مانگی میهرەجانە دێرینەکەی هەولێرێ
مانگی میهرەجانە دێرینەکەی هەولێرێ

هەولێر کاشانێکی گوڵ گوڵییە، لە بنەبانی مێژووەوە تا ئەوڕۆ ڕادەکشێ، یەک لە سەردەمە هەرە دڵگیرەکانی، لە ڕۆژانی فەرمانڕەواییی سوڵتان موزەفەرەدینی گۆکبوریدا بووە، ئەو والییەی مێژوونووسی ناودار ئیبنی قایمازی زەهەبی، بەسوڵتانی دین و دنیا و پاشای مەزن و ساحێبی هەولێر نێوی دەبا.
هەولێر لە یەکێک لە سەردەمە ڕۆشنەکانیدا دەژیا، سوڵتان پیاوێکی خێرومەند بوو، ڕۆژانە نانی بەسەر هەژاراندا دەبەشییەوە، ساڵانە خەڵکی شاری بەرگ دەکردەوە و پارەی پێ دەبەخشین. چوار خانەی بۆ نەخۆش و پەککەوتە و نابینایان دروست کردبوو، دووشەمان و پێنجشەمان بەسەری دەکردنەوە و باسوخواسی دەپرسین.
خانەی ژنان و هێتیمخانەش لەولای بوەستێ، کە تەنانەت ژنی شیردەری بۆ چاودێریکردنی ساوایانی بێ دایک دامەزراندبوو. لە پاڵ چەندین نەخۆشخانە و میوانخانەی خۆڕایی بۆ مێوانانی شار و، دەیان مزگەفت و خانەقا و قوتابخانە و، لانەی بێ نەوا و دەربەدەران.
لەو دەشتە پان و بەرهەراوەی هەولێرێ کە قەڵات وەک تانجی شکۆ، باڵا و سەرکەش وەستابوو، لەو کەشوهەوایە پڕ لە بزاڤ و ڕۆحانییەتەی ئەوان، ڕۆژانە لاپەڕەیەکی تازە لە مێژووی ڕۆژهەڵات بەدەست سوڵتانی شار هەڵدەدرایەوە و لە دەسپێکی حەفتەم سەدەی کۆچیدا، شا موزەفەرەدین بڕیاری دا بەرگێکی تازە وەبەر مێژوودا بکاتەوە و، لە شادمانیی ڕۆحی و ڕەوانیدا نغرۆی بکات و، لە ئاهەنگگێڕان بە یادی لەدایکبوونی خۆشەویست بەرجەستەی بکات.
وا بوو لە ساڵی ٦٠٤ی کۆچی بەرامبەر ١٢٠٧ی زاینی بەفەرمی یەکەم میهرەجانی بەو بۆنەیەوە ڕاگەیاند.
لەوساوە، هەرکە مانگی ڕەبیعی یەکەم دادەهات، هەولێر وەک تازە بووکێ دەخەمڵی و بەژنە زراڤەکەی ئارایشت دەدا. قەڵات بەرز بەرز دەیڕوانی، چرای گەش بە شوورە و دامێنی هەڵدەواسران، دەری کوچە و کۆڵانان بە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ دەڕازانەوە، شار دەبووە پێتەختی ئاهەنگ و زەماوەند، دار و بەردی لەگەڵ ڕووی ئەو خەڵکە دڵباش و مرۆپەروەرە دەشنینەوە.
وەک ئیبنی خولەکان دەگێڕێتەوە؛ لە هەر چوار ئیقلیمان، لە ئێران و تووران، لە عێراق و جەزیرە و شامەوە، مێوان ڕوویان لە هەولێری پەنای ئارامیی دڵان و خانەی لانەوازان دەکرد و ڕۆحەکان پێک شا و ئاشنا دەبوون.
سفرە و خوان لە سەرتاسەری شار ڕادەخرا، سوڵتان فەرمانی دەدا سەدان سەر بەرزە و مەڕوماڵات سەر دەبڕان، مەنجەڵی زنجیری گەورە وەسەر دەنران. خەڵکی شار بەتێکڕا، شان بەشانی مێوانان، هەژار و دەوڵەمەند و دارا و نەدار، لەو خواردنانەیان دەخوارد و خۆشاو و گوشراوی میوەی ئەو ڕەز و باخانەی ویلایەتیان دەنۆشی.
