گرافیتی.. لە ئاودەستی مزگەفـتەكانـــەوە تا دیــواری قــەڵات
گرافیتی.. لە ئاودەستی مزگەفـتەكانـــەوە تا دیــواری قــەڵات
September 02, 2025

ئەو ساتەی داهێنان و تێكدان، شێواندن و جوانكاری ئاوێزانی یەكدی دەبن، ئەو هونەرەی لێ چێ دەبێت، كە پێی دەڵێن گرافیتی. لەوانەیە سەرەتای ئەو هونەرە لە هەولێر بۆ سەردەمی شۆڕش بگەڕێتەوە، ئەو دەمانەی دروشمەكان لە دژی عێراقی داگیركەر لەسەر دیوارەكان دەنووسران و وێنەی سەركردە سیاسییەكانی كورد دەكێشران.
لە قۆناغێكدا گرافیتییەكانی دژی عێراقی داگیركەر لەسەر دیوارەكانی دەرەوە گوازرانەوە پشت كورسیی پاس و سەر دیواری ئاودەستی مزگەفتەكان و دەنووسران بژی كورد، بژی كوردستان، بژی گەل. تا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، كە گرافیتی چووە قۆناغێکی ئاشکرا.
ئێستە لە هەولێر و كوردستان بەگشتی، هونەری گرافیتی خاوترە لەوەی چاوەڕوان دەكرا، دڵشاد شیمال دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ئاکرێ، لەم بارەوە بۆ (گڵکەند) دەڵێت «تا ئێستە بەبێ كێشە چەند کارێكی گرافیتیی لە هەولێر کردووە، چونكە لێرە وەک زۆر وڵاتی جیهان، هونەرەكە بەفەرمی قەدەغە نەکراوە، بەڵام پێش ئەوەی هەر کارێک بکەن لە هەر شوێنێک، دەبێ سەرەتا لایەنی پەیوەندیدار ئاگەدار بکەنەوە، زووتریش ئەو وێنە و هێڵکارییانەی ئەنجامی دەدەن، بۆ لایەنی پەیوەندیدار بخەنە ڕوو».
ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەكات كە کۆمەڵێک کاری نوێی هەیە، بەڵام دەستی واڵا نییە و سارد بوونەتەوە، چونكە پشتیوانی نەكراون.
ئەوەش ناشارێتەوە كە هەستێکی خۆشی هەیە کاتێک بە تەنیشت کارەکانیاندا تێدەپەڕن لە شەقامەکاندا و سەیریان دەکەنەوە، بوونەتە شانازییەک بۆیان، هەروەها بوونەتە نیشانەیەكیش بۆ شوێن و شارەکە.
لە دیارترین کارەکانی دڵشاد، چەند گرافیتییەكە لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی شەقامی سوڵتان موزەفەر، کە هەڵگری پەیامی مرۆیی و ژینگەدۆستین.
لە جیهانیشدا گرافیتی لە هونەرە باوەكانە، مێژووەكەی نادیارە، بەڵام هەندێک سەرچاوە دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی، بە بەڵگەی دۆزینەوەی وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکان. کە لە چەند کۆد و هێمایەک لە بریی قسە و زمان پێك هاتبوون و ئێستە پێی دەگوترێت زمانی وێنە. دواتر لەگەڵ دروستبوونی شارستانییەتەكان، بۆ نەریت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان سوودیان لێ وەرگیرا، تەنانەت لە زۆربەی شارستانییەتەکانی وەک میزۆپۆتامیا و فیرعەونەکان و مایاش، وەک هونەرێک لە پەرستگە و مزگەوت و کڵێساکان بەکار هاتووە.
شارەکانی نیویۆرک و دیترۆیتی ئەمەریکا، بە ناوەندی گەشەی ئەم هونەرە دادەنرێن لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دواتر پەڕییەوە بۆ بەرلین، پاریس، لەندەن و شارە گەورەکانی دیكەی جیهان.
هونەری گرافیتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ قاڵبێکی تری وەرگرتووە، پەیامێکی جیاوازتر دەدات بەراورد بەساڵانی ڕابردوو، ئێستە زیاتر وەک هونەرێکی یاخی و ناڕازی لە سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ناسراوە. تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا وەک دژایەتی بەرانبەر بە پۆلیس و دیکتاتۆر و نەژادپەرستەکان بەکار دێت. لە ئەوروپاش، ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێشاندانی پێکەوەژیان و ژینگەپارێزی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.
ئەم هونەرە چونکە لە شەقامەوە دروست دەبێ و بینەرەکانی خەڵکانی سەر شەقامەكانن، پەیامەکانی ڕوون و ئاشکران، پێویستیان بەتێگەیشتنێکی قووڵ نییە. بەگشتیش بە دوو شێواز دەرکەوتووە، یەکەمیان بەنووسین، واتا بەکارهێنانی پیت و وشە. بەڵام تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، زۆر جار وشەکان زبر و نەشیاون لە ڕووی ئەدەبیاتی نێو کۆمەڵگە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کاریگەر و زەق دەرکەوێت. هەروەها بەفۆنتی گەورە و ڕەنگی جیاواز دەنووسرێن. دووەمیش بەوێنەکێشان، کە چەندین شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە، بەڵام دەبێ دەربڕینەکان لە فۆڕمێکی ڕادیکاڵانە بن و هەستهەژێن بن، واتا بینەر زوو بەرکەوتنی لەگەڵ دروست بکات.
لە هەندێک وڵات، گرافیتی سوودی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زۆری گەیاندووە؛ بۆ نموونە شوێنەکە بووەتە ناوونیشان تا بناسرێتەوە و خەڵک لە نێوان خۆیاندا وەک تەعریف کەڵکی لێ وەرگرن. یاخود دیواری کۆن و ئەو باڵەخانە وێرانبووانەی کە تەمای نۆژەنکردنەوەیان نییە، بە وێنە دەینەخشێنن، تا سیمایەکی دیکە ببەخشێت.
لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، گرافیتی هونەرێکی قەدەغەکراوە و بە ناسایی دادەنرێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هونەرمەندانی لە چینە هەژارەکانن و دەنگیان ناگات بەدەسەڵات یان ناڕازین، لە بەرانبەر ئەوەدا هەڵدەستن بە کێشانی وێنەی ئەو کەسانەی وەک شۆڕشگێڕ دەردەکەون دژی دەسەڵات. یاخود کێشانی وێنەی ئەوانەی بە ناهەق کوژراون. لە زۆربەی وڵاتەکانیش بەم هونەرە دەڵێن، دەنگی هەژارەکان. بەشێوەیەک، کە پرس دروست دەکات. بۆیە هەندێک وڵات، ساڵانە بودجەیەکی دیاریکراو دادەنێن بۆ ڕەشکردنەوە و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە و بنبڕکردنی ئەم شێوازی دەربڕینە لە هونەر.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved