هونەرمەندە هەولێرییەكە میوزیکی ڕۆژئاوای تێکەڵی گۆرانیی کوردی کرد
سەڵاح نەجمەدین ئەو هونەرمەندە هەولێرییەی بۆ یەكەم جار میوزیكی ڕۆژئاوای هێنایە ناو هونەری كوردی، لە تەمەنێکی بچووکدا بەهرە و زیرەکییەکی گەورەی هونەریی تێدا دەركەوت، بەتایبەتی لە گۆرانیی (گرفتار) کە هۆنراوە و ئاوازەکەشی هی خۆی بوو.
بەم دوایییە گۆرانیی (گرفتار)ی سەڵاح نەجمەدین دوای تێپەڕینی نزیكەی نیو سەدە بەسەر تۆماركردنیدا، بووە ترێندی سۆشیاڵ میدیای کوردی.
ئەو هونەرمەندە لەدایکبووی ١٩٦٠ی هەولێرە، بەستایلەکانی جاز و بلووز دەناسرێتەوە، لە سەردەمی خۆیدا نوێگەرییەكی گەورەی لە گۆرانیی کوردیدا کرد، خاوەنی هەشت ئەلبوم و ١١٧ گۆرانیی تۆمارکراوە.
سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەریی دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، یەکەم گۆرانیی تۆمارکراوی بەناوی شلکە و تەنک بوو لە تیپی هونەریی هەولێر لە ساڵی (١٩٧٢) تۆماری کرد، دوای ئەم بەرهەمە ڕوو دەکاتە بەغدا و لەوێ گۆرانیی (ڕوبابە)ی حەسەن زیرەک دەڵێتەوە و لە تەلەڤزیۆنی بەغدا تۆماری دەکات.
ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ڕزگار خۆشناو تیپی مۆسیقای شیلان دادەمەزرێنن، دوای ماوەیەک دابڕان لەم تیپە، ساڵی (١٩٨١) تیپی مۆسیقای ئەژین دادەمەزرێنێت، هەمان ساڵ لەگەڵ ئەو تیپە گۆرانیی (گرفتار) تۆمار دەکات .
دواتر ڕوو لە ئەوروپا دەكات و لە کاری هونەری دادەبڕێت تا لە نۆهەتەكان دەگەڕێتەوە و لە هەولێر دوکانێکی ئامێری مۆسیقا دادەنێت کە زیاتر لە نووسینگەی تیپی مۆسیقا دەچێت و گەنجانی میوزیکژەن لە هەموو لایەکەوە ڕووی تێ دەکەن، لەوانەش هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا ڕووی تێ دەكات، هەندێک هونەرمەندیش بەمەبەستی کارکردن لەگەڵی سەردانی دەكەن، وەکو کامەران ساڵح، دانا عەبدولجەبار و شێرکۆ کۆیی.
هونەرمەند سەڵاح نەجمەدین لە لێدوانێكی تەلەفۆنیدا دەڵێت دەشێت بەهرە و خۆشەویستی بۆ گۆرانی و هونەر لە باوكییەوە بۆ مابێتەوە، چونكە باوكی گۆرانیی دەگوت و حەزی لە مۆسیقا بوو.