مێژوونووسان دەڵێن، سوڵتان بەخۆی سەرپەرشتیی ئەو خوانانەی دەکرد و ناندینەکانی بەسەر دەکردەوە و لە چاکیی خواردنەکان دڵنیا دەبوو، بەشەقام و بازاڕەکاندا دەگەڕا تا ئەرخەیان بێ لەوەی کەس بێبەش نەبووە، لە وەفیاتی ئەعیاندا هاتووە، ساڵانە سێسەد هەزار دینار لەو خێراتە شاهانەیەدا خەرج دەکرا.
تەنیا خواردن و خێر و خێرات نەبوو، ئەو جوانییەی بەئاهەنگەکانی شار دەبەخشی، بەڵکو ئەو کەشوهەوا ڕۆحییە بوو کە لەو یادەدا دەهاتە ئارا. ڕۆژانە کە ڕۆژ ئاوا دەبوو، چراکان دەئایسان، شیعر و ستایشی پێغەمبەر لە گۆڕەپانەکاندا دەخوێنران، بە یادی خۆشەویست سەدای دەنگخۆشان ئەو جیهانەی دەخستە خرۆشان. قەسیدە لەسەر مینبەران دەخوێندرانەوە، سۆفییەکان سروودیان دەچڕی و جەزبەیان دەگرت و بە سەمایەکی ڕۆحیدا بەرەو ئاسمان هەڵدەکشان، چاوی ئەو ئاپۆڕا دڵگەرم و نازدارەش فرمێسکی سۆزی تێ دەزا. لە هەولێری موزەفەرەدین، یادی مەولوود وێنەیەکی زیندوو بوو لە ئاوێزانبوونی ئاین و ژیاندا؛ دەیان پەند و ئامۆژگاری لەسەر خۆنەویستی و خۆشەویستی تێدا دەور دەکرایەوە، پاشان تەهلیلە دنیای دادەگرت، دەتگوت هەولێر لەو شەوانەدا، دەبێتە میحرابێکی بەرفراوان و نوێژی شادمانی و ڕەنگاوڕەنگی کۆمەڵایەتیی تێدا دەکرێت.
لەو ڕۆژانەدا هەولێر شانۆی دیمەنێکی کۆمەڵایەتی بوو؛ کۆڵانەکانی پڕ ئاهەنگ، گۆڕەپانەکانی لە شەپۆڵی مرۆڤ جمەی دەهات، گومبەتە بەرزەکانی کوتاڵی نیگارباشی نەخشاویان تێ ئاڵابوو، بەر و بازاڕەکانی بەهاتوچۆی غەریبە و میوانان دەبووژایەوە.
مەولوود تەنیا بۆنەیەک نەبوو، بەڵکو زەماوەندێکی ئاسمانی بوو کە لە ڕێگەی سرووتێکی ئاینییەوە، دەیان وانەی مرۆیی پێشکێش دەکرد، سەخاوەت ئاوێزانی ڕۆحانییەت دەبوو، تا خودی هەولێر بوو بەو قەسیدەیەی کە دەستەکان بە سەخاوەتەوە دەیاننووسییەوە و دڵەکان بە سوخەتە جوانەکانی خۆشەویستەوە ئاهەنگیان بۆ دەگێڕا.
بەم جۆرە هەولێر ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە ساتی تێپەڕبوونی مێژووەکەی نەک تەنیا ڕواڵەت، بەڵکو توانیویەتی ڕۆحیش بپارێزێت. کەسایەتییەکی مرۆپەروەر و خاکپەروەر و سپی لە باوەشی هەولێردا گووراوە، ئەو نەریتەش لە هەولێرێوە سەری هەڵداوە و بەچەندین وڵاتی جیهاندا چەکەرەی کردووە و تا ئەوڕۆ بەردەوامە.
یاد و یادگاریی ئەو ڕۆژ و بۆنەیەش لە تۆماری ئەشعاری زۆر لە بوێژ و شاعیراندا یادی کراوەتەوە و لەسەر دەستی ڕەشاد موفتی قازیی هەولێرێ و مەلا خدری دەشتی و چەندین شاعیری دی بەکوردی هۆنراوەتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved