شوێنەوارناسان لە گردە خۆڵینەكانی باشووری هەولێر، 47 دەفری گڵێنەیییان دۆزیوەتەوە كە پاشماوەی شارستانیەتێکە 6000 ساڵ لەمەوبەر گەشەی کردووە. زانایانی بوارەكە نەك هەر كاری دەستی، بەڵكو لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ئەو ناوچە و سەردەمە دەكۆڵنەوە و پەیوەندییان بە شارەوە ئاشكرا دەكەن.
هیچ شوێنێکی هەولێر نییە پاشماوەیەكی شوێنەواریی لێ نەبێت، پێشڤەچوونی زانستەکان، شوێنەوارناسیشی گرتووەتەوە، سەردەمانێک شوێنەوارناس تەنیا لە گردە گەورەکان دەگەڕان، بەڵام ئێستە لە شارە بچووکەکان و گوندەكانیش دەكۆڵنەوە، داخوا چی بوون و خەڵك چۆن ژیاون؟ پەیوەندییان بە شارە گەورەکانەوە چۆن بووە؟ لە ڕووی شارستانییەوە چەند جیاواز بوون لە شارە گەورەکان؟
گردی مەتراب كە تەپۆڵكەیەكی خۆڵییە، نزیکەی ٢٥كم لە باشووری هەولێرە، كیلۆمەترێك و نیو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی گوندی باقرتی ئێستەیە و سەر بەناحیەی شەمامکە، لە لای باکوری زنجیرە گردی عەوێنە هەیە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو ڕێیەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە.
ئەو گردە لە دەیەی زێڕینی شوێنەواریی عێراق لە شێست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، لە ئەتڵەسی عێراقی تۆمار کرا، ساڵی ١٩٧٢ وەک پێگەیەکی شوێنەواری ناسێندرا.
گردەكە لە شەش تەپۆڵکەی بچووک پێک هاتووە و لە کۆندا ڕووبارێکی وەرزی بەنێوانیان داهاتووە، بۆچوونیش وایە کە جیاوازیی مەتراب لەگەڵ گردەکانی دیكەی دەشتی هەولێر توورەگەڕێژن، بەڵام مەتراب بە هۆی کۆکراوەی خۆڵی ڕووبارەکان دروست بووە.
بۆ دووەم جار ساڵی ٢٠١٢ لە چوارچێوەی ڕووپێوی شوێنەواریی دەشتی هەولێر گردەكە ڕووپێو کراوەتەوە، لە ئەنجامدا دوو قۆناغی سەرەکیی نیشتەجێبوونی تێدا دیاری كراوە، سەردەمی کۆتاییی کانزاییی (٦٥٠٠) ساڵ پێش ئێستە لەگەڵ ئەشکانی (١٤١)ی زاینی.
پێ دەچێت ئەم نشینگەیە لە کۆتاییی سەردەمی عبێد (٦٥٠٠) ساڵ دامەزرابێت و تا کۆتایییەکانی سەردەمی ئووروک (٥٠٠٠) ساڵ، واتە بەرەو کۆتاییی هەزارەی چوارەمی پێش زاین، بەنیشتەجێبوون مابێتەوە.
پاشان وا دەردەکەوێت کە پێگەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەجێ هێڵدرابێت؛ ئینجا بەهۆی شەڕەوە یان بەهۆی وشکەساڵی، تا (٣٢٠٠) ساڵێک پێش ئێستە و کۆتاییی چاخی ئاسنی بەردەوام بووە، لە کاتێکدا پارچەی تاسوولقەکان بەڕێژەیەکی کەم لەسەر ڕووی پێگەکەدا پەرش و بڵاو بووەتەوە؛ ئاماژەیە بۆ دووبارە نیشتەجێبوونەوە بەشێوەیەکی کەم، بەڵام بەردەوام.
لە سەردەمی هێلینیستیدا - ئەشکانی بەڕادەیەکی کەمتر، پێگەی مەتراب گەشەی کرد و بووە ناوەندێکی ناوچەیی بەقەبارەی نیمچە شاری بە نزیکەیی دۆنمێک، ئێستەش سێ وەرز کار کراوە لەم پێگەیە، بەپێی دەرئەنجامەکان، پێگەیەکی هەڕەمەکی نەبووە لە کاتە جیا جیاکان، بەڵکو بەشێوەیەکی نەخشە بۆ دانراو نەخشەی دروستکردنی کراوە و تایبەتمەندییەكانی شاری تێدا دەردەکەوێت.
٤٧ دەفری گڵێنەیی کە زۆرینەیان ساغن لەم پێگەیە دۆزراونەتەوە؛ لەگەڵ چەندان ئامێری بچووک کە وەک تەلیشەبەرد، بەردەچەقۆ، تەشی، ئامێری ڕستن و چنین.
ئەم دۆزراوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەردەمی ٦٠٠٠ ساڵ پێش ئێستە دروست کراون، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان، ماڵە ناوەخۆیییەکان پشتیان بەچاڵاکییە جۆراوجۆرەکانی بنەمای پیشەسازی بەستبوو.
شان بەشانی گڵێنەسازی، زانیارییە ژینگەیی و زیندەوەرناسییە شوێنەوارییەكان (bioarchaeological) ڕۆشنایی دەخەنە سەر بڕیارەکانی ڕۆژانە کە پشتگیری لە خۆڕاگریی نشینگەکە دەکرد. بەڵگەکانی بەکارهێنانی پاشماوەی ئاژەڵی وەک سووتەمەنی لە ئاگردانی پێگەکە پێشنیازی خۆگونجاندن لە ناوچەیەکی فرەوانتر دەکەن لەگەڵ زیادبوونی بارودۆخی وشکە ساڵی.
بەڵگەکانی ڕووەکناسیش لە کۆندا پێشنیازی چاندنی ئەو جۆرە دانەوێڵانەیان کردووە کە دەتوانن بەرگەی وشکە ساڵی بگرن، گردی مەتراب دەخاتە ناو تۆڕێک لە کۆمەڵگەکانەوە کە تاقیکردنەوە لەسەر جۆرەکانی بەرهەم دەکەن، لەگەڵ بارانبارینی ناڕێک و گۆڕاودا. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، پاشماوەی ئاژەڵەکان کە بزن و مەڕ زاڵن، دەری دەخەن کە دانیشتوان پشتیان بەستراتیژییەکانی لەوەڕاندن بەستووە کە تەواوکەری کشتوکاڵی باراناوی بووە؛ پێ دەچێت پاشماوەی ئەم ئاژەڵانەیان وەک پێداویستی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و وەک سووتەمەنی بۆ ئاگردانەکان بەکار هێنابێت.
ئەم دۆزینەوانە ئەوە دەردەخەن کە نیشتەجێبوونی گوندنشینەکان تەنیا لایەنێکی لاواز نەبوون کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگە و فشارە دەرەکییەکان جێبەجێ بکەن، بەڵکو شوێنی چاڵاک بوون بۆ تاقیکردنەوە و داهێنان، کە دانیشتوان ستراتیژییەتی بژێویی بەردەوامیان پەرە پێ داوە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ژینگەیەکی سروشتی سەخت و ناجێگیردا بگونجێنن.