ئەو زەمانەی ڕۆژنامە بەرنەدەکەوت
ئەو زەمانەی ڕۆژنامە بەرنەدەکەوت

ڕۆژگارەك لەو هەولێرە، ڕۆژنامە و گۆڤاری چاپکراو وەچنگ نەدەکەوتن.
دەبوایە نۆرە بگری یان واستە و ناسیاریەتییەكت لەگەڵ ڕۆژنامەفرۆش هەبێت تا بتوانی بەئاسانی ڕۆژنامە بکڕیت و گۆڤارەكانت دەست بکەوێت.
لە حەفتاکان تا کۆتاییی نۆهەتەكانیش، ڕۆژنامە و چاپکراوەکان درەنگ دەگەیشتنە هەولێر، وەختی عەسر ڕۆژنامەی ڕۆژ دەگەیشت و بەماتۆڕێکی سێ تایە دابەشی سەر کتێبخانەکان دەکرا. ناسراوترین کتێبخانەی ئەو كاتیش کتێبخانەی تەئمیم بوو لە هەولێر، کە دەکەوتە ناوەڕاستی شێخەڵڵا و بەرانبەر بازاڕی ئێستەی نیشتمان و باخچەی خانەنشینان.
هۆکاری درەنگ گەیشتنی ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکانی ڕۆژ بۆ هەولێر دیار نەبوو، چونکە جگە لە شارە کوردییەکان، لە عێراقدا کاتژمێر هەشتی بەیانی ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکان دابەش دەکران.
ئەو کات تەواوی خانەوادەکانی هەولێر ڕۆژنامەیان دەکڕی و خوێنەری بەردەوام بوون. زەحمەت بوو ماڵێک هەبێت لەو هەولێرە ڕۆژنامەخوێنێکی تێدا نەبێت.
بەبیرم دێت سەعات دووی نیوەڕۆ خەڵک لە بەردەم کتێبخانەی تەئمیم ڕادەوەستان و نۆرەیان دەگرت بۆ ڕۆژنامە کڕین.
ئەو کات نرخی ڕۆژنامەکان لە پێنج تا بیست و پێنج فلس بوون، گۆڤاریش نرخی پەنجا فلس بوو، گۆڤارە میسرییەکان نەبێت نرخیان سەد فلس بوو، بەڵام سەرجەمیان بەرنەدەکەوتن و دەفرۆشران.
لەناو ڕۆژنامەكاندا، وەرزشییەکان ڕەواجیان زۆرتر لەسەر بوو، دووشەمان پاشکۆیەکی وەرزشیی ڕۆژنامەی جمهوریە هەبوو، بەناوی ڕیازە وەشەباب،‌ چاپی ڕەنگاوڕەنگ بوو، بە گوللەش دەست نەدەکەوت.
خەڵکی هەولێر یەک جۆر ڕۆژنامەیان نەدەکڕی، بە لای کەمەوە سێ تا چوار جۆر ڕۆژنامەیان دەکڕی. ڕۆژنامەیەکی هەفتانە هەبوو بە ناوی (ڕاسد) ساڵانێكی درێژ بەردەوام بوو، ڕۆژنامەیەکی هەمەڕەنگ بوو، ڕەواجی زۆر بوو، کەس نەبوو نەیکڕێت.
هەندێك جار ڕۆژنامەی دەستی دووش دەفرۆشرانەوە. کەسێک دەیکڕی و بەدوو سەعات دەیخوێندەوە و دواتر دەیفرۆشتەوە، یاخود ماڵێک ڕۆژنامەیان بەدەست نەکەوتبا، بە كاتی لە ماڵی جیرانیان وەردەگرت. دواتر چەند کەسێک پەیدا بوون یەک لەوانە خۆم، بەرگەی دواکەوتنی ڕۆژنامەکانم نەدەگرت، بەتایبەتی ڕۆژنامەی هاوکاری، بۆیە سەعات هەشتی بەیانی لە ڕێی گەراجەوە دەچوومە مووسڵ و ژمارەیەکی بەرچاو ڕۆژنامەم دەکڕی و دەگەڕامەوە، سەعات یازدە یان دوازدە لە هەولێر بووم، پێش وادەی گەیشتنی ڕۆژنامە بۆ هەولێر، ڕۆژنامەم لا بوو، خوێندبوومەوە و بەشێکیشم بەنرخی کەمێک گرانتر دەفرۆشتەوە هاوڕێیەکانم.
ڕۆژنامەفرۆشی كارێكی خۆش بوو، بەڵام قازانجی كەم بوو. ماوەیەک لەگەڵ هاوڕێیەكم ڕۆژنامەمان دەهێنا و بەگرانتر دەمانفرۆشتەوە، لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا ژمارەیەکی زۆرمن دەفرۆشت.
قۆناغی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی یەکەم مفاوەزات لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاتێک وێنەی سەرکردە کوردەکان لەگەڵ سەدام حوسێن لە ڕۆژنامە عێراقییەکان بڵاو کرایەوە، یەک ڕۆژنامە لە بازاڕ نەما، چووینە مووسڵ هەرچی ڕۆژنامەیە کە ڕەسمەکانی تێدایە کڕیمان. نرخی یەک ڕۆژنامە لە ڕوبعێكەوه گەیشتە یەک دینار.

دیمەنی بەردەم كتێبخانەكەی (تەئمیم) لە ساڵی ١٩٧٦، كە (جومعە)ی خاوەن كتێبخانە لەوێ وەستاوە


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved