ئاوی میری 75 ساڵە وشکی نەکردووە
ئاوی میری 75 ساڵە وشکی نەکردووە

لە ناوچەیەكدا کە زۆر جار وشکەساڵی تەنگی بەدانیشتوان هەڵدەچنی، كارێزێكی هەولێر زیاتر لە ٧٥ ساڵە بووەتە سیمبولی مانەوە و بەردەوامی، هێشتا ئاو بە شارەكە دەبەخشێت، كارێزێكی دیكەش بەر لە ١٠٨ ساڵ لە كەسنەزانەوە ڕەگی ژیانی دەگەیاندە گەڕەكەكانی سێتاقان و شێخەڵڵای ئێستە و بن قەڵات.
هەولێر كە لە كۆنەوە دوو سەرچاوەی ئاوی هەبوو، لە ڕێگەی ترومپا و بۆڕییەوە ئاویان بۆ گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانی شار دابین دەکرد، سەرچاوەی ئاودانی باخچەكانیش بوون.
سەید سەلیم چایچی کە هەولێرییەكی شارەزای شارەكەیە، لە بارەی سەرچاوە ئاوییەکانەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێت یەکەم سەرچاوەی ئاوی هەولێر، کارێزی کەسنەزان بووە، کە لە ناوەڕاستی ١٩١٨ و لە سەردەمی عوسمانیەکاندا هەبووە، بۆ مەودایەکی زۆر ئاوی دەگواستەوە و دەگەیشتە گەڕەکی سێتاقان، لەوێ چەند باخچەیەک هەبوون کە هی ماڵی ئیبراهیم سێتاقانی بوون و ئاوی دەدان، دواتر ئاوەکە دەڕۆیی بۆ ئاودانی باخچە و دارەکانی عەتاوڵاغا، کە پیاوێکی زەنگین و دەستڕۆیشتووی خەڵكی قەڵاتێ بوو، باخچەی سەوزە و دار فستقەكانی و قەسرەكەی لە شوێنی شێخەڵڵای ئێستەكە بوون.
سەید سەلیم بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی باسی ئاوی كارێزی كەسنەزان كە دوای ماڵی عەتاوڵاغا، دەچوو بۆ باخچەی مەلا داود و دواتریش بۆ مزگەوتی شێخەڵڵا کە تا ئێستەیش ماوە، دواتر درێژ دەبووەوە بۆ نزیک باغی شار، لەوێشەوە بۆ مزگەوتی ئاڵتی بەرماغ لە گەڕەکی خانەقا، لەو شوێنە حەوزێکی گەورە هەبوو، ئاوەکەی تێدا کۆ دەبووەوە.
ئاوەكە بە ڕۆژ شلوێ بوو و شەویش ڕوون دەبووەوە، لەوێوە بە گوێدرێژ و وڵاخ کە سەقایان پێ دەگوت، ئاویان دەفرۆشت و ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕان، کوپە و جەڕەی ماڵەکانیان پڕ دەکرد، نرخی ئەو ئاوە بۆ هەر ماڵێک ١٠ فلس بوو، هەندێک لە ماڵەکانیش سەری مانگان پارەکەیان دەدا.
سەرچاوەی دووەمی ئاوی هەولێریش ئاوی میرییان پێ دەگوت کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ەوە لەسەر فەرمانی مەلیک فەیسەڵ بنیات نرا و تا ئێستەیش بەردەوام ئاو بۆ بەشێک لە شارەكە دابین دەکات.
ئەو کات سەرچاوە ئاوییەکە قفڵ و کلیلی هەبوو، چەند کەسێک بەڕێوەیان دەبرد، ڕۆژانە کاریان بەماتۆڕەكە دەکرد، ئەو کەسانەش حاجی جەبار، مام تەڵعەت کارێزچی و حەمەد فەتاح کارێزچی بوون، وەکو فەرمانبەر لەسەر بیری ئاوەکە دامەزرابوون، كۆڵانی تەعجیل و خانەقا و عەرەبان سوودیان لەو سەرچاوە کارێزە وەردەگرت، شوێنەکەی لە نێوان هۆڵی میدیای ئێستە و یانەی مامۆستایان بوو، گوندێکی بچووک لەوێ نێزیک بوو، مەڕوماڵاتیان هەبوو و لەوێ دەیانشووشتن، سەرەتا ئاوەکە سازگار و پاک لە شێوەی جۆگە و کانی بوو، دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، ترومپایەکیان لە سەرچاوە ئاوییەکە دانا و ئاوەکەیان دەگواستەوە بۆ ناو تانکیی قەڵای هەولێر و دواتر لە ڕێگەی ئەو تانکییەوە ئاوەکەیان دابەش دەکرد، لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ گەڕەکەکانی عارەبان و تەعجیل و خانەقایان دەگواستەوە.
ئاوەکە تا ئێستەش ماوە و لە ڕێگەی سێ ماتۆڕی گەورەوە دابەش دەکرێت، ئەو نافوورەی ئێستەی باغی شار، سەرچاوەکەی ئەو ئاوی میریەیە، جگە لەوە بۆڕیی ئاوەکە بەناو چایخانەی مەچکۆدا دەڕوات، بەر لەوەی چایخانەکە دروست بکرێت، ئەو بۆڕییە ئاوە هەبوو، هۆکارێک بوو کە خەڵكی لێ كۆ بێتەوە، دواتر چایخانەی مەچکۆی لەسەر دروست كرا و بووە شوێنێکی تایبەت و مێژووییی شارەكە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved