بەڵگەنامەیەكی 1924 نهێنییەكە ئاشكرا دەكات
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە فەرمانگەى بەڕێوەبەری بەندیخانەکانی پادشایەتیی عێراق بە ژمارە 1097 لە 27/28ى تەمووزی 1924 دەرچووە، بەیاداشتێک نێردراوە بۆ وەزارەتی ئەو کاتی ناوەخۆی عێراق، تیایدا بەڕێوەبەری بەندیخانەی پادشایەتی لە بەغدا باسی چۆنیەتیی دزینی سندووقی بەندیخانەى هەولێر دەكات.
سندووقی بەندیخانە بۆ هەڵگرتنی پارە و پول و کەلوپەلی بەنرخ و کەسییەکانى بەندکراوان بوو، کە ياسا و ڕێنمایییەکان ڕێگە نادەن بەبردنە ژوورەوەیان بۆ ناو بەندیخانەکان، لە کاتی ئازادبوونی بەندکراوەکەدا، كەلوپەلەكان لە سندووقەكە دەردەهێندرێت و بە بەندكراوی ئازادكراو دەدرێتەوە.
لە یاداشتەکەدا هاتووە کە شەوی 28ى نیسانی 1924، پەنجەرەی ژووری مەئمووری بەندیخانەى هەولێر لە ڕەگەوە هەڵکێشراوە کە دەکەوێتە دیوی دەرەوەی دیواری بەندیخانەکە و سندووقی بەندیخانەکە بە پڕی دزراوە.
دۆسیەکە نێردراوە بۆ پۆلیس، بەڵام پۆلیس نەیتوانیوە دزەکە یان دزەکان ئاشکرا بکات، لە پشکنین و لێکۆڵینەوەى پۆلیس و مەئمووری بەندیخانەکە و پشکنەری بەندیخانەکانی ناوچەى مووسڵ دەرکەوتووە و سەلمێندراوە کە جێگری عەریف بەناوی کازم، یەکێک بووە لە پارێزەرانی بەندیخانەکە و ئەو شەوە نۆبەتی پاسەوانیی بووە، لە کاتی دزییەکەدا خەوی لێ كەوتووە. مەئمووری بەندیخانەکە ڕاستەوخۆ سزای جێگری عەریفەکەى داوە بە بڕی پێنج ڕوپیە، وەکو سزای خەولێکەوتنەکەی و پێنج ڕوپیەکەى ڕادەستی سندووقی حکوومەت کردووە. ئەو کەلوپەل و پارانەى لەناو سندووقەكەدا دزرابوون بایی ٩٢ ڕوپیە و پێنج عانە بوون، نرخی خەمڵێندراوی سندووقەكە ٢٥ ڕوپیە بووە، ١٢ ڕوپیە و سێ عانەی پارەی کاشی خەرجیی بەندیخانەکەشی تێدا بووە، کەلوپەل و پارەکانی دیکە كە سپاردەى بەندییەکان بووە، ٤٥ ڕوپیە و دوو عانە بووە لە سپاردەکانی بەندییەکان، لەگەڵ دوو کاتژمێری بەندییەکان کە بە ١٠ ڕوپیه خەمڵێندراون.
بەڕێوەبەری بەندیخانەى پادشایەتیی عێراق لە بەغدا لە یاداشتەکەیدا ئەوەشی نووسیوە کە داوای لە پشکنەری بەندیخانەکانی ناوچەى مووسڵ کردووە، تێبینییەکانی دیاری بکات، لەم بارەوە وەڵامی بەڕێوەبەری بەندیخانەى داوەتەوە کە کەلوپەلە دزراوەکان بخرێتە سەر ئەستۆی جێگری عەریفەکە، سەرەڕای سزای پێنج ڕوپیەکەى و لەسەر كارەكەشی دەربکرێت.