ئەگەر لە ژوورێش جێ نەبایە، لە بەردەم گەراج تڕومبێلم پاڕک دەکرد. ئەوجا ئەو شەوەى لە ساڵی ٢٠١٤، داعش مەخموورى گرت، ڕۆژى پاشتر ڕێم کەوتەوە بازاڕ، گەراجی حاجی چۆڵ بوو. پاش دوو هۆڕنە لێدان، محەمەد بەخۆی و دەرپێ سپییە فشەکەی بە پەلەپەل دوای ئەوەی سۆلە لاستیکەکانی بەسەر قاچیەوە کرد، خێرا لەبن جەمەلۆنەکە هاتە دەر. هێشتا چەند مەترێکی مابوو بگاتە من دوور بەدوور شیڕاندی:
کو لێرەی؟
ئەدی بچمە كوێ؟
محەمەد تژی لە دڵگەرمی بەبێ پێچوپەنا دەستی خستە نێو گومان و بیرە هەڵبزڕکاوەکانی، ئینجا وەک شێرێکی برسی خۆی بۆ نێچیرێک مەڵاس دابێت، هاوشێوەی قەندیلەیەکی فتیلە سووتاو دەستی بە پرتەپرت کرد:
دونێ حاجى تەلەفۆن كردم، دەرێت لەگەر من وەرە ڕۆیشتینە ڕواندز.
هێشتا تفی زاری قووت نەدابوو بەسەبروکە ئەوەشی گوت “مەزڕەعی دانایە”.
ئەى بۆ نەچووى؟
وەڵا برام نەفەر جارەک دەمرم.
پێشتر لەگەڵ محەمەد جگە لە چاك و چۆنى بەم شێوەیە نەکەوتبوومە نێو گفتوگۆیەکی جدی. کوڕێکی دڵساف و تا بڵێی بەنمەک بوو، ئەوەی خراپ بوو دڵسافییەکەی وای لێ کردبوو خۆشباوەڕ بێت. هەرچی زمانە کوردییەکەی بوو لە ڕووی ڕێزمان و دەربڕینی فۆنیمەکان پڕ کێشە بوو، بەڵام ئەوە بوو سڵی لە قسەکردن نەدەکردەوە.
باشە پێت نەگوتم، حاجی بۆ دەیویست بتباتە مەزڕەعەی؟
من هێشتا لە تڕومبێلەکە دانەبەزی بووم، ئەویش هەردوو ئەنیشکی خستبوونە سەر پەنجەرەکەی لای سەکن، بەجۆرێک سەری لەنێو تڕومبێل و تەواوی جەستەشی لە دەرەوه‌ بوو.
ڕۆژنامەنووس کە کسەی دەکەن، دەبی هەموو تشت بزانن.
پێکەوە لە قاقای پێکەنینمان دا، قسەکانی زۆر تاقەتپڕووکێن بوون وەک ئەوەی برینێکی زامدار لەسەر جەستەی بێت و دەم دەم بوکلێتەوە. جارێکی دی چووە سەر زەمکردنی حاجی، بەڵام ئەمجار بەتۆنێکی لەسەرخۆ وەک بڵێی کەسێک لەپشت دیوارەکەوە چاودێریمان بکات، گوتی:
حاجی ترسنۆک دەرێ داعش بێنامووس دێن لە هەولێرێ.
قسەک لە من یەک لەوی، هەتا دەهات مەجلیسەکەمان گەرمتر دەبوو. ئەکسنتێکی خۆشی هەبوو، بەمن بایە من گوێگر بم و ئەویش قسە بکات. زۆرم مەراق بوو بزانم حاجی ڕۆژانە چەندی دەداتێ، لێ پێم جوان نەبوو ڕاستەوخۆ پرسیاری پارەی لێ بکەم، بۆیە شێوازی پرسیارەکەم بەجۆرێکی دیکە گۆڕی.
ئەرێ ئیشوکار چۆنە؟ ئەی ئەو كوردییە چۆن فێر بووى؟
لەگەڵ پێكەنینێكى كورت ددانە زەرد و کەڵپە گەورەکانی تەواو دەركەوتن، لەو دەمە تیشکی خۆر ڕووەو ئاوابوون لار دەبووەوە، هەوایێکی نەرم و فێنک ئاسمانی شاری داپۆشی، بەدەنگێک کە هێزێکی شاراوەی لە پشتەوە بوو، محەمەد سەری هەڵبڕی:
پێنج ساڵ نانی هەولێر خواردم، لە بەنگلادیش خانم کڕی.
سەتان دەرچووی زانکۆ لە شارەکەی من بە بیانووی نەبوونی ئیش و دانەمەزراندن وەک زەغەڵزەمتە لاقیان ڕاکێشاوە و دار لەسەر بەرد دانانێن، کەچی کابرایەکی بەنگلادیشی لەوسەری دونیاوە هاتووە، لێرە دینار دینار سامانی وڵاتەکەم کۆ دەکاتەوە و دەیبات لە وڵاتی خۆی سەرفی دەکات. من ئەوها لەبەر خۆمەوە قسەم دەکرد.
وەڵا لێرە پارە ئیش بکەم، عەیبە زمان کوردیش نەزانم کسەی بکەم.
محەمەد وەك ئەوەی پرسیارێك ئاراستەى من بكات، بەڵام هەر خۆشی وەڵامی دایەوە.
هەندەک بەنگلادیشی لێرە هاتییە، بەس گۆرانی حەزی لێیە، نە ئیش، نە زمان فێر نابی.
سەرێكم بۆ لەقاند و لە تڕومبێل دابەزیم، بێ ئەوەی سویچ بێنمە دەر. هێشتا دەرگەم دانەخستبوو، محەمەد بۆ ژێر جەمەلۆنەکان غاری دا، لەگەڵ ئاوڕدانەوەکانی یەک-دوو جار گوێم لێ بوو بەدەنگێکی بەرز داوای کرد نەڕۆم. لەگەڵ خۆر ئاوابوون ئاسمان لە جوانی و بێ گەردیی تژی بوو، ئەستێرە بەرایییەکان وردە وردە دەردەکەوتن. هەندی لە دەمێ محەمەد بەخۆی و دەفتەرەکی سەت پەڕیی بەرگ شین، جارێکی دیکە بەخۆشۆڕکردنەوە لەبن جەمەلۆنەکان دەرکەوتەوە.
هەموو قسان فێر بوون، لێرە دەنووسم.
زارم هەڵێنا خەریک بوو بڵێم ئەوەی تۆ دەیکەی ئیشی حكوومەتە، نەدەبوو مۆڵەتی ئیشكردن بەخەڵكى بیانى بدات هەتا دەورەیەكى چوار پێنج مانگى زمانى كوردییان پێ نەكات، دوایی پەشیمان بوومەوە. کابرای فەقیر کار و کاسبی دەکات، من سەرم نایه‌شێ، بۆ پەڕۆی لێ باڵینم.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